هێزی سێکس

01-01-2020
ئاراس برادۆستی
ئاراس برادۆستی
نیشانەکردن سێکس
A+ A-
کەسێک خووێکی ناتەندروستی هەبوو، پێیمگوت واز لەو خووە بێنە چونکە کواڵیتی ژیانت دادەبەزێنێت، ناهێڵێت وەکو کەسێکی ئاسایی ژیان بەسەرببەیت، راستە تۆ هەستی پێناکەی چونکە لەگەڵ نەهامەتییەکانی پەیوەست بە خووە ناتەندروستەکە راهاتوویت، بەڵام ئەگەر لەو ئازار و زەحمەتییانە رزگارتبێت ئینجا باشتر تامی ژیان دەکەی، ئینجا باشتر دەزانی ژیاندروستی چییە، رەنگە قسەکانم کاریگەری هەبووبێت بەسەرییەوە بەڵام ئاسان نەبوو ئەو بڕوایەی بۆ دروستبکەم کە دەبێت وازبهێنێت و شیرینی ژیان بەسەر تاڵییەکەی هەڵبژێرێت.
 
بۆیە بە هەمان کەسم گوت وازبێنە چونکە خووە ناتەندروستەکە سێکست لاوازدەکات، هەڵوەستەیەکی کرد و وەک گەڵای شۆڕەبی داچۆڕایە نێو بنج و بناوانی بابەتەکە، چونکە نەیدەتوانی ئەوە قەبووڵبکات کە توانا سێکسییەکانی لە داهاتوودا لاوازدەبن، گوتی دکتۆر ئەوە بەڕاستتە؟ منیش چەند خاڵێکی دیکەم بۆ زیادکردن کە هەموویان پەیوەندییان بە ستایلی ژیانی تەندروست هەیە و یەکێک لە سوودەکانیشیان بە بەهێزی هێشتنەوەی توانا سێکسییەکانە، ئەویش دانیشت و گوێچکەکانی بۆ قلۆرکردبووم؛
 
یەکەم ؛

 

وەرزش و جووڵە

 
تۆزێک ورگی هەبوو، گوتم خەپە گیان وەرزش دەکەیت؟ گوتی نەوەڵڵا بەڵام پیادەڕەویم زۆرە، پێیمگوت وەرزش بەتایبەتی ئەگەر وەرزشێکی رێکخراو بێت، ئارەزووی سێکسکردن چەند هێنددەکات، توانا سێکسییەکان دەگەشێنێتەوە چونکە لێشاوی خوێن بۆ کۆئەندامی زاوزێ زۆردەکات، بەمەش توانای رەپبوونی چووک و ماوەی مانەوە لە سێکس زیاددەکات، ئەمە بۆ خانمانیش دروستە..
 
گوتی دکتۆر وەرزشی رێکخراو چییە؟
 
وەڵامێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانیم بۆ هێنایەوە کە دەڵێت وەرزشی رێکخراو واتە رۆژانە 30 خولەک و هەفتانە پێنج رۆژ وەرزشێکی رێک و ماندووکەر، پێیمگوت خرپن گیان دەتەوێت تەنیا پیادەڕەوی بکەیت و سوودی دنیای لێوەرگری؟ نا، دەبێت وەرزشێکی باش بکەیت..
 
دووەم؛
 
خۆراکدروستی
لێیمپرسی نەوسنی؟ گوتی ئەرێوەڵلا لە ژیانمدا تێرم نەخواردووە و هەموو شتێکیش دەخۆم، ئەمەش وەڵامی من؛
تا حەزت لە خۆراکی ناتەندروست بێت، چاوەڕێی هەڵکشانی توانا سێکسییەکانت مەکە، خۆراکی دروست یەکێک لە رێگە زۆر خێراکانە بۆ تەندروستبوونت بە گشتی و بەهێزکردنی توانا سێکسییەکانت بەتایبەتی.
گوتی دکتۆر ئەی بە دیاریکراوی کام جۆری خۆراک بۆ سێکس باشن؟ پێیمگوت خەیاڵت خاوە ئێستا پێتیبڵێم، بەرنامەیەکی تەواوی لەسەردەکەم، بەرنامەکە ببینە.
 
سێیەم؛
 
گوشاری دەروونیت کەمبکەوە
ئەو هاوڕێیە وەکو هەر تاکێکی ئەم وڵاتەی ئێمە دەروونی سەقامگیر نییە، هەزار شتی بەیەکەوە لە خەیاڵە، پێیمگوت باری دەروونیی شڵەژاو و گوشاری دەروونی لێدانەکانی دڵ زیاددەکەن "بە شێوەی خراپ"، پەستانی خوێن بەرزدەکەنەوە، ئەمەش حەز و توانا سێکسییەکان دادەبەزێنێت، دەبێت دەروونت سەقامگیربکەیت و ئەوەندە بیرنەکەیتەوە، گوتی ئەگەر هەر نەمتوانی، گوتم وەرزش دەرمانی دەردانە!
 
چوارەم؛
 
دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە
 
پێیمگوت بە چەندین توێژینەوەی زانستی یەکلاکەرەوە سەلمێندراوە کە جگەرەکێشان کاریگەری راستەوخۆی بەسەر توانا سێکسییەکانەوە هەیە، رێژە و توانای رەپبوونی چووک کەمدەکاتەوە چونکە لێشاوی خوێن بۆ کۆئەندامی زاوزێ دادەبەزێنێت، ماوەی مانەوە لەنێو سێکسیش لاوازدەکات، واتە پیاوەکە زووتر دەگاتە ئۆرگازم، دەرکەوتووە بەشداربووە جگەرەکێشەکانی توێژینەوە پزیشكییە جیهانییە ئاستبڵندەکان نەک تەنیا توانایان کەمترە بە بەراورد بە هاوتاکانیان، بەڵکو حەزیشیان بۆ سێکس زۆر کەمترە.
 
لە چاوەکانی دەمزانی پرسیاری هەیە، گووتم چیت لە مێشكە بیڵێ، گووتی ئەرێوەڵلا ئەی بۆچی فڵانە کەس دوێنی منداڵێکیان بوو و جگەرەکێشیشە؟ گوتم ئەمە باسی منداڵبوون نییە، ناڵێم بە تەواوی نەزۆکی دەکات "هەرچەندە توێژینەوە هەن باس لەمەش دەکەن"، دەڵێم توانا سێکسییەکانی کەمدەکاتەوە، بەڵام ئەمە تۆ نایزانیت، خانمەکەی دەیزانێت! 
 ئەمە بۆ خانمانیش دروستە.
 
پێکەنی، ئینجا گوتی ئەی نێرگەلە کاریگەری هەیە؟ بێگومان کاریگەرییەکەی لە جگەرە زیاترە، بەڵام لە مەودای دوورتر دەردەکەوێت، ئەنجامی ترسێنەری توێژینەوەی پزیشکی هەیە کە باس لە پەیوەندیی نێوان نێرگەلە و نەزۆکیی خانمان دەکات.
 
پێنجەم؛
 
دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان
پێیمگوت لەگەڵ کحول چۆنی؟ گوتی شوکر نایخۆمەوە، ئینجا ئەمەم هەر بۆ باسکرد؛
رێژەی زۆری خواردنەوە کحولییەکان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری درێژخایەنی بەسەر توانا سێکسییەکانەوە هەیە، ئەمەش بە چەندین توێژینەوەی پزیشکیی باوەڕپێکراو سەلمێندراوە، چونکە لوولە خوێنەکان تەسکدەکاتەوە، بەمەش لێشاوی خوێن بۆ چووک دادەبەزێنێت، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ کەمبوونەوەی توانا و رێژەی رەپبوونی چووک، ئەمە بۆ خانمانیش دروستە!
 
شەشەم؛
 
خەوڕێکی
لێیم پرسی شەوانە کاژێر چەند دەخەویت، گوتی زوو دەخەوم، ئاخر زوو واتە کاژێر چەند؟ وەڵڵا دکتۆر کاژێر 1 دەچمە نێو جێگە و بۆ 1 و نیو بە دڵنیاییەوە خەوتووم، ئا ئا خەوم رێکە، ئەمەش تێبینییەکانی من؛
خەوی رێک و دروست کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر جەستە و دەروون هەیە، لە هەموو لایەنەکانەوە دەتبووژێنێتەوە، سێکسیش لە سوودمەندە هەرە سەرەکییەکانی خەوڕێکییە.
 
گوتی بۆ پێتوایە خەوی من ناڕێکە؟ ئەی خەوی رێک چۆنە؟
 
خەوی رێک واتە لایەنیکەم دەبێت پێش کاژێر دوازدەی شەو خەوتبێتی و لە 7 کاژێر کەمتر نەخەوی، واتە شەوان زوو بخەویت و بەیانیان زوو هەڵسیت، تۆ تاوەکو کاژێر 2ی شەو بە دیار مۆبایلەکەتەوە دانیشتوویت و دەشتەوێت توانا سێکسییەکانت باش بکەی، مەحاڵە..
لە ژێر لێوەکانی پرسیارێکی پڕ شەرمی هەڵگرتبوو، گوتم دەی دەی بیڵێ، گوتی ئەی ئەگەر زوو بخەوم کەی سێکس بکەم؟ گوتم ئینجا خۆ ئەو جەدوەلەشت بۆ دانانێم، خۆت رێکیبخە!
 
ئەو هاوڕێیەم لەو رۆژەوە هەموو خاڵەکان جێبەجێدەکات، دوێنێ هات و ماچێکی کردم، گوتم خێر؟ گوتی وەڵڵا وەزعم زۆر باشە زۆر سوپاستدەکەم، منیش گوتم یاخوا خێری لێببینی ..
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە