هان کانگ 18یەمین نووسەری ژنە لە نێو 121 نووسەردا نۆبڵی ئەدەبی وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتی ئەمساڵی نۆبڵی ئەدەبی بەر هان کانگ، ژەن رۆماننووسی کۆریای باشوور کەوت، بەڵام ئاهەنگێڕانی بۆ خەڵاتەکە وەک براوەکانی پێشووی ئەو خەڵاتە نەکرد، تەنانەت کۆنگریەکی رۆژنامەڤانیشی ساز نەکرد، هۆکارەکەشی بۆ دۆخی ئێستای جیهان گەڕاندەوە کە جەنگی تێدایە و رۆژانە خەڵک دەکوژرێت.
هان سۆنگ وۆن، رۆماننووسی کۆریی (85 ساڵ) و باوکی هان کانگ، لە کۆنگریەکی رۆژنامەڤانیدا لە قوتابخانەیەک لە ناوچەی جۆلا لە کۆریای باشوور، پەیامی کچەکەی بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە راگەیاند و گوتی، هان کانگ پێیگوتووە، لەگەڵ زیادبوونی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە جیهاندا و کوشتنی رۆژانەی خەڵک، چۆن دەتوانن کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ساز بکەن؟ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ئەو کۆنگری رۆژنامەڤانی ناکات".
روونیشیکردەوە، بەنیاز بوو ئاهەنگێک بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە سازبکات، بەڵام کچەکەی پێیگوتووە تکایە ئەو کارە مەکە.
لە 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ بڵاویکردەوە، بەهۆی "کارە بەردەوامەکانی لە نەهێشتنی ترس و لاوازییەکانی ژیان" هانگ کانگ، نووسەری کۆریای باشوور (53 ساڵ) وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ 2024 دەستنیشانکرا.
ئەو ژنە نووسەرە، خەڵاتەکەی لە رێگەی رۆمانی "رووەکخۆرەکە" بەدەستهێنا کە لە 2007 بڵاوکراوەتەوە و لەسەر بنەمای چیرۆکێکی ساڵی 1997ـی هان نووسراوە. چیرۆکەکەی سەبارەت بە ژنێکە کە دوای ئەوەی شەوێک خەوێکی ناخۆش و خوێناوی دەبینێت، بڕیار دەدات واز لە خواردنی گۆشت بهێنێت، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیان و رەفتاری داهاتووی دەبێت.
لیژنەی بەخشینی نۆبڵی ئەدەبی لەبارەی رۆمانەکە دەڵێت، ئەم بەرهەمە دەرخەری راستەقینەی شێوازی بیرکردنەوەی رۆژهەڵاتییەکانە.
لە 2023 ئەو خەڵاتە بەخشرایە جۆن فۆسێی، نووسەری نەرویجی، ئەویش بەهۆی بەکارهێنانی شێوازێکی نوێ بوو لە گەیاندنی پەیام لە شانۆدا. بەهای خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی 11 ملیۆن کرۆنی سوێدییە کە دەکاتە یەک ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
هان کانگ 18یەمین نووسەری ژنە لە نێو 121 نووسەردا خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی وەردەگرێت کە بە گرنگترین خەڵات لە بواری ئەدەب و نووسیندا دەناسرێت. بە دووەم خەڵاتی نۆبڵ هەژمار دەکرێت کە زۆرترین جار لە دوای خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرابێت.
تاوەکو ئێستا 29 نووسەر کە بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن و دەنووسن نۆبڵی ئەدەبییان بردووەتەوە، لە دوای ئەوان فەرەنسییەکان دێن و ژمارەیان 16 نووسەرە و لە ریزبەندی سێیەمدا ئەڵمانییەکان دێن و ژمارەیان 14 براوەیە، بەمەش فەرەنساو وەک وڵات، براوەی زۆرترینی خەڵاتەکەیە.
بە بۆچوونی ئەکادیمیای سوێدی بۆ بەخشینی خەڵاتەکە، ئەو خانمە نووسەرە بەوە ناسراوە کە لە زرۆبەی نووسینەکانیدا رووبەڕووی زەبروزەنگی مێژوویی و یاسا کۆمەڵایتییە نەبینراوەکان دەبێتەوە، هەروەها سادەیی و ناسکیی ژیانی رۆژانەی مرۆڤ دەخاتەڕوو، هەستێکی دەگمەنی لەبارەی پەیوەندییە جەستەیی و رۆحییەکاندا هەیە، لە نێوان مردووەکان و ئەوانەی لە ژیاندان. بە شێوازە شیعرەیی و ئەزموونییەکەی لە نووسیندا، بووەتە داهێنەرێک لە نووسینی پەخشانی هاوچەرخدا.
هان کانگ، لە 1970 لە کۆریای باشوور لەدیاکبووە، یەکەم نووسەرە لە وڵاتەکەی خەڵاتی نۆبڵ بەدەستبێنێت، بەهۆی ئەوەی باوکی رۆماننووسێکی ناسراو بووە، رووی لە جیهانی نووسین کردووە، لە پاڵیدا خەریکی میوزیک و هونەریش بووە، ئەمەش رەنگدانەوەی لە نێو بەرهەمەکانیدا هەبووە.
خەڵاتی ئەمجارەی نۆبڵی ئەدەبی، بۆ نووسەرێک بوو لە دەرەوەی کیشوەرەکانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور کە زۆربەی جار خەڵاتەکە بۆ نووسەرانی ئەو دوو کیشوەرە بووە و بەهۆیەوە رەخنە لە رێکخەرانی خەڵاتەکە گیراوە.
ماتس مالم، سکرتێری ئەکادیمیای سوێدی کە خەڵاتەکە دەبەخشێت، رایگەیاند، پەیوەندیی بە هان کانگ کردووە و پێیراگەیاند کە براوەی خەڵاتەکەیە و باسیان لە ئامادەکارییەکان کرد بۆ رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو.
ئەو رۆماننووسەی کۆریای باشوور، لە 1993 دەستی بە نووسین کردووە و ژمارەیەک هۆنراوەی لە گۆڤاری "ئەدەب و کۆمەڵگە" بڵاوکردووەتەوە، یەکەم بەرهەمی پەخشانی لە 1995 بووە کە لەگەڵ کۆمەڵە چیرۆکێکدا بەناوی "خۆشەویستی یوسو" بڵاویکردووەتەوە.
لە نووسینەکانی هان کانگ، کارەکتەرێکی یاخی لە کۆمەڵگەدا بە دی دەکرێت، ئەمەش لە ژیانی راستەقینەیدا بەدی کراوە و پێشتر لەلایەن دەسەڵاتی وڵاتەکەی، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی رۆشنبیری ناوی لە "لیستی رەش"ـدا هاتووە کە رەخنەیان لە دەسەڵات گرتبوو.
درەوشانەوەی ناوی نووسەر لە 2007 بوو، دوای ئەوەی رۆمانە بەناوبانگەکەی "رووەکخۆرەکە" لە سێ بەشدا بڵاوکردەوە.
لە جیهاندا بووەتە نەریتێک کاتێک نووسەرێک خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرێت، بازاڕی کتێبەکانی گەرم دەبێت، بۆ ئەو نووسەرەش بەهەمان شێوە بووە و کڕیاری بەرهەمەکانی زیاتر بووە و باس لەوە دەکرێت زیاتر لە سەت هەزار کتێبی لەو رۆژەدا فرۆشراون. رۆژی هەینی 11ـی تشرینی یەکەمی 2024 تەواوی بەرهەمە چاپکراوەکانی بە زمانی کۆری لە بازاڕدا فرۆشراون، تەنیا چەند دانەیەکی کەم نەبێت کە بە زمانی ئینگلیزین.
سەرجەم خەڵاتەکانی نۆبڵ لە بوارە جیا جیاکاندا لە ستۆکهۆڵمی سوێد دابەشدەکرێن، تەنیا خەڵاتی ئاشتی نەبێت، کە لە ئۆسلۆی نەرویج پێشکێش دەکرێت.