تەندروستی سلێمانی: رۆژانە 5 بۆ 12 منداڵ تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک دەبن

01-05-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژانە لە سلێمانی لانیکەم پێنج منداڵ تووشی هەوکردنی پەردەی مێشك دەبن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هەڵەبجەش دەڵێت، "تووشبوون لە زیادبووندایە."
 
رۆژی دووشەممە 01-05-2023 دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەفتەی رابردوو سەروو 50 کەیسی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان تۆمار کراوە؛ ژمارەکە رۆژانە دەگۆڕێت. رۆژانە نزیکەی 20 بۆ 25 منداڵ پشکنینیان بۆ دەکرێت کە 5 بۆ 12یان پۆزەتیڤ دەبن."
 
رۆژی یەکشەممە لە نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان 18 منداڵ پشکنینی هەوکردنی پەردەی مێشکیان بۆ کراوە و بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، حەوتیان پۆزەتیڤ بوون. ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان ڤایرۆسییە و دەگوازرێتەوە؛ جاری وا هەبووە بەهۆی یەک منداڵەوە چەند منداڵێکی دیکەی ئەو خێزانە تووشبوون."
 
لەبارەی ژمارەی ئەو  منداڵانەی لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێت، "سەروو 70 منداڵ لە نەخۆشخانەکە هەن کە تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشکن. ئەو ژمارەیە بەردەوام دەگۆڕێت، چونکە رۆژانە ژمارەیەک تووشبوو نەخۆشخانە جێدەهێڵن و ژمارەیەکی نوێ دەخەوێندرێن، بەڵام بەگشتی ئەوانەی لە نەخۆشخانەن، دۆخی تەندروستییان جێگیرە."
 
هەوکردنی پەردەی مێشک یەکەمجار لە هەڵەبجە دەرکەوت و بەهۆیەوە ژمارەیەک منداڵ گەیێندرانە نەخۆشخانە، هەندێکیان هێشتا لەژێر چارەسەر و چاودێریدان و دواتر لە سلێمانیش تووشبوون بەو نەخۆشییە تۆمار کرا.
 
دکتۆر ئازاد مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ڵه‌بجه بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەڵەبجە زیاتر لە 50 کەیسی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان تۆمار کراوە. بەگشتیش ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانەن، تەندروستییان جێگیرە. هەموو رۆژێک لانیکەم پێنج تووشبوو تۆمار دەکرێن."
 
لەبارەی دابینکردنی دەرمان بۆ تەندروستیی هەڵەبجە، دکتۆر ئازاد مسته‌فا باسی لەوە کرد، "هیچ بڕە بودجەیەکی 2023مان بۆ خەرجنەکراوە، دەرمانیش زۆربەی خێرخوازان و کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان دابینی دەکەن لە کاتێکدا دەبوو لە دۆخێکی وەکو ئێستادا بەپەلە پارەمان بۆ خەرج بکرێت."
 
هاوکات دکتۆر حارس محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کۆی 64 منداڵی نەخۆشی نێو نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار، 30 منداڵیان لە پشکنین دەرکەوتووە تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون، ئەو کەیسانەش رۆژانە دەگۆڕێن؛ بە نموونە دوێنێ لە کۆی 12 پشکنین شەش حاڵەتی پۆزەتیڤمان هەبووە."
 
لەبارەی رەوشی تەندروستیی کەلار، دکتۆر حارس محەممەد گوتی، "بارودۆخی تەندروستی زۆر خراپە و کێشەی دەرمان و دابینکردنی پێداویستیی پزیشکی هەیە، بەشێک لە خێرخوازان دەرمان بۆ نەخۆشخانەی قەڵا دابین دەکەن کە ئێستا بەشێکی تایبەتە بە منداڵان، بەڵام بەگشتی نەخۆشخانەکانی دیکە گرفتی دەرمان و پێداویستیی پزیشکییان هەیە."
 
نیشانە دیارەکانی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵی خوار تەمەنی 3 مانگ بریتین لە:
 
- کەمبوونەوەی شیرخواردن.
- رشانەوە.
- نیگەرانی و بێزاری و گریانی زۆر.
- تای بەرز.
- دابەزینی پلەی گەرمیی لەش و بێهێزبوون.
- هاتنە دەرەوەی مەڵاشو.
 
ئەو نیشانانە لە منداڵی گەورەتر بریتین لە:
 
- رشانەوەو دڵ تێکهەڵاتن.
- سەرئێشە.
- نیگەرانبوون بە رووناکی.
- نیگەرانی و بێزاری.
- تای بەرز کە رەنگە ببێتە هۆی گەشکە.
- رەقبوونی مل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە