بەدخۆراکی مەترسی لەسەر ژیانی منداڵانی سوودان درووستدەکات

رووداو - تەندروستی 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، ژیانی منداڵانی سودان لە مەترسییە و پێویستە کرداری بەپەلە بۆ پاراستنی تەواوی ئەم نەوەیە لە بەدخۆراکی، نەخۆشی و مردن بگیرێتە بەر. 
 
لە راگەیێندراوێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دا هاتووە، بەدخۆراکی منداڵان لە سودان لە ئاستێکی نائاسایی دایە و بەهۆی ئاوارەبوونی زۆری دانیشتووان، سودان رووبەڕووی برسیێتی، ئەستەم دەستگەیشتن بە خۆراکی بەسوود، کەمی ئاوی پاکی خواردنەوە و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی بووەتەوە.
 
تێدرۆس ئادهانۆم سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ''بەدخۆراکی زیان بە گەشەکردنی جەستەیی و ژیری دەگەیێنێت، ئەگەری مردن بەهۆی نەخۆشییە درمەکانەوە زیاددەکات”. 
 
بە پێێ ئامارەکانی ئەم رێکخراوە، بەدخۆراکی منداڵان لە سودان لە ئاستێکی مەترسیداردایە بە جۆرێک، لە ناوەڕاستی دارفۆر بەدخۆراکی توند بە 15.6% لە نێوان منداڵانی خوار تەمەنی 5 ساڵدا مەزەندە دەکرێت و لە کەمپی زامزام نزیکەی 30%ە. 
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوەش دەکات، بەدخۆراکی مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات، منداڵانی نەخۆش بە ئاسانی تووشی بەدخۆراکی دەبن و منداڵانی بەدخۆراکیش بە ئاسانی نەخۆش دەکەون و ئەگەری مردنی منداڵانی بەدخۆراک 11 هێندە زیاترە لە چاو منداڵێکی خۆراک دروست.