FDA دەرمانێکی نوێ بۆ نەخۆشیی ئەیدز پەسنددەکات

رووداو – تەندروستی

دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا دەرمانێک دژی ڤایرۆسی نەخۆشیی ئەیدز پەسنددەکات و رایدەگەیێنێت، دژەڤایرۆسەکە بۆ ئەو تووشبووانە بەکاردێت کە جەستەیان بەرگریی دژی دەرمانەکانی ئەیدز پەیداکردووە.
 
دەرمانەکە بە ناوی سەنلێنکا 'Sunlenca'ـیە و لە گرووپی دەرمانە دژەڤایرۆسییەکانە، لە لایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە بەرهەمدەهێندرێت، رێگری لە بەیەکبەستنی پڕۆتینەکانی ڤایرۆسەکە لەگەڵ وەرگرەکانی سەر جەستە دەکات، بەمەش سووڕی ژیانی ڤایرۆسەکە تێکدەدات و ژمارەی کەمدەکاتەوە.
 
دژەڤایرۆسەکە لە تاقیکردنەوەیەکدا لەسەر 72 تووشبووی ئەیدز بەکارهات کە بەرگرییان بۆ سەرجەم دەرمانە دژەڤایرۆسییەکان دروستکردبوو، دەرکەوت ئەوانەی دژەڤایرۆسی سەنلێنکایان لەماوەی 14 رۆژ بۆ بەکارهاتووە، بەڕێژەی 87.5٪ تووندی ڤایرۆسەکەیان لەسەر کەمبووەتەوە.
 
دەزگای FDA رایدەگەیێنێت، دەرمانی سەنلێنکا بە شێوەی دەنکۆڵە و دەرزیی ژێر پێست بەردەستدەبێت و ئەمساڵ لە زۆرترین ئەو وڵاتانەی تووشبووانی ئەیدزیان هەیە بەکاردێت، هەروەها پێشنیاز دەکات بە تێکەڵی لەگەڵ دەرمانە دژەڤایرۆسەکانی دیکە بەکاربێت.
 
دکتۆر جین میشێل، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی سانت لویس دەڵێت: ''ئەم دەرمانە بۆ ئەو کەسانەی جەستەیان بەرگریی دژی دەرمانە دژەڤایرۆسییەکانی ئەیدز پەیداکردووە بەسوودە، بەڵام دەبێت سەرەتا لەوە دڵنیا ببینەوە کە جەستەیان بەرگریی دژی دەرمانەکانی دیکەی ئەیدز پەیداکردووە.''
 
لە کۆتاییدا FDA هۆشداری دەداتە پزیشکان لە بەکارنەهێنانی دەرمانەکە وەکو چارەسەری سەرەتایی بۆ تووشبووان و تەنانەت قەدەخەی بەکارهێنانی دەرمانەکە وەکو رێگەیەک بۆ پێشگیریکردن لە تووشبوون بە ئەیدز دەکات.