كتێبی (دەفتەری شیعری عاشقان)؛ سەرزەمینی شاعیرە دڵشكاوەكانی دونیا


شیعر وەك یەكێك لە ژانر و رەگەزە گرنگەكانی ئەدەب، هەمیشە پەیوەندییەكی قووڵ و ریشەیی لەگەڵ مرۆڤ و ئازارەكانیدا هەبووە، ئەوەی مرۆڤ نەیتوانیوە بە وشە یان گێڕانەوەی هەر شێوازێك لە دەربڕین گوزارشتی لێبكات، شیعر هەمیشە یارمەتیدەری بووە و بەهانایەوە هاتووە، بۆیە دەبینین گرنگترین و بەچێژترین نووسین و بەسەرهات و داستانەكانی مێژووی نووسراوی مرۆڤ بە سەركەوتن و شکستەكانیەوە، بە زمانی شیعر یان شێوازی شیعری نووسراون. 
 
(ئێزرا پاوەند) دەڵێت: "هەمیشە پەیوەندیی بەتین لە نێوان شتەكانی گەردووندا هەیە، بەجۆرێك ئەو پەیوەندیە لە خودی شتەكان گرنگترە، بەڵام ئەمە هەموو كەسێك نایبینێت، تەنیا شاعیرە مەزنەكان دەیبینن". ئێستا پرسیارێك دێتە پێش كە شیعر خۆی چییە و ئەم ئەفسوونەی لەكوێوە هێناوە. 
 
رەنگە گەڕان بۆ دۆزینەوەی وەها پرسیارێك تەمەنی مرۆڤێكی كامڵی پێویست بێت. هەروەك (بەختیار عەلی) دەڵێت: " مرۆڤ بۆ ئەوەی شیعرێكی جوان بنووسێت، دەبێت رۆحی پیر ببێت"، بەڵام لە كورتترین پێناسەدا دەتوانین بڵێین، شیعر بیركردنەوەی مۆسیقیانەی مرۆڤە لە گەردوون، هەوڵدانە بۆ مانادان بە وشە و دەستەواژەكان، گفتوگۆی نێوان گوتراو و نەگوتراوەكانە. هەر بۆیە بەڕاستیش شاعیران ئەو مرۆڤانەن كە تامی وشە دەكەن. 
 
(لورانس پیرین) دەڵێت: "جودایی نێوان شیعر و جۆرەكانی تری ئەدەب، تەنیا جودایی پلەیە، شیعر گوشراوترین ‌و چڕترین شێوەی ئەدەبە كە زۆرترین شت لە كەمترین وشەدا دەردەبڕێت". بۆ خۆی هەمیشە یەكێك لە پێكهاتە سەرەكیەكانی شیعر لەدوای (زمان، مان، خەیاڵ)ـەوە (چێژە). ئەگەر بڕواشمان بەوە هەبێت كە كاری سەرەكیی ئەدەب، بەتایبەتی شیعر گەڕانە بەدوای جوانیدا ‌و بۆخۆشی هونەری شیعر هونەری دروستكرنی ستاتیكایە، ئەوا دەبێت لە نەزم و ئیقاعی شیعرییەوە، چێژ كاری سەرەكی خۆی بكات، بەجۆرێك خوێنەر پەلكێشی ناو دنیای دەق بكات تا لەناو تێكستەكاندا دنیابینیی نووسەر لە پێكهاتەی وێنەكانەوە بگاتە خوێنەر، چونكە پەیامی نووسەر وردبوونەوەیە لە واتا و وێنەكان لەڕێگای زمانەوە، كە دواجار كار لە گۆڕینی بیركردنەوە و دنیابینیی خوێنەر دەكەن تا ئاستێك سەیركردن ‌و وێناكردنەوە بۆ (بوون ‌و نەبوون) پێناسەیەكی نوێ‌ لە فۆڕمێكی جیاوازدا وەردەگرێت، هەروەك (رۆلان بارت) دەڵێت: " ئێمە ناتوانین بە شێوەیەكی دیكە بنووسین ئەگەر بە شێوەیەكی دیكە بیرنەكەینەوە، چونكە نووسین مانای رێكخستنی دنیایە"، لەناو ئەم رێكخستنەشدا شیعر وەزیفە سەرەكیەكەی خۆی دەستپێدەكات، كە تۆماركردن ‌و خوێندنەوەی وێنە جیاوازەكانی دنیایە، ئەو وێنانەی مرۆڤی ئاسایی ئەستەمە تونا و قودرەتی بینینیانی هەبێت. هەروەك ئەدۆنیس دەڵێ: ‌"شیعر كەشف دەكات وێنە ناگرێت".
 
خوڵقاندنی وێنە لە دەقێكدا وەستاندنی خودی چركەیەك لە بوون یان ژیان نییە، بەڵكو خوێندنەوەی دووبارەی وردكراوەكانی ئەو چركەساتانەی ژیانە، چونكە شیعر هونەری لاساییكردنەوەی سروشت نییە، هێندەی ئەوەی خوڵقێنەر ‌و دۆزەرەوەی چركە ستاتیكییەكانی ناو سروشتە، مادام كاری سەرەکیی شیعر گەڕان ‌و كەشفكردنە. كەواتە پێكهاتەی سەرەكی تێما لە تێكستی شیعریدا پرسیارە، بۆیە كەسایەتی شاعیر كەسایەتی بیركەرەوەی ناو بوونە و هەمیشە ئەو بوونەش گوماناوی ‌و ئاڵۆزە، ئەم گومان ‌و ئاڵۆزیانەش هەمیشە سەرچاوەی نیگەرانییەكانی ئەون، بەوپێیەی خوڵقاندنی دەق، دووبارە دروستكردنەوەی جوانییەكی خوازراوە كە لە ساتە تایبەتەكانی شاعیرەوە سەرچاوە دەگرێت. 
 
هەر ئەو تایبەتمەندیانەش هاوكارن بۆ دروستبوون و لەدایكبوونی داهێنراوی نوێ‌ بە كەرەستە و بۆن و بەرامی شیعریانە. لێرەوە مرۆڤ هەمیشە شیعری وەك داهێنراوێك و كەرەستەیەكی گرنگ لە دەربڕین و گوزارشتكرنەكانی خۆی بەكارهێناوە و لەو ڕێگەیەشەوە جگە لە ستاتیكا و جوانی، هەستەكانی خۆیشی لەڕێگەیەوە خستووەتە ڕوو، بەتایبەت لە پرسی ئەوین و لایەنە سۆزداریەكانیدا. بۆیە ئەگەر سەیری ئەدەبیاتی دنیا و بەتایبەت شیعری شاعیرەكانیان بكەین، بەر ملیۆنان شیعر و قسیدەی جوان و ناسكی پڕ چێژ دەكەوین كە مرۆڤ دایهێناون.
 
رەنگە نموونەی زیندووی ئەو كتێبانەش كە پڕە لە شیعرو هەستی عاشقانە و مرۆڤدۆستانەی شاعیران، كتێبی شیعری وەرگێڕدراوی (دەفتەری شیعری عاشقان) بێت. ئەم كتێبە یەكێكە لە بەرهەمەكانی وەرگێڕ (جەبار سابیر) کە لە زمانی فارسییەوە وەریگێڕاوە، كتێبەكە كۆكراوەی چەندین پۆستەرە شیعری شاعیرانی جیهانی لەخۆگرتووە، بەتایبەت ئەو شیعرانەی كە بۆ ئەڤین و عیشق نووسراون. ئەم كتێبە بەرهەمی خانەی (ڕۆنان)ـە و لە (303) لاپەڕەدایە و لە چاپخانەی سارا، ساڵی 2018 لە شاری سلیمانی چاپكراوە. ئەوەی لەم كتێبەدا هاتووە، بەبڕوای من بەشێكن لە جوانترین ئەو پۆستەرە شیعرانەی مرۆڤ لەڕێگەیەوە گوزارشتی لە ئینساندۆستی و ئەوینی خۆی بۆ مرۆڤ و دنیا كردووە، بەجۆرێك مرۆ لەكاتی خوێندنەوەی هەندێكیاندا لێدانی دڵی خێرا دەبێت و بۆ هەندێكیان عارەقە دەردەدات و هەندێكیشیان چەندبارە و پاش خوێندنەوەی دیسانەوە دەگەڕێیتەوە سەری و دووبارە دەیخوێنیتەوە. چونكە مومكین نییە كەسمان چیرۆكێكی ئەویندارانەمان لە ژیانماندا نەبووبێت و خوێندنەوەی شیعرگەلی واش، بێ ویستی خۆت دەتباتەوە بۆ ناو بیرەوەریی خۆت. ئەوەتا لە یەكێك لە پۆستەرە شیعرەكاندا شاعیر (موحسین دوعاوی) دەڵێت:    
حاڵی من.... 
پەیوەستە بە هەواڵپرسیی تۆوە.
تۆ ئەگەر حاڵم بپرسی
مەگەر دەكرێ‌ بڵێم خراپم؟!
تۆ تەنیا مەبە.....
من دەیسەلمێنم خراپی
لە دنیادا بوونی نییە!!
 
شیعرو وەرگێڕان؛ ئایا شیعر وەردەگێڕدرێت؟
 
لە مێژووی ئەدەبیاتدا زۆر قسەوباس لەسەر وەرگێڕانی شیعر هەبووە. بە جۆرێك هەندێك پێیانوایە شیعر وەرناگێڕدرێت، هەندێكیش وەرگێڕانی بە خیانەت دەزانن و هەندێكیش بە حاڵەتێكی ئاسایی دەزانن و دەیگێڕنەوە بۆ سەلیقە و شارەزایی وەرگێڕەكە. (رەسوڵ حەمزاتۆڤ) دەربارەی ئەم پرسە دەڵێت: " وەرگێڕانی شیعر وەك داخستنی فەرش وایە بە پێچەوانەوە، واتە بەدیوی پشتەوەیدا، گوڵ و زەخرەفەكانی دیارن، بەڵام كاڵ هەر زۆر كاڵ". 
 
بێگومان ئەم بۆچوونەش لەوەوە هاتووە، كە شیعر خاوەن زمان و ئیقاعی تایبەت بە خۆیەتی، رەنگە نەتوانرێت لەكاتی وەرگێڕانیدا وەك خۆی واتاكان بگوازرێنەوە. بەڵام خۆ بە دیوێكی تردا ناكرێت مرۆڤ دەستەوەستان بێت و بەو بیانووەوە مرۆڤایەتی بێبەش بێت لەو هەموو شاكار و بەرهەمە ناوازەیەی شیعر لە تەواوی دونیادا. 
 
عەتا نەهایی دەربارەی ئەمە دەڵێت: "وەرگێڕانی شیعر كردەیەكی نامومكینە، بەڵام پێویست و گرنگە"، واتە هەرچەندە كارەكە سەخت و قورسە، بەڵام پێویستە و هەر دەبێت بکرێت. بۆ نموونە ئەم كتێبە لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوە، ئەگەرچی هەندێك لە شیعرەكانی لە زمانی دووەم یان سێیەمەوە كراونەتە كوردی، بەڵام تاموچێژی تایبەتی شیعریانەیان لەدەستنەداوە و لە كاتی خوێندنەوەیاندا مرۆڤ بەر وێنا و واتای شیعریانەی جوان دەكەوێت، ئەویش بەبڕوای من ڕەنگە پەیوەندی بە سەلیقەی وەرگێڕەوە هەبێت، چونكە خۆی ساڵانێكی زۆر شاعیر بووە و شیعری نووسیوە، ئەوەش هاوكار بووە لەوەی كە وەرگێڕانی حەرفی نەكات و بەپێی واتای شیعرەكان وێنە و ئاوازی مۆسیقیانە، بە بۆن و بەرامەی كوردیانەوە وەربگێڕێت. هەر بۆ نموونە لەم كتێبەدا شیعرێكی (زەهرا یوسف زادە) هاتووە كە دەڵێت:
 
"تۆ بڵێ‌ خۆشم ئەوێی  
من ئەیسەلمێنم 
مرۆڤ بوونەوەرێكی باڵدارە...."
 
 
شیعر و زمان، شیعرییەت و بوون:
بێگومان شیعر وەك هەموو رەگەزەكانی تری ئەدەب خاوەن ڕێسا و بنەمای تایبەت بەخۆیەتی، بۆ ئەوەش جگە لە كەرەستەی خەیاڵ و گێڕانەوە، (زمان) یەكێكی ترە لە بنەما سەرەكییەكانی كەرەستەی نووسینی شیعر، واتە هەمیشە بوونی زمانی تایبەت و جیاواز هۆكارە بۆ بوونی شیعری داهێنەرانە و جیاواز. هەروەك (عەتا نەهایی) دەڵێت: "زمان لە شیعردا بەرلەوەی ئەركی راگوێزانی مانا و پەیامی لەئەستۆ بێت، خۆی مانا و پەیامسازە: واتە زمان لە شیعردا بەرلەوەی كاركردی ڕاگەیەنەرانەی ببێت، كاركردی داهێنەرانەی هەیە". 
 
بۆیە كردەی شیعری بەندە بە مانای قووڵ بە زمانی پاراو لە گەیاندنی وێنەی ستاتیكیانەدا، كە ئەمەش وادەكات واتا و وێنەی شیعری، جیاواز لە گێڕانەوە لە ژانرەكانی تردا خاوەن تایبەتمەندی خۆی بێت. هەر لێرەشەوەیە (هایدگەر) پێیوایە "دیالۆگی راستگۆیانە و پراكتیكیانەی گوتەی شیعر پێكنایەت، ئەگەر ئەو دیالۆگە ئاڕاستە نەبێت بۆ شیعر خۆی". لەم كتێبەدا و لەم شیعرانەدا كە وەرگێڕ بە سەلیقەیەكی جوانەوە وەریگێڕاون، زمان تا ئاستێكی باڵا بوونی هەیە و لە خوێندنەوەی شیعرەكانەوە مرۆ بەر ئەم جیاواز نووسین و زمانە تایبەتە دەكەوێت. وەك ئەوەی 
(نیما میعماریان)  لەم كتێبەدا دەڵێت: 
 
باوكت لەسەر شەقامەكان 
شۆڕشی هەڵگیرساند و
تۆیش لە دڵی مندا...
 
 
وێنەی شیعری و خەیاڵی شاعیرانە:
 
یەكێ لە تایبەتمەندیەكانی شیعری سەركەوتوو، بوونی وێنەی جوان و ستاتیكیە، واتە لەدوای ئیقاع و مۆسیقای شیعریانەوە، شاعیر بتوانێت بە زمانێكی ستاتیكیانە وێنەی شیعری داڕێژێت و لەناو وشەو دێڕەكاندا دروستیان بكات. بۆ خۆشی لە ئەساسدا پەیوەندییەكی بەتین لە نێوان هونەری فۆتۆ و شیعردا هەیە و تا ڕادەیەكی زۆر لە یەكەوە نزیكن. دەربارەی ئەم بابەتە، بەختیار عەلی لە ژمارە (2)ی گۆڤاری (شیعر)دا بابەتێكی زۆر جوان و بە پێزی بەناونیشانی (لەنێوان فۆتۆ و شیعردا تێڕامانێك) بڵاوكردووەتەوە و زۆر زانستیانە جیاوازی و پەیوەندییە ریشەییەكانی نێوان فۆتۆ و شیعری خستووەتەڕوو. ئەو پێیوایە "لە شیعردا تا ئەندازەیەك پێچەوانەی فۆتۆ روودەدات، بەجۆرێك دەتوانین بڵێین جیهانبینی شاعیر و جیهانبینی فۆتۆگراڤ دوو نیازی جیایان لەپشتە. سەردەمێك كە فۆتۆ تیایدا زاڵە، سەردەمی شیعر نییە. شیعر ماڵی ئەو شتە بنەڕەتیانەی بوونە كە حەقیقەتیان بە گێڕانەوە بۆ مەرجەعێكی ئۆبێكتیڤ بەرجەستە نابێت، لەكاتێكدا وێنە، جیهان دەوەستێنێ، شیعر پەرشكردنەوەیەكی بەردەوامە. 
 
گەڕانەوەی دونیایە بۆ دۆخی جووڵەیەكی بەردەوام كە لە چركەساتێكدا كورت ناكرێتەوە. لەكاتێكدا فۆتۆ ئاماژەیە بۆ شتێك كە روویداوە"، بۆیە خەسڵەتی فۆتۆیانە نزیكە لە وێنەی شیعریانەوە بەجیاوازیی وەستان و جوڵانەوە، ئەوەی وادەكات وێنەی شیعری دەلالەت و مانای زیاتر و نوێتر وەربگرێت ئەو جوڵاوی و بەردەوامیەیەتی كە لە هونەری فۆتۆدا نییە و لەودا وەستاوە. ئەم پۆستەرە شیعریانەی لەم كتێبەدا خراونەتەڕوو خاوەنی هەردوو ئەم خەسڵەتە تایبەتەن. بۆ نموونە لە هەندێكیاندا خوێنەر بەر وێنەگەلی شیعریی ئێجگار جوان و دڵڕفێن دەكەوێت، لە وشەی كەم و دێڕی كورتدا، لە هەندێكیشیاندا شاعیران هونەریانە وێنەكان ڕادەوەستێنن و فۆتۆگرافیانە تۆماریان دەكەن، هەر وەك (كامەران ڕەسوڵ زادە) لە پۆستەرێكی ناو ئەم كتێبەدا دەڵێت:
 
رێك وەك ئەوكاتەی عاشقت بووم
باران دەبارێت
پێموایە
دووبارە كەسێك عاشقت بووە....
 
 
شیعری كورت یان پۆستەرە شیعر:
 
بێگومان شیعریش وەك زۆر لە بوارەكانی دیكە خاوەنی شێواز و جۆری تایبەت بە خۆیەتی بۆ نووسین، لەوانەش (شیعری درێژ، قەسیدە، یان شیعری كورت، پۆستەرە شیعر یان هایكۆ)، هەریەكێك لەمانە بە هەموو تایبەتمەندیەكانیانەوە هەر شیعرن، بەڵام شێوازی نووسینیان جیاوازە. بۆ نموونە تەواوی شیعرەكانی ناو ئەم كتێبە بە شێوەی پۆستەرە شیعر نووسراون كە ئەم شێوازەش، شیعری كورتی چەند دێڕی یان چەند بڕگەییە و لە كورتترین وشە و رستەدا واتایەكی قووڵ بە وێنەی شیعریانەی جوان، بە هاوكاریی خەیاڵێكی فراوان دەخوڵقێنێ، ئەمەش كارێكی ئێجگار قورسە و هەروا سانا نییە و جیاوازە لە شیعری درێژ كە شاعیر دەتوانێت ئازادانە بیرۆكەكانی لە پانتاییەكی فراواندا داڕێژێت.
 
لەم جۆرەدا پێویستە شیعر لە دێڕی كورتدا بنووسرێن و شاعیر بە زوویی پەیامەكانی بگەیەنێت. ئەمەش ئەفسوون و جادووی شیعرە كە قودرەت و تواناكانی لە ئاستێكدان، تا ناكۆتا مرۆڤ دەتوانێت گوزارشتەكانی خۆی لە ڕێگەیەوە و بە شێوەی جۆراوجۆر بگەیەنێت. (فلیب حتی) شاعیر و ڕەخنەگر دەڵێت: " شیعر دەتوانێت جیاوازیی تاقیكردنەوەكانی بەناسكی ‌و وردییەكی ئەوتۆ بەخوێنەر بگەیەنێ‌، كە هیچ هونەرێكی دیكە بۆی ناكرێت". بۆیە ئەوەی شیعر دەتوانێت بیڵێت، ئەستەمە هونەرەكانی تر بتوانن. نازم حیكمەت لە پۆستەرێكی شیعریدا لەم كتێبەدا دەڵێت:
 
چاوەڕێكردنی كەسێك 
كە ئەزانی نایەت...
گەمژیی نییە
ئەوە عەشقە....
 
دوا سەرنج لەسەر كتێبەكە
 
كتێبی (دەفتەری شیعری عاشقان) یەكێك لە كتێبە گرنگ و تایبەتەكانی ناو كتێبخانەی كوردیە، چونكە لە ڕێگەی ئەم كتێبەوە خوێنەر جگە لەوەی دەتوانێت بەشداربێت لە چێژی شیعری عاشقانەی جیهانی، بەر جۆرێكیش لە شێوازی گرنگی نووسینی شیعری كورت یان شیعری پۆستەری دەكەوێت كە جۆرێكی تایبەتی نووسینە و لە كورتترین وشە و دێڕدا بەر واتای قووڵ و پەیامی گرنگ دەكەوێت. 
 
بەڵام ئەوەی بەلای منەوە كەم و نوقسانە لەم كتێبەدا و جێی سەرنجە، ئەوەیە كە هیچ جۆرە پێشەكی و پەراوێزێك لە كتێبەكەدا نییە، تا رۆشنایی و بەرچاوڕوونی بێت بۆ خوێنەر لەسەر جۆر و شێوازی نووسینی شیعرەكان و روونكردنەوەی هەندێك ناو و زاراوەی بەكارهاتووی ناو شیعرەكان، كە ئەمە هاوكارە بۆ تێگەیشتنی زیاتری خوێنەر و تاموچێژدانی زیاتر بە وەرگێڕانەكە. ماوەتەوە بڵێم سوپاس بۆ وەرگێڕی ئەزیز (جەبار سابیر) بۆ وەرگێڕانی ئەم كارە ناوازەیە و بەهیوام خوێنەرانیش ئەم كتێبە وەدەستبخەن و ئەو هەموو شیعرە جوانەی شاعیرانی دنیا بخوێننەوە. تا لەو هەموو جوانیە چێژبەخشە بێبەش نەبن.
 
بۆ ئەم نووسینە سوودم لەم كتێبانە وەرگرتووە.
- ئاسۆكانی نووسین- دوو گفتوگۆی فكری ‌و ئەدەبی- ئەدۆنیس
- كتێبی شیعر چییە؟- لۆرانس پیرن- وەرگێڕانی: ئەبوبەكر خۆشناو
- كتێبی شیعر و فەلسەفە- مەجید مەحموود- وەرگێڕانی فوئاد مەجید میسری
- لەنێوان شیعر و فۆتۆدا- بەختیار عەلی- گۆڤاری شیعر