رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە نەرویج چەند سوودێکی ژیانی هاوژینی دەردەخات و بە یەکێک لە هۆکارەکانی پێشگیریکردن لە گۆشەگیری و تەنیابوونی کۆمەڵایەتی دایدەنێت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەش رایدەگەیێنێت، ئەوانەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوەیان کەمترە و شێوازی ژیانیان تەندروستترە.
پەیمانگەی تەندروستیی گشتیی نەرویج لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرای دەکات، ژیانی هاوژینیی تەندروست و دڵخۆش دەبێتەهۆی پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هاوکات دەرووندروستیش پێشدەخات.
لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی هەشت هەزار و 706 کەس بەکارهاتووە، بەجۆرێک بەشێکی بەشداربووان تووشبووی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە بوون و بەشێکی دیکەش دووچاری نیشانەکانی هاوشێوەی لەبیرچوونەوە وەکو "لاوازی لە بیرهاتنەوە و فێربوون''بوون، سەرئەنجام دەرکەوت، زۆرینەی ئەوانەی تووشی نیشانە و نەخۆشیی لەبیرچوونەوە هاتبوون لەو کەسانەبوون کە سەڵت یاخود لە هاوژینەکەیان جیابووبوونەوە.
هەروەها توێژینەوەکە دەریدەخات، بەشێوەیەکی گشتی هاوژینەکان رێژیمی خۆراکیی باشتر و شێوازی ژیانی گونجاوتریان هەیە، کۆمەڵەی دڵ و لوولەکانی خوێن لە بەریتانیا رایگەیاندووە، هاوژینەکان بەراورد بە کەسانی سەڵت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیان کەمترە.
دکتۆر ڤێگارد سکیربێرگ، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ لە پەیمانگەکە و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''کاریگەرییەکانی تێکەڵاویی کۆمەڵایەتیی هاوژینەکان بەتایبەت دوورکەوتنەوە لە گۆشەگیری و تەنیابوون هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی لەبیرچوونەوە.''
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، ژیانی هاوژینی سوودی بۆ هەردوو رەگەزەکە دەبێت، بەجۆرێک لە گۆشەگیری و تەنیایی دووردەکەونەوە و لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە گەشەدەکەن.
لە بارەی دەرووندروستیی هاوژینەکانەوە دکتۆر ڤێگارد دەڵێت: ''پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی مەترسییەکانی تەنیا بوون دەرووندروستی زیاددەکەن، بەمەرجێک ئەگەر هاوژینەکان ژیانێکی تەندروست و دوور لە کێشەیان هەبێت.''
دکتۆر کارلا ماری، پزیشکی دەروونی لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا پشتڕاستی دەکاتەوە، ژیانی هاوژینی بە بنەمای دڵخۆشبوون و پاڵپشتیکردنی حەز و خولیاکانی یەکتر کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەرووندروستی دەبێت.
هەرچەندە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، گوشاری دەروونی بەشێکە لە ژیانی تاک، بەڵام بە گوتەی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەی نەرویج، پێکهێنانی ژیانی هاوژینی هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی، هاوکات توێژینەوەیەکی زانکۆی شیکاگۆ لە ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە، هۆرمۆنی کۆرتیزۆل کە هۆرمۆنی گوشار و دڵەڕاوکێیە لەو کەسانەی ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە کەمتر بەرهەمدەهێندرێت.
پەیمانگەی پزیشکی کالیفۆڕنیا لەبارەی رۆڵی پڕۆسەی هاوژینی و شێرپەنجە رایدەگەیێنێت، بەشێوەیەکی گشتی ئەو تووشبووانەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە بەراورد بە سەڵتەکان تەمەنیان درێژترە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە باری دارایی و پاڵپشتیی کۆمەڵایەتییان زیاترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ