رووداو دیجیتاڵ
لە بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) کە سەرۆک مەسعود بارزانی بە ناونیشانی "راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەکان 1991-2002" نووسیویەتی، چەند نامەیەکی نێوان خۆی و نەوشیروان مستەفا بڵاوکراونەتەوە کە ماوەیەک بەر لە راپەڕین بۆ یەکدییان ناردووە.
لە لاپەڕە 521 لە بەشی بەڵگەنامەکاندا سەرۆک بارزانی دەقی نامەیەکی نەوشیروان مستەفا بڵاودەکاتەوە کە لە رێککەوتی 8-1-1991 لە قاسمەڕەش بۆی نووسیوە و تێیدا هاتووە: "زۆر سوپاسی ئەو هەموو لوتف و بڕوایەی جەنابت ئەکەین، بێگومان ئێمە لە برا گەورەی خۆمان هەر ئەوە چاوەڕێ ئەکەین و هەروەکو جەنابت نووسیوتە ئەبێ وەکو گیانێک لە دوو لەشدا کاربکەین و بێگومان ئەوە شتێک ئەبێ دڵی هەموو گەلەکەمان خۆش ئەکات و تین و تەوژم بە جووڵانەوەکە ئەدات. ئێمە بەڵێن ئەدەین کە جێگەی ئەو بڕوایە بین. لەگەڵ هەڤاڵان قسەمان کردووە، لە هەموو قۆڵەکان رێککەوتین کە چۆن پێکەوە کاربکەین. هەروەها دەزگای بێتەلەکانمان یەکخست بۆ ئەوەی لەو کاتەدا هەموو ئاگاداری یەکتربین."
نەوشیروان مستەفا لە دەقی نامەیەکدا زیاتر نووسیویەتی، "بۆ مەسەلەی بادینان، هەوڵ ئەدەین چەند هەڤاڵێکی باش لەوێ دابنێین و بێگومان ئێمە هەڤاڵ و هێزەکەی پارتی بە هی خۆمان ئەزانین و ئەوان هەرچی بکەن ئێمە پشتیوانیان ئەبین. بۆ گەیشتن بە ناوچەکە ئەگەر لەو کاتەدا رێگەی گادەر نەکرایەوە، قسەمان لەگەڵ کردوون کە ئەگونجێ لە زرارەتییەوە، یاخود لە ئەسکی کەڵەکەوە بگەنە ئاکرێ و شێخان."
هەشت رۆژ دوای ئەو نامەیە و لە 16-1-1991دا، نەوشیروان مستەفا نامەیەکی دیکە بۆ سەرۆک بارزانی دەنێرێت و دابەشکردنی رۆڵەکان و ئامادەکاریی بۆ راپەڕین تێیدا رووندەکاتەوە و لە دابەشکردنەکەدا، خۆی دەچێتە ئەو بەرەیەی کە سەرۆک بارزانی تێدایە و دەنووسێت، "بەندە لە خزمەت جەنابتان ئەبم."
لە دەقی نامەکەی نەوشیروان مستەفادا ئەو روونکراوەتەوە کە کۆسرەت رەسووڵ و نازم دەباغ بەڕێکەوتوون بۆ لای سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەی لە خۆ ئامادەکردن و بۆچوونەکان روونکردنەوەی زیاتر بدەن.
لە نامەکەدا دابەشکارییەکە لە پێنج خاڵدا هاتووە:-
1- ئێمە چاوێكمان بە دابەشکردنی هەڤاڵانی بەرپرسدا خشاندووەتەوە، کاک فەرەیدوون بۆ قۆڵی سلێمانی و کاک عومەر بۆ قۆڵی کەرکووک و کاک کۆسرەت بۆ قۆڵی هەولێر و کاک نازم بۆ قۆڵی دهۆک، بەندەش لە خزمەت جەنابتان ئەبم.
ئەوەش بۆ ئەوەیە کە باشترە لێرە زەبتی پێشمەرگە بکەن و سیاسەتی ئەمڕۆمان ببەینە ناو خەڵکەوە، ئەگەر خوای کرد و چووینە ئەودیو، لەوێش خۆیان راستەوخۆ کارەکان جێبەجێ بکەن.
2- رووداوەکان بەرەو شەڕ ئەچن، لە سووریاش ئەمڕۆ بۆ مام جەلالیان دووبارە کردووەتەوە کە لە سەددام ئەدرێ. لێرەش خزمان نەفەسیان بۆ هاوکاری باشە و خۆیان بۆ ئامادە کردووە.
3- لەگەڵ کاک رەسووڵ قسەمان کردووە، برادەران لە رەئی ئەو ئاگادارتان ئەکەن، جارێ رەنگە ئامادە نەبن بۆ هاوکاری، زۆری تەگەرە ئەهێننە بەر.
4- لەگەڵ حەرەکەی ئیسلامیش قسەمان کردووە. ئەوان ئامادەن بۆ هاوکاری.
5- بێگومان ئەبێ ئێمە هێزەکانمان نەجووڵێنین. تازە مانگێکە رژێم بەرەو رووخان و هەرەس ئەچێ. هەر لەبەر ئەوەش، چەندی بکرێ ئەبێ نەهێڵین عێراق ئیستفزاز ببێ. بۆ ئەو مەبەستە حورمەتی راگرتنی شەڕ بگرن. ئەبێ کار بکەین، بەهانە نەدەین بە دەست دوژمنەوە لە ئێستاوە بکەوێتە خۆ ئامادەکردن و تۆڵە و ئازاردانی خەڵک.
رۆژێک دوای نامەکەی نەوشیروان مستەفا و لە 17-1-1991دا، سەرۆک مەسعود بارزانی وەڵامی نامەکەی نەوشیروان مستەفا دەداتەوە و بۆی دەنووسێت، "هەرچەندە زۆرم پێ خۆش بوو کە چاومان بە جەنابت کەوتبا، بەڵام تەقدیری زرووفەکە دەکەین و هیچ فەرق نییە، برایان کاک کۆسرەت و مامۆستا نازم هاتن و نامەکەی جەنابتم بە چاکی خوێندەوە و پڕ بە دڵ سوپاسی جەنابت دەکەم و بۆچوونەکانمان 100% موتابقن. هەر بۆ ئەو خاڵانەی نووسیوتانە، ویستم مەشوەرەت لەگەڵ جەنابت بکەم کە ئەلحەمدولیلا رەئیمان وەک یەکە."
سەرۆک بارزانی لە نامەکەیدا بە چەند خاڵێک وەڵامی نامەکەی نەوشیروان مستەفا دەداتەوە:-
1- داوامان کردووە، لە دۆستان تەسهیلاتمان بۆ بکەن، بەپەلە و ئەگەر تەواو بوو، خۆم بەیانی حەرەکەت دەکەم و دێمە خزمەتتان، ئەگەر بەیانی ئامادە نەبووین، ئینشائەڵڵا حەتمەن بۆ دووبەیانی.
2- ئێمەش وامان داناوە کە برادەران:
ئـ) نێچیرڤان لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی سەرکردایەتی بۆ لای سلێمانی و کەرکووک.
ب) بۆ هەولێر جگە لەوەی کە خۆشمان لەوێ دەبین، بەڵام برایان مامۆستا مەلا محەممەد و کاک خورشید و عەبدولموهەیمەن لەگەڵ لقی 2 و هەڤاڵانی سەرکردایەتیی یەکێتی لەوێ دەبن.
ج) بۆ دهۆک و نەینەوا جگە لە لقی1، کاک زەعیم عەلی و هەندێک هەڤاڵی تری سەرکردایەتی ئەنێرین، زۆر باشە ئیختیاری مامۆستا نازم کە پێکەوە حەرەکەت بکەن.
هەوڵمان داوە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ دۆستەکانمان تەسهیلاتی تەحەروکاتی قوات و هاتووچۆمان و کردنەوەی هەندێک محاوری ئەساسی و تەئمینی ئازووقە جێبەجێ بکەن.
3- زۆرم پێخۆشە کە رەئیمان وەک یەکە و ئەبێ جارێ رێگە نەدەین بە هێزەکان دابەزن، تەنها ئامادەبن تا ئەو لەحزەی کە رژێم بەرەو ئینهیار دەڕوات، ئەوکاتە دابەزن و ئەمە خاڵێکی زۆر موهیممە، تکایە تا دەگەینە لاتان جیهازێکی لاسلکی هەر سەرە سەعاتێک ئەبێ پەیوەندیمان بەردەوام بێت."
ئامادەکارییەکانی بەرەی کوردستانی بۆ راپەڕین
لە بەشی سێیەمی بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد)دا، سەرۆک بارزانی باسی ئامادەکارییەکانی بەرەی کوردستانی بۆ راپەڕین دەکات و نووسیویەتی، "بەر لە داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە بەرەی کوردستانی بەرنامەیەکی رێکوپێک و تۆکمەی داڕشت بۆ چۆنییەتی کارکردن لە ناوخۆ و دەرەوە لەپێناو درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لەو قۆناخە ئاڵۆز و سەختەدا. سەرجەم بڕیارەکانی بەرەی کوردستانی بە کۆدەنگی و لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی تەواوی لایەنەکان بوو. بوونی کەشێکی برایانە و دۆستانە و راستگۆیانە لەو سەردەم و بارودۆخەدا بووە هۆی زیندوو مانەوەی هیواکان و بڕوایەکی بەهێز بە داهاتووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد.
راپەڕینی جەماوەریی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگە
سەرۆک بارزانی لە لاپەڕە 65ی کتێبەکەیدا لەبارەی رۆژانەی سەرەتای راپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان دژی حکومەتی سەدام حوسێن نووسیویەتی، "مانگی ئاداری 1991 وەرچەرخانێکی گرنگ و گەورە بوو لە مێژووی گەلی کوردستاندا، چونکە لەو مانگەدا جەماوەری ئازا و دڵسۆزی کوردستان دژی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس لە کوردستان راپەڕین و لە ماوەیەکی کورتدا هەموو دەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێم لە کوردستان راماڵدران و کوردستان لە هێزی ستەمکاری بەعس پاک کرایەوە."
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و نەوشیروان مستەفا لە قاسمەڕەش
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە، "یەکەم هەنگاوی راپەڕینی جەماوەریی کوردستان لە رۆژی 5ی ئاداری 1991 لە بیتوێن دەستیپێکرد و دەست بەسەر هەموو بنکە و بارەگا سەربازییەکانی بەعسدا گیرا. هەر زوو کاربەدەست و بەرپرسانی رژێم لە کوردستان ورەیان شکا، راپەڕین خێرا گەشەی سەند و هەموو ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە. بە مەبەستی ئامادەکاریی زیاتر و لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخەکە، رۆژی 6ی ئاداری 1991 سەردانی قاسمەڕەشم کرد و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و برایانی سەرکردایەتیی بەرە لە ناوچەکەدا کۆبوومەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە رەسووڵ مامەند و مەلا حەسەن لە حیزبی شیوعی و م. شوان لە پاسۆک ئامادە بوون. دوای تاوتوێکردنی بارودۆخەکە، بڕیاردرا کە لە هەردوو ئێزگەی دەنگی کوردستان و دەنگی گەلی کوردستانەوە زانیاریی و رێنمایی پێویست بە جەماوەری کوردستان بدرێت. دوای ئەوەی راپەڕینی گەلی کوردستان لە بیتوێن و دەوروبەری دەستیپێکرد و ناوچەکە لە دەزگاکانی بەعس پاککرایەوە، راپەڕين پەرەی سەند و هەموو شوێن و ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە."
نامەیەکی قادری حاجی عەلی بۆ سەرۆک بارزانی لە دوای راپەڕین
دوای راپەڕینی جەماوەریی خەڵکی باشووری کوردستان و دەرکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی بەعس، قادری حاجی عەلی لە 23-10-1991 نامەیەک بۆ سەرۆک بارزانی دەنێرێت و لە دەقی نامەکەدا کە لە لاپەڕە 562ی بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد)دا بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "ئەمڕۆ لەگەڵ کاک دکتۆر رۆژدا، محافزی سلێمانیمان دی کە لە بەغدا گەڕابووەوە، باسی کرد کە بە رەسمی ئاگاداریان کردووە، هەموو دائیرەکانی سلێمانی تەبلیغ بکات کە بگەڕێنەوە بۆ وەزارەت و موئەسەساتەکانی خۆیان و چیی مەلەفات و مۆر و پارە هەیە لەگەڵ خۆیاندا بیبەن. دیارە قەرارەکە تەنیا بۆ سلێمانی نییە، بەڵکو هەموو مەنتەقەی حوکمی زاتییە."
قادری حاجی عەلی بۆ سەرۆک بارزانی نووسیوە، "دیارە جەنابت باشتر دەزانیت کە ئەم هەنگاوە جگە لەوەی زەختێکی سیاسییە لە رووی ژیان و گوزەرانی خەڵکیشەوە کارێکی گەورەی هەیە و، پاش ماوەیەک خەڵکی لە نەبوونی خەدەمات تووشی ئیستیاء دەبن و ئۆباڵەکەشی دەخەنە سەر شانی بەرەی کوردستانی. لەلایەن دەوڵەتەوە قەرارێکی سیاسی و ئەبعادیشی زۆرە، بەڵام ئەوەیان کردووە بە حوججە، کە گوایا دائیرەکانی دەوڵەت ئیهانە دەکرێن و کار لە دەستی ئەوان دەرچووە و پێشمەرگە دەستی خستووەتە ئیشەکانیانەوە. ئێمە وامان پێ چاک بوو لە هەردوو لایەنەکەوە کاری بۆ بکەین، کاک رۆژ بێتە لای جەنابت و مەوقفەکەتان بۆ باس بکات، تا هەوڵێک بدرێت کە حکومەت ئەو قەرارەی رابگرێ. ئێمەش لێرەوە پەلە بکەین لە چاککردنی وەزعی شارەکان و تەنزیمکردنەوەی ئیشی دائیرەکان بەو شێوەیەی کەس تەداخول لە کاروباریاندا نەکات و هەر ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە کەوتینە ئیشکردن. هەر ئەمڕۆ UN پرسیاریان لێ کردین، کە ئایا ئەو قەرارە راستە پێمان گەیاندن، کە فیعلەن راستە، بۆیە کەوتنە گەڕان بە دوای وەکیلی محافزدا تا لەویشی ببیستن، ئیتر نازانم ئەوان چییان بۆ دەکرێ. هیوادارم کە جەنابتان لەو مەسەلەیەدا تەدەخول بکەن و ئێمەش چاوەڕێی ئەمری جەنابتانین کە چی پێویست بکات لەسەر ئێمە جێبەجێی بکەین."
مام جەلال بۆ کاک مەسعود: وەزعمان لە دەرەوە زۆر باشە ئەگەر لە خۆمانی تێکنەدەین
لە لاپەڕە 563دا، سەرۆک بارزانی دەقی نامەیەکی مام جەلالی بڵاوکردووەتەوە کە لە 30-10-1991 لە دەرەوەی وڵات بۆی ناردووە و باسی دۆخی هەرێمی کوردستانی کردووە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و بە "زۆر باش" وەسفی دەکات و دەنووسێت، "قسە و باس و دەنگوباسم زۆر لایە، پێم وایە وەزعمان لە دەرەوە زۆر باشە، ئەگەر لە خۆمانی تێکنەدەین، نەک هەر پشتیوانیی سیاسی و مەعنەوی زۆرمان هەیە، بەڵکو هیوام زۆرە بە پەیدابوونی پشتیوانی ماددیش."
مام جەلال نووسیویەتی، "قسەکانم هەڵدەگرم بۆ گەڕانەوەم و تا بە خزمەت جەنابتان دەگەم، ئەوسا بە دوورودرێژی پێکەوە قسە دەکەین و هەموو شتێکی گرنگتان بۆ دەگێڕمەوە. ئەوەی دەمەوێ لەم نامەیەدا عەرزتان بکەم، ئەمەیە ئایا ئێوە لە بادینان دەمێننەوە، یان دەگەڕێنەوە تاکو سەفەری هاتنەوەی خۆم وا رێک بخەم. تکایە وەڵام بدەنەوە. لەسەر تورکیاش هەرچەندە هەقتان بێت پێم باشە مەسەلەکە بە شێنەیی و هێمنی و بێ هەڵچوون چارە بکەن. زۆر شتی ئێمە لەسەر تورکیا پەکی کەوتووە، چ لە دەرەوە و چ لە مەسەلەی هاتووچۆ و هێنانی یارمەتیی دەرەوە. بەڵێنی زۆرم وەرگرتووە، لە ئەوروپا بۆ یارمەتی ئینسانی لە رێگەی تورکیاوە، جگە لەمە نە سەرۆکی تورکیا، نە سەرۆکی داهاتووی وەزیران رازین لەو هێرشانەی دێتە سەرمان. من لێرە ماومەتەوە، چاوەڕوانی هاتنی یەکێکم لە ئوردونەوە و لەگەڵ وەڵامێک لە ئەوروپاوە، رەنگە نیهایەتی هەفتە بتوانم بەرەو لای ئێوە بکەومە رێ، بەڵام ئەگەر بزانم ئێوە دەگەڕێنەوە ئەوا بە فڕۆکە تەرتیبی هاتنەوەکەم دەکەم تا شەقڵاوە."
مام جەلال بۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: لە هەموو مەسەلەیەکدا پرس بە کاک مەسعود بکەن
لە رۆژی 1-9-1992 دا، مام جەلال بە نووسراوێک، فەرمان بە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات کە بۆ "چارەسەرکردنی کێشەی پەکەکە و پاککردنەوەی وڵاتەمان لێیان گوێداری کاک مەسعود بکەن."
لە لاپەڕە 580ی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد)دا، سەرۆک بارزانی دەقی نامەکەی بڵاوکردووەتەوە کە مام جەلال ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە لەگەڵ کاک مەسعود بە تەواوەتی پێکهاتوون و دەڵێ، "چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی پەکەکە و پاککردنەوەی وڵاتەکەمان لێیان، ئەگەر بە خۆشی نەڕۆیشتن، تکایە بە تەواوی گوێداری کاک مەسعود بکەن و لەگەڵ م.س/ی پارتی بە سەرپەرشتی کاک مەسعود هەموو کارەکان پێکەوە ئەنجام بدەن. هەروەها تکایە تاوەکو دێمەوە هەمیشە لە هەموو مەسەلەیەکدا پرس بە کاک مەسعود بکەن و بە راوێژ لەگەڵیان هەموو کارەکان بەڕێوەبەرن لەگەڵ م.س/پارتی بەرەو هاوکاریی ستراتیژی و هەتاسەر."
نامەی سەرۆک بارزانی و مام جەلال بۆ جۆن مەیجەر، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا
دوای بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە 5-4-1991 و دواتر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992 و پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی و مام جەلال سوپاسنامەیەک ئاراستەی جۆن مەیجەر، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا دەکەن کە رۆڵێکی کاریگەریی هەبووە لە دەرچوونی بڕیارەکە و هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و دەڵێن، "ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسین بۆ ئەوەی سوپاس و پێزانینمان بۆ هەموو ئەو کارانە دەرببڕین، کە ئێوە و حکومەتی بەریتانیا ئەنجامتان داوە بۆ یارمەتیدانی گەلی کوردە گەمارۆدراوەکان، هەروەها بۆ گەیاندنی نیگەرانیی خۆمان بە ئێوە لەبارەی زیادبوونی گوشارە ناوچەییەکان لەسەر ئەزموونی دیموکراسی و هەوڵەکانمان بۆ بنیادنانی ئیدارەیەکی خۆجێی بۆ گرنگیدان بە پێداویستییە هەرە بنەڕەتییەکانی گەلەکەمان. لە دوای دروستبوونی پەناگەی ئارام، بە کۆششی ئێوە و سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانان، ئێمە کارمان کردووە بۆ پاراستنی ئەم پارێزگارییە نێودەوڵەتییە وەک تاکە هیوامان بۆ ژیانێکی پارێزراو لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکانی عێراق و دووبارە داگیرکردنی هەرێمی کوردستان."
لە نامەکەدا کە سەرۆک بارزانی دەقەکەی لە لاپەڕە 591ی بەرگی پێنجەمی کتێبەکەیدا بڵاوکردووەتەوە زیاتر هاتووە، "توانیومانە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووی ئازاد و گشتی ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی بدەین بەو ئیدارە پەککەوتەیەی کە بەهۆی کشانەوەی حکومەتی عێراقی لە هەرێمی کوردی بە جێ ماوە، بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەک بۆ بەشەکانی تری وڵات. ئێمە زۆر کارمان کردووە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییە رەواکانی تورکیا، ئێران و سووریا هەر دڵنیاییەکیان پێویست بێت داومانە بە هەریەک لە حکومەتەکانیان بۆ رەواندنەوەی ترسەکانیان لە ئەزموونەکەمان، کە ئامانج لێی پارچەکردنی عێراق نییە، ئەوەی بەدەستمان هێناوە، خۆجێی و ناوخۆییە و بەهیچ شێوەیەک دەرەکی نییە.
وەڵامی جۆن مەیجەر بۆ سەرۆک بارزانی و مام جەلال
جۆن مەیجەر، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا لە 22ی کانوونی دووەمی1993دا وەڵامی نامە هاوبەشەکەی سەرۆک بارزانی و مام جەلال دەداتەوە و لە نامەکەیدا کە بۆ سەرۆک بارزانی ناردووە و لە لاپەڕە 595دا دەقەکەی بڵاوکراوەتەوە، جۆن مەیجەر نووسیویەتی، "من سوپاسگوزاری تۆ و بەڕێز تاڵەبانیم بۆ نامەکەتان لە رۆژی 29ی دێسەمبەر، هەروەها من پێشوازی لە پەسەندنامەی ئەنجوومەنی نەتەوەیی تورکی دەکەم بۆ نوێکردنەوەی رێپێدانی فڕۆکە بەریتانی و ئەمەریکایی و فەرەنسییەکان، کە بنکەیان لە تورکیادایە تا لە فڕینە چاودێرییەکانیان بەسەر ناوچەی دژەفڕینی ئاسمانی باکووری عێراق بەردەوام بن. من هاوڕام لەگەڵت، لەوەی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی پرۆڤاید کۆمفۆرت (دابینکردنی ئاسوودەیی) شتێکی چارەنووسسازە بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی ئاسایش بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، من دڵنیات دەکەمەوە کە ئێمە بە هەموو توانامانەوە و تا ئەوپەڕی کە پێویست بێ ئۆپەراسیۆنەکە هەڵدەسووڕێنین، هەروەها ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر پشتیوانیکردنی هەوڵ و تەقەللاکانی هەموو ئەوانەی بەدوای عێراقێکی دیموکراسی و فرەیی و یەکگرتوودا دەگەڕێن. لەم رۆژانەی دواییدا لێبڕاوێتیی هاوپەیمانان لە سەنگی مەحەک بوو، ئێمەش تووند و مەحکەم بەرسڤمان دایەوە، ئەمەشیان سیاسەتی بەردەوامی ئێمە دەبێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ