رووداو - تەندروستی
تادێت ژمارەی وڵات زیاددەبێت کە قەدەخەی جگەرە و ڤەیپ دەکەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لە هەرێمی کوردستان رێکاری لەو شێوەیە نەگیراوەتە بەر و ساڵانە ژمارەی بەکارهێنەرانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ زیاددەکات.
لەمڕۆوە لەبەلجیکا هەموو جۆرە ڤەیپ و جگەرەیەکی ئەلکترۆنی قەدەخەدەکرێت، بەلجیکا دەبێتە یەکەم وڵات ئەو کارە بکات لە ئەورووپا، ئامانجەکەی گەیشتنە نەوەیەکی بێ تۆباکۆ لە 2040دا و پاراستنی گەنجانی ئەورووپایە لە داهاتوودا، ئێستا ٪25ـی دانیشتووانی 27 وڵاتەکەی ئەورووپا جگەرەکێشن هەندێک وڵاتی دیکەش پلانی تۆکمەیان داناوە لەوبارەوە.
بەرپرسانی بەلجیکا دەڵێن، منداڵ، نەوجەوان و گەنج بە تامە "خۆشەکانی ڤەیپ" هەڵنەخەڵەتێن.
نۆرا مێلارد، گوتەبێژی هاوپەیمانی کۆمەڵگەی بێ تۆباکۆ لە بەلجیکا دەڵێت: "کێشە ئەوەیە خەڵك ڤەیپ بەکاردێنێت نازانێ چی لەنێویدایە، کێشەی لەوە گەورەتریش ئەوەیە کە گەنجان لە نیوەشەودا هەڵدەستنەوە بۆ قومێکی ڤەیپ، ئەوەش مەترسیدارە.''
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە 2023 لە ئەورووپا کرا، بەکارهێنەری ئەو ڤەیپانەی بۆ یەکجار بەکاردێن و ژمارەی دیاریکراوی کێشانیان هەیە لە نێو گەنجاندا بەتایبەت 15 بۆ 24 ساڵان زیادبوون و هۆکارەکانیش ئەمانەن؛
- بەکارهێنانی ئاسان
- زۆری ژمارەیان
- دەستکەوتن و شاردنەوە بە ئاسانی
- کەمیی نرخ
رێکارەکان لە ئەمریکا دژی ڤەیپ
لە ئەمریکا دەزگای خۆراک و دەرمان FDA کۆمەڵێک رێکاری لەوبارەوە پەسندکردووە بەرامبەر بەکارهێنان، فرۆشتن و بازرگانی بە ڤەیپەوە؛ لە کالیفۆرنیا فرۆشتنی بەرهەمەکانی ڤەیپ قەدەخەیە، لە ئەرکانساس فرۆشتنی ئۆنڵاینی ڤەیپ قەدەخەکراوە و رێگەپێنەدراوە؛ لە ویلایەتی جۆرجیا رێگە بە بازرگانیی ئۆنڵاین نادرێت و فرۆشتنی ئۆنڵاینی ڤەیپ قەدەخەیە؛ لە هاوای، ماساچوسێتس و نیبراسکا، لە هەموو ئەو ناوچانە فرۆشتنی ئۆنڵاینی بەرهەمەکانی تووتن و ڤەیپ قەدەخەیە.
لە کوردستان دەستکەوتنی ڤەیپ و جگەرە ئاسانە و کۆنتڕۆڵی لەسەر نییە
لە بەدواداچوونێكی فەرهاد دۆڵەمەڕی دا کۆمەڵێک گەنج دەبینن لە پارکێکی بچووک دانیشتوون جگەرە دەکێشن، تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 17 ساڵیدایە، ئەو گەنجانە قسە بۆ رووداو دەکەن، یەکێکیان دەڵێت: "برادەرم فێری کردم".
ئەو گەنجانە قوتابین هەندێکیان ڤەیپ دەکێشن، خاڵێکی دیکەی مەترسیدار باسدەکەن، ''لە پۆلەکەم لە 48 قوتابی نزیکەی 30 قوتابی جگەرە و ڤەیپ دەکێشن''.
نەبوونی چاودێری و کۆنتڕۆڵ بەسەر ڤەیپ و جگەرە کێشەیەکی گەورەی خەڵکە، بەتایبەت بۆ گەنجان، رێنمایی و یاسا هەیە بەڵام جێبەجێ ناکرێت و خەڵک پێوەی پابەند نابن.
ساڵی 2023 رووداو هەڵمەتێکی لەبارەی ڤەیپ کرد، دوای بەدواداچوونەکەی رووداو ڤەیپ لە بازاڕەکان قەدەخەکرا، بەڵام ئێستا لە بەدواداچوونی رووداودا دەرکەوتووە بە نهێنی دەفرۆشرێت و هەندێک جاریش بەهۆی نەبوونی چاودێرییەوە بە ئاشکرا دەفرۆشرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ