پزیشکی گشتیی ئەمریکا: زۆریی تاوانەکانی کوشتن بە دەمانچە قەیرانێکی بەردەم تەندروستیی گشتییە

01-07-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە نوێترین راگەیەندراویدا پزیشکی گشتیی ئەمریکا کوشتن بە چەک بەوە دەناسێنێت کە مەترسییەکی بەردەم تەندروستیی گشتییە و دەڵێت: بەکارهێنانی چەک لەنێو منداڵ و نەوجەواناندا بەرزبووەتەوە.
 
د. ڤیڤێک مۆرتی، پزیشکی گشتیی ئەمریکا دەڵێت: لە ساڵی 2021 رێژەی قوربانییانی تەقەکردن گەیشتە لووتکە بەراورد بە سێ دەیەی رابردوو، هەروەها بەراورد بە 20 ساڵی رابردوو حاڵەتەکانی خۆکوشتن بە چەک زیادیان کردووە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا د. ڤیڤێک مۆرتی دەشڵێت: ''کوشتن و خۆکوشتن بە چەک بووە بە هۆکارێکی سەرەکیی گیانلەدەستدان لەنێو منداڵ و نەوجەوانان دا''.
 
هاوکات ئاماژە بە ناڕێکییە دەروونییەکان دەکات کە پەیوەندییان لەگەڵ تەقەکردن و کوشتن بە چەکەوە هەیە و دەڵێت: ''دەشێت دوای رووداوەکە ببێتەهۆی خەمۆکی، دڵەڕاوکێی بەردەوام و گوشاری دەروونیی درێژخایەن کە بە تەنگەژەی دەروونیی دوای رووداوەکان ناسراون''.
 
لە کۆتایی قسەکانیشیدا پێشنیاز دەکات، لە قوتابخانەکان و ناوەندە پەروەردەییەکان رێنوێنیی تایبەت بە رێگریکردن و مامەڵەی دروست لەگەڵ چەک دا بکرێت و وانەی تایبەت بە دەرووندروستی بخوێندرێت، تاوەکو منداڵ و نەوجەوانان بەکارهێنانی چەک کەمبکەنەوە و کۆنتڕۆڵی دەروونیان بکەن.
 
تەنانەت ئاماژە بەوەش دەکات کە کوالێتیی چارەسەرەکان بەرزبکرێنەوە بۆ ئەوانەی تووشی تەنگەژەی دەروونیی دوای رووداوەکان دەبن بەتایبەت دوای تەقەکردن، چونکە هەر یەک لە ئەنجامدەرانی کارەساتە خۆکوژی و تووندوتیژییەکان بە چەک، پێویستی بە دووبارە شیاندنەوەی دەروونی هەیە.
 
ئامارەکانی ئەمریکا دەریدەخەن، لە ویلایەتی ئارکەنساس لە ئەمریکا رێژەیەکی زۆر لە رووداوی کوشتن تۆماردەکرێت، بەجۆرێک لە ساڵی 2022 لەکۆی 100 هەزار کەس، 22 کەس بە چەک کوژراون کە ئەم رێژەیە لە ئاستی جیهانی زۆر زیاترە کە 14.5 کەسە لە 100 هەزار کەس.
 
تەنانەت لە ویلایەتەکە بەهۆی تاوانەکانی کوشتن بە چەک لەنێو منداڵاندا؛ 8.7 منداڵ بووە لە 100 هەزار کەس، لەکاتێکدا رێژەی جیهانی 5.3 منداڵە لە 100 هەزار کەس.
 
بەپێی سکووڵی جۆن هۆپکینز بلوومێرگ بۆ تەندروستیی گشتیی، لە 2022، زیاتر لە 48 هەزار کەس لە وڵاتەکە بە چەک کوژراون، کە دەکاتە کەسێک لە هەر 11 خولەکێکدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە