دیالۆگ لە فیلمدا

 
هەموو مرۆڤێک لەنێو کۆمەڵگادا پێویستی بە زمان هەیە، بەڵام بەپێی جێگە و پێگەی کەسەکە ئاستی زمانی ئەم کەسانە دەگۆڕێ، واتە بازنەی وشەکانی کەسێک بۆ کەسێک جیاوازە. بۆ نموونە، کرێکارێک ئەگەر بۆ بەرەوپێشچوونی کارەکەی پێویستی تەنیا بە پێنجسەد وشە هەبێ لە رۆژێکدا، ئەوا سیاسییەک پێویستی بە پێنج هەزار وشە هەیە و مامۆستایەکی زانکۆش، دەبێ بازنەی وشەکانی فراوانتر بێت. لەسەر ئەساسی ئەم پێوەرە، زمانی کەسایەتییەکانی نێو کۆمەڵگا جیاوازە. 
 
بۆیە بۆ دروستکردنی جۆرێک لە زمان پێویستە کەسایەتی نێو فیلم پێشەکی خاوەنی ناسنامە بێت، واتە بزانین پێگەی کۆمەڵایەتی ئەم کاراکتەرە چییە، لەسەر ئەساسی هەمان پێگەی کۆمەڵایەتی لە سینەما فۆرمی زمان دەگرێ. زمانێک کە بینەر  ئەو جۆرە دیالۆگە بە ئاسانی وەربگرێ، بۆ نموونە ئەگەر سەیری فیلمێکی سینەمایی بکەیت‌ و دکتۆرێک نیشان بدات کە بە زمانی چینی خوارەوە قسە دەکات، ئەگەر لە چەند سکانسی پێشتر ئاماژەت بەوە نەدابێت کە ئەم دکتۆرە، لە چینی خوارەوەیە و (دەبێ بەو زمانە قسە بکات) بینەر ئەو کاراکتەرە وەرناگرێ و لە خۆی دەیبێزێنێ! تەنانەت دەتوانین زمانی چینەکان بۆ جۆری تێڕوانینیان بۆ دونیا کورت بکەینەوە، بۆ نموونە جووتیارێک تێڕوانینی بۆ دونیا بە جۆرێکە و نووسەرێک تێڕوانینی بۆ دونیا بە جۆرێکی ‌‌ترە، دەبێ نووسەر و دەرهێنەری سینەمایی تا ڕادەیەک شارەزایی لە کۆمەڵناسیدا هەبێت و ئاگایی چینایەتی هەبێت. 
 
زمانی هاوچەرخ
 
دیاردەی زمان بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە، ئەم نوێبوونەوەیەش دەبێ لەگەڵ سینەما -  کە هونەری ئاسان و هونەری گشتییە - بەردەوام نوێ ببێتەوە، بۆ نموونە کاراکتەرەکانی نێو فیلمێکی کوردی کە لە ساڵی دووهەزار و بیست دروستکراوە و باسی ئەم سەردەمە دەکات، ناتوانێ بە زمانی چەند دەیە لەمەوبەر دیالۆگەکانی بەرێتە پێش، ئەگەرچی بە هۆی لاوازیی سیناریۆی کوردی بەردەوام ئەم زمانە لە سەردەمی نوێدا لەنێو فرێمی سینەمایی دەبینین، بەڵام ئەم حاڵەتە نەشازە و بینەر ناتوانێ هەزمی بکات.   
 
تەتەڵەکردنی زمانی دیالۆگ! 
 
 ئێمە لە زمانی ئاخاوتنی رۆژانەماندا هەمیشە رستەیەک دووبارە و چەندبارە دەکەینەوە، یان رستەیەک بە هەڵە دەڵێین و بیری لێدەکەینەوە و بە جۆرێکی تر دایدەرێژین، ئەم جۆرە دیالۆگە لە رۆژدا لە نێوان مرۆڤەکان ئاساییە، هەندێک جار دەبێتە مایەی پێکەنین، یان باشتر داڕشتنەوەی دیالۆگەکە، بەڵام ئەم جۆرە تەتەڵەکردنی زمانە، لە فیلمێکی سینەماییدا نەشازە و مەودای فیلم مەجالی ئەو جۆرە تەتەڵەکردنی زمانە نادات، مەگەر کاراکتەر یان کەسایەتی لە فیلمەکەدا بەو شێوازە بۆ بینەر پێناسە کرابێت.
 
بۆچی دیالۆگ؟
 
قسەیەکی باوی سینەمایی هەیە کە دەڵێ: لە هەر شوێنێک سناریست هەستی بە لاوازی کرد، پەنا دەباتە بەر نووسینی دیالۆگ! مەبەست لە دیالۆگ ئاراستەکردنی چیرۆک بەرەو خاڵی کۆتایی نییە، مەبەستمان لە دیالۆگ هوتاف و قسەی باق و بریق و دیالۆگی ئیحساسیە کە ئیتر دەرهێنەر و سناریست ناتوانن بە ''نما'' نیشانی بدەن و پەنا دەبەنە بەر ئەم جۆرە لە زمان! ئەگەرچی دیالۆگ بەشێکە لە زمانی سینەما، بەڵام بوونی لە ئاستی بەرزی هونەریدا وێنەی سینەمایی دەدات.
 
زاراوە لە سینەمادا 
 
ئەگەرچی بەکارهێنانی زاراوە لە سینەمادا گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام هەست دەکەی بەکارهێنانی زاراوە وەک چەقۆیەکی دوو سەر وایە کە پەیوەندی بەکارهێنانی زاراوە دەگەڕێتەوە بۆ دونیابینی ئەو دەرهێنەرەی دەیەوێ زاراوە لە فیلمدا بەکاربێنێ، ئەگەر دەرهێنەرێک مەبەستی بێت زاراوەیەک لە فەوتان و نەمان رزگار بکات، ئەوە هەوڵ دەدات بەردەوام زاراوەی شارە تایبەتەکان لە سینەمایدا رەنگ بداتەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە دەسەڵاتدارە فاشیستەکان لەڕێی سینەماوە بەردەوام هەوڵی سووک و بێبایەخکردنی ئەو کەمینانەیان داوە کە دەزانن مەترسین بۆ دەسەڵاتیان؛ نموونەی هەرە دیاری لێدان لە نەتەوەی کورد، بەکارهێنانی زاراوەی کەلهوڕیی تێکەڵ بە فارسی بوو لەلایەن ئیبراهیم حاتەمی کیا لە فیلمی (چ). بەهۆی پەراوێزبوونی کەمینەکان لە سەنتەری شارە گەورەکاندا، دیمەنی ئەو ناوچانە دەتوانێ کەرەستەیەکی باشی وێنەیی بێت و جۆرێکی تر لە نیشانەی سینەمایی لەو شوێنە دووردەستانە بە جۆری قسەکردنیشیانەوە بە بینەر بناسێنین.