بەڵێن تۆفیق 'گەشتەکەی سنەوبەر' و 'نۆ وانە' بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
نووسەر بەڵێن تۆفیق، دوو کتێبی خۆی بە ناوەکانی (گەشتەکەی سنەوبەر) و (نۆ وانە) چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
 
بەڵێن تۆفیق بە رووداوی گوت: "گەشتەکەی سنەوبەر، رۆمانە و باسی مەینەتییەکانی تاکی کورد دەکات، بەڵام لە واقیع لامنەداوە، چونکە پێموایە رۆژانە ئەوەندە تراژیدیا دەبینین پێویستمان بە خەیاڵ نییە. مەبەست لە گەشتی سنەوبەر، گەشتی ژیانە. گەشتی ژیانی هەر کەسێکیش لای من رۆمانێکە".
 
ئەو نووسەرە ئاماژە بەوەشدەکات، چەوسانەوە تەنیا داب و نەریتی کۆن نییە، بەڵکو مۆدێلێکی چەوسانەوەمان جێهێشتووە و ئێستا لەنێو مۆدێلێکی دیکەی چەوسانەوەداین و تەنیا مۆدێلی چەوسانەوەکان گۆڕاون و کەسمان نەگەیشتووینەتە بەختەوەری.
 
لەبارەی کتێبی دووەمیشەوە (نۆ وانە) بەڵێن تۆفیق گوتی:' کتێبێکی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییە، بۆ نووسینی پشتم بە هیچ سەرچاوەیەک نەبەستووە و هەوڵمداوە ئەزموونی فیکری، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و دەروونناسی خۆم بەکاربێنم. هاوشێوەی ئەو کتێبە دوو کتێبی دیکەم هەیە، بەڵام پێموایە ئەم جۆرە کتێبانە وەکو پێویست نەنووسراون و پێویستە هەبن".
 
بەڵێن تۆفیق، ساڵی 1971 لەدایکبووە، تائێستا 8 کتێبی چاپ و بڵاوکردووەتەوە.