رووداو دیجیتاڵ
لە میانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ توونس، سەرۆککۆماری توونس دیارییەکی پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، کە شیعرێکی شاعیری کورد، مەعرووف رەسافییە لەبارەی توونس و عێراق نووسیویەتی.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەردانێک لە وڵاتی توونسە و ئەمڕۆ (چوارشەممە، 28-8-2024) لە توونسی پایتەخت، لەلایەن قەیس سەعید، سەرۆککۆماری توونس پێشوازی لێکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆککۆماری توونس دیارییەکی پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، کە شیعرێکی شاعیری دیاری کورد مەعرووف رەسافییە، شیعرەکە باس لە پەیوەندی و نزیکایەتیی خەڵکی عێراق و توونس دەکات.
مەعرووف رەسافی، ناوی تەواوی مەعرووف عەبدولغەنی مەحموود جەبارییە، لە ساڵی 1875 لە بەغدا لەدایکبووە لە باوکێکی کورد و دایکێکی تورکمان. هەر لە بەغدا ژیاوە و لە ساڵی 1945 کۆچی دوایی کردووە، لە گۆڕستانی خەیزەران لە بەغدا نێژراوە.
باوکی مەعرووف رەسافی، عەبدولغەنی جەباری، کورد بووە لە هۆزی جەباری، دایکیشی تورکمان بووە لە هۆزی قەرەغوولی.
مەعرووف رەسافی یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی عێراق و، هەرچەندە کورد بووە، بەڵام بە زمانی عەرەبی شیعری نووسیوە و خزمەتی وێژەی عەرەبی کردووە.
ئێستاش لە شاری بەغدا، لە شەقامی رەشید چایخانەیەک بە ناوی "رەسافی" هەیە، وەکو ئاماژەیەک بۆ ناوی مەعرووف رەسافی کە لەو چایخانەیەدا دانیشتووە و کۆڕی شیعری بەستووە.
هەروەها لە کۆتایی شەقامی رەشید لە بەغدا، گۆڕەپانێک هەیە بە ناوی گۆڕەپانی "مەعرووف رەسافی" و پەیکەرێکی شاعیرەکەش لە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکەدا هەیە.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، د. عەبدولەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق باسی لە رۆڵی کەسایەتییە کوردییەکان لە وێژەی عەرەبیدا کرد.
لە 20ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لە بەغدا سەرۆككۆمار و خانمی یەكەمی عێراق، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەشدارییان لە سیمپۆزیەمی وتوێژی عەرەبی-كوردی سەنتەری رۆشنبیری كرد كە بە بۆنەی دامەزراندنی ناوەندەكەوە لە بەغدا بەڕێوەچوو.
لەو بۆنەیەدا سەرۆککۆماری عێراق گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی لە مەعرووف رەسافی کرد، کە وەکو کوردێک خزمەتی وێژەی عەرەبی کردووە و گوتی: "مێژوو شاهیدی زۆر هاوبەشی كولتوورییە، زۆر لە رۆشنبیرانی كورد بەشدارییان لە ئەدەب و زانستەكانی زمانی عەرەبی و هونەرە جۆراوجۆرەكان كردووە."
د. عەبدولەتیف رەشید گوتیشی "كورد بەشداری لە بونیادنانی كولتووری عەرەبیدا كردووە و ناوی بیرمەند و شاعیر و هونەرمەند و مێژوونووسان درەوشاوەتەوە. لە مێژووی نزیكدا ناوی جەمیل سدقی زەهاوی، مەعروف رەسافی، ئەحمەد شەوقی، محەممەد كورد عەلی، ئەحمەد تەیموور پاشا و چەندانی دیکە دەبینینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ