وەسێتنامەی کەریم بەختیاری لە نەخۆشخانەوە: زۆرم حەز لێیە زیاتر بژیم و گەورەبوونی کیژەکەم ببینم


رووداو دیجیتاڵ 

پێش ئەوەی بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا گیان لەدەستبدات، کەریم بەختیاری وەسێتنامەیەک دەنووسێت و دەڵێت: شێرپەنجە بۆ ئەو "بیماری نەبووە و بێداری بووە." هاوکات حەزی خۆی بۆ کەمێک ژیانی زیاتر ناشارێتەوە تاوەکو "گەورەبوونی کیژەکە"ـی ببینێت و دایکی جگەرسووتاو نەکات.
 
کەریم بەختیاری، رۆژنامەڤانێکی خەڵکی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو و لە ماوەی رابردوودا لە شاری لیزبێرگ لە ویلایەتی ڤێرجینیا دەژیا. لەبارەی تووشبوونی بە شێرپەنجە و مانەوەی لە نەخۆشخانە نووسیویەتی: شەش ساڵ زیاترە تووشی ئەو نەخۆشییە بووە، "زۆری ئازار دام، بە تایبەت ئەم دوو ساڵەی ئەخیر و ئەم چەن مانگەی دوایی، بە مانای واقیعی کەلیمە ئەشکەنجەی داوم! بۆیە ئەگەر لەم رەنجە رزگارم بوو، خەم مەخۆن تکایە و خۆشحاڵیش بن!"
 
لە دەستپێکی وەسێتەکەیدا هاتووە، "ئێستا نیوە شەوە لای من، لەسەر تەختەکەم درێژ بووم و دایکم لە تەنیشتە و ھەر بە ھەناسەی سارد بۆم دەپاڕێتەوە! جگە لە رووحمی خوا و موعجیزە، ھیچ رێگایەکی دیکەم لەبەر نەماوە."
 
پاشان باسی دۆخی خۆی دەکات و دەنووسێت: "ئەمڕۆ پاش چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، جواب کرام و تەواوی دەوا و دەرمانەکانیشیان راگرت و منیان نارد بۆ شوێنێک بە ناوی ھاس پیس کە لە راستیدا ئاسایشگایەکی زۆر خۆش و پاکوخاوێنە، بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشانەی دەگەنە ئەو حاڵەتە، کات و ساتی کۆتایی ژیانیان لەوێ بە ئارامی بەسەربچێت."
 
کەریم بەختیاری وەسێتنامەکەی لە 9ـی ئەم مانگە نووسیوە و لە 30ـی مانگ کۆچی دواییکردووە. لە بەشێکی دیکەیدا دەڵێت: "زۆرم حەز لێیە زیاتر بژیم و گەورەبوونی کیژەکەم ببینم، حەزناکەم بە کۆچم دایکم جگەرسووتاو بکەم و دڵی خوشک و برا و دۆستانم بریندار بکەم، بەڵام ئەگەر نەبوو ئیدی نابێ خۆ بە زۆر نییە."
 
لە دوایین دێڕی وەسێتنامەکەیشیدا نووسیویەتی: "برایانە داواتان لێدەکەم لەسەرخۆبن، ئارام بن، قەدری خۆتان و کەسوکارتان و ژیانتان بزانن، هەوڵ بدەن لە تەواوی ساتەکانی ژیانتان بە باشی سوود وەربگرن."