بەختیار عەلی: رۆمانە نوێکەم بەبێ وەرگرتنی ژمارەی سپاردن چاپدەکەم
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێدانی ژمارەی سپاردن بە کتێب ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە، بەختیار عەلی، نووسەر و رۆماننووسی کوردیش رایدەگەیێنێت، بۆ یەکەمجار و وەک دەربڕینی ناڕەزایی، رۆمانێکی نوێی بەبێ وەرگرتنی ژمارەی سپاردن چاپدەکات.
لە بڕیارەکەی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە، "پێدانی ژمارەی سپاردن ئەرکێکی گەورە و لێپرسراویەتی رۆشنبیری و ئەخلاقییە، بۆیە لەدوای دەرچوونی ئەم فەرمانە بەشێوەیەکی مەرکەزی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانەوە دەدرێت".
بەختیار عەلی لە وتارێکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارەکە "بە روونی هەوڵێکی راستەوخۆیە بۆ زیندووکردنەوە و سەپاندنەوەی سیستەمی سانسۆر بەسەر کتێب و چاپەمەنیدا". دەشڵێت، "دەبێت بێ هیچ گفتوگۆ و قسە لەسەر کردنێک لەلایەن هەموو رۆشنبیران و دەزگەکانی بڵاوکردنەوە و چاپخانەکانەوە بە یەک دەنگ رەتبکرێتەوە و جێبەجێ نەکرێت".
ئەو نووسەرە، بە گوتەی خۆی، بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو رۆمانێکی نوێ چاپبکات، دەڵێت، "بۆ یەکەم جار بەبێ وەرگرتنی ژمارەی سپاردن چاپی دەکەم و لە جێگەی ژمارەی سپاردن، تێکستی دژ بە سانسۆر و سەرکوتی فیکری دەنووسم".
پێشتر خەلیل عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەلایەن هەندێك نووسەر و چالاكی مەدەنییەوە لێكدانەوەی هەڵە بۆ بڕیارەكەیان كراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری و گوتی "هیچ نیەتێكی خراپ لەپشت ئەو بڕیارەوە نییە. ئەوە تەنیا بۆ رێكخستنەوەی ئیشوكارەكانە. پێشتر لە سلێمانی و دهۆك ژمارەی سپاردن دەدرایە كتێب، ئێستا تەنیا لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی كتێبخانە گشتیەكان لە هەولێر دەدرێت.".
بەپێی ئامارەکان، وەزارەتی رۆشنبیری لە ساڵی 2018دا ژمارەی سپاردنی داوەتە 2327 كتێب، بەڵام لە ساڵی 2019دا ئاماری پێدانی ژمارەی سپاردن بەرزبووەتەوە بۆ 2832 كتێب.