بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بڵاوکرایەوە

16-08-2022
سیروان عەباس
A+ A-
 
بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) بڵاوبووەوە کە لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە نووسراوەو باسی (راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەکان 1991-2002) دەکات.
 
بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، لە توێی بەرگێکی 832 لاپەڕەییدایە. سەرۆک بارزانی لە پێشەکییەکەیدا نووسیویەتی "ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی، بۆ گەلی کوردستان، قۆناخی گرنگ و پڕ لە گۆڕانکاری و پێشهاتی خێرا بوون. ئاوابوونی خۆری وڵاتانی سۆسیالیستی لە سەرووی هەمووانەوە یەکێتیی سۆڤیەت، رووخانی دیوانی بەرلین، سەربەخۆیی کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو و هەڵوەشانەوەی یۆگوسلاڤیا؛ داگیرکردنی کوێت و شەڕی یەکەمی کەنداو دەرگەی دەرکەوتنی سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندی و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان کردەوە. چی دیکە جیهانی نوێ، جیهانی دوو جەمسەری نەبوو. هەروەها سنوور و سیادەی دەوڵەتانیش خرایە ژێر گوشاری گۆڕانکارییە نوێیەکانەوە. لە غیابی یەکێتیی سۆڤیەتدا ئەمەریکا تاکە زلهێزی گۆڕەپانی سیاسەتی جیهانی مایەوە. ئەم هەلومەرجە تازەیە رێگەخۆشکەریش بوو، کە وڵاتانی رۆژئاوایی ئەو دەرفەتەیان هەبێ بتوانن دەستوەردانی سەربازییش بۆ یەکلاییکردنەوەی گرفت و قەیرانەکان تاقی بکەنەوە. نموونەی هەرە بەرچاو لێدانی عێراق و دەستوەردان لە قەیرانی باڵکان بوو. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا و لەژێر سایەی سیستەمی دوو جەمسەریدا، رژێمە سەرکوتکەر و دیکتاتۆرەکان بۆیان رەخسابوو، لەڕێی حوکمی ئاسنین و تۆقاندنەوە گەلەکانیان بچەوسێننەوە. جیهانیش بەهۆی دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا و بە بیانووی ناوخۆییبوونی کێشەکان، چاوپۆشییان لەو ستەمکاری و پێشێلکارییانە دەکرد، کە لە وڵاتانی دیکتاتۆریدا بەرانبەر هاووڵاتییان و بزووتنەوە رزگاریخوازەکان دەیانکرد، بەڵام لە قۆناغی تازەدا، لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا جگە لە دەوڵەتان ئەکتەری بچووکتریش خۆیان دەرخست و، توانییان لەو سەردەمە نوێیەدا قسەیان هەبێ و گۆێیان لێ بگیرێت. ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتان، بزووتنەوەی سیاسی و جەماوەری و چەکدارییەکان، میدیا و کەسایەتییە بەناوبانگەکان رێگەیان بۆ خۆش کرا کە کاریگەرییان لەسەر بڕیار و رووداوەکان هەبێت. هەموو ئەو پێشهاتە تازانە وایان کرد، لە ئاستی یاسای نێودەوڵەتیشدا کار بەو بنەمایانە بکرێت، کە پارێزەری مافەکانی مرۆڤن؛ رێگەش بۆ ئەوە خۆش بکرێت کە وڵاتان و ئەنجوومەنی ئاسایش پڕەنسیپی دەستوەردانی مرۆیی کارا بکەن و، بۆ رێگەگرتن لە پێشێلکارییەکانی مرۆڤ، دەستوەردانی سەربازی لە هەندێ وڵاتانی یاخی و سەرپێچیکەردا بکرێت."
 
هەر لە پێشەکی بەرگی پێنجەمی کتێبەکەیدا، سەرۆک بارزانی نووسیویەتی، "بۆ گەلی کوردستانیش، ئەو رووداوە گرنگ و جەوهەرییانە دەرفەت بوون بۆ ئەوەی بەتایبەتی لە کوردستانی عێراق بتوانێ هەناسەیەکی نوێ هەڵمژێت و کۆتایی بە ستەمکاری بهێنێت و، لەو مافانەی بپێچێتەوە کە ساڵانی دوورودرێژ ناڕەوایانە زەوت کرابوون و، بە ئازادی شاد ببێت."
 
بارودۆخی کوردستان لە دوای ئەنفال و هاوکێشە جیهانییەکان - قۆناخێکی تاریک و ئاڵۆز
 
بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، لە 20 بەش پێکهاتووە و بەپێی سەردەمی رووداوەکان قۆناخبەندییان بۆ کراوە. لە قۆناخی یەکەمدا، باسی "بارودۆخی کوردستان لەدوای ئەنفال و هاوکێشە جیهانییەکان" دەکات و بە ناونیشانی (قۆناغێکی تاریک و ئاڵۆز) دەنووسێت "یەکێک لە ناخۆشترین و تاڵترین بارودۆخەکان کە بەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا تێپەڕی، قۆناخی دوای ئەنفالەکان بوو لە دوو ساڵی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا. سەرباری ئەوە لەو ماوەیەدا بەرەی کوردستانی توانی رۆڵێکی کاریگەر و بەرچاو ببینێ لە خۆڕاگری و بەرگەگرتنی ئەو ئێش و ئازارانەی بەسەر گەلی کورددا هاتن. هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکان چ لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانی و چ وەک حیزب لە ناوخۆدا کەوتنە ئامادەکاری و خۆسازدان لەپێناو بەخۆداچوونەوە و رێکخستنەوەی سەرلەنوێی ریزەکانیان و ئامادەکاری بە مەبەستی دەربازبوون لەو قۆناغە پڕ تراژیدیایە و دواتر دەستپێکردنەوەی خەباتی سیاسی و سەربازی خۆیان. دوای پرۆسەی ئەنفالەکان، هەموو هەوڵەکان بۆ بەرگری لە مان و نەمان تەرخان کران، چونکە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان روویان کردە هەندەران و دەرەوە بەتایبەت ئەوروپا."
 
رێکخستنەوەی پارتی
 
سەرۆک مەسعود بارزانی، باسی رێکخستنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات لەو قۆناخەدا و دەڵێ "لە هەلومەرجی ئەو کاتەدا، بڕیاری پارتی بریتی بوو لە تەرخانکردنی هەموو هێز و تواناکان لە چوارچێوەی بەرەی کوردستانیدا لە لایەک و، لە ئاستی ناوخۆی پارتیشدا رێکخستنەوەی کاروباری ناوخۆ بەپێی توانا و دەرفەتەکانی بەردەستمان. بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی نێوان 1 هەتا 9ی کانوونی دووەمی 1990 مەکتەبی سیاسیی پارتی زنجیرە کۆبوونەوەیەکی گرنگی بەست و تێیاندا بارودۆخەکەی بە وردی و بەشێوەیەکی بابەتییانە هەڵسەنگاند و ئەم زنجیرە کۆبوونەوانە چەندین بڕیاری گرنگی لێکەوتەوە کە بریتی بوون لە: 
 
1. کاراکردنی زیاتری رێکخستنەکانی پارتایەتی لەناو پەنابەران لە شارەکانی ئێران لە رێگای لقی هەشتی پارتییەوە.
2. نوێکردنەوە و رێکخستنەوەی هەڤاڵانمان لە کەمپەکانی تورکیا، ئینجا سێ سەرکردایەتییان بۆ دابنرێت.
3. فراوانکردنەوەی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لە دەرەوە.
4. دووبارە رێکخستنەوەی سەربازی و ئامادەکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە مەبەستی گەڕاندنەوە و رەوانەکردنەوەی مەفرەزەکانی پێشمەرگە بۆ ناو خاکی کوردستان، ئەویش لە کاتی گونجاودا، دوای کۆتاییهاتنی وەرزی سەرما و کرانەوەی رێگەوبانەکان.
 
یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد لە کوردستانی ئازاددا
 
لە بەشی شەشەمی بەرگی پێنجەمی کتێبەکەیدا، سەرۆک بارزانی لە لاپەڕە 111دا لەبارەی (یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد لە کوردستانی ئازاددا) نووسیویەتی، کوردستان لەو دۆخەدا پێویستی بە گۆڕانکاری و بەڕێوەبەرییەکی نوێی خۆماڵی و بەڕێوەبردنی هەنووکەیی و بە دەستوبرد هەبوو. ئەوە پێویستییەکی مێژوویی و هەنووکەیی بوو. "رۆژی 23ی ئاداری 1991، لە سەرەتای راپەڕین و لە کۆبوونەوەیەکی فرەوانی جەماوەریدا لە کۆیە بەڵێنم بە جەماوەرەکەمان دابوو کە لە پێناو تێپەڕاندنی قۆناخی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دامەزراندنی دامودەزگای فەرمی و شەرعییەکانی کوردستان، هەڵبژاردن بکرێت. لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی سیاسیی بەرەی کوردستانی کە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 1991دا لە خەلیفان بەسترا، پێشنیارم کرد کە بۆ رێکخستنەوە و پێداچوونەوە بە بارودۆخی خۆماندا پێویستە هەڵبژاردن بکرێت. هەموو بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پێشنیارەکەیان پەسەند کرد، بەڵام کاتی هەڵبژاردن دەستنیشان نەکرا."
 
رۆژی 15ی کانوونی دووەمی 1992، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانیدا لە خەلیفان، دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە بڕیار درا کە هەڵبژاردن بکرێت و کاتەکەی نابێت لە 3ی نیسانی 1992 تێ بپەڕێت، هەروەها ئەم بڕیارانەش دران:
 
1. هەڵبژاردنی رابەر و پەرلەمان پێکەوە بکرێت.
2. ناوی فەرمی پەرلەمان دەبێتە (ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان)
3. هەڵبژاردن بە شێوەی رێژەیی دەبێت و رێژەی حەوت لە سەد دیاریکرا.
4. لاری نییە لە گەڕانەوەی دامودەزگەکانی حکومەت، بەڵام نابێت دامودەزگە ئەمنییەکان بگەڕێنەوە، رژێمیش رازی نەبوو بەبێ دەزگە ئەمنییەکان بگەڕێتەوە.
کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتیی بەرە گرنگ بوو و، ئەمانەی خوارەوەش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون:
 
پارتی دیموکراتی کوردستان: مەسعود بارزانی، عەلی عەبدوڵڵا، جەوهەر نامیق سالم، فازڵ میرانی، دکتۆر رۆژ نووری شاوەیس و فرەنسۆ هەریری.
یەکێتی: مام جەلال، کۆسرەت رەسووڵ و عومەر فەتاح.
سۆشیالیست: دکتۆر مەحموود عوسمان و قادر جەباری.
شیوعی: کەریم ئەحمەد، مەلا حەسەن و سلێمانی (ئەبو سیروان).
پاسۆک: مولازم کەریم.
زەحمەتکێشان: قادر عەزیز.
 
19ـی ئایاری 1992 رۆژێکی مێژوویی و چارەنووسساز
 
سەرۆک بارزانی، لەبارەی یەکەم هەڵبژاردنی دوای راپەڕین لە هەرێمی کوردستان نووسیویەتی "بەڕاستی هەڵبژاردن بۆ گەلەکەمان زیاتر وەک جەژنێک بوو، ژمارەیەکی زۆر لەو دایک و باوکانەی کە تەنانەت توانای رۆیشتنیشیان نەبوو لە کۆڵی رۆڵەکانیان دەهێنرانە سەر سندووقەکانی دەنگدان  بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بدەن. ئەوانەشی هێشتا منداڵ بوون و تەمەنی دەنگدانیان نەبوو بە گریانەوە داوای دەنگدانیان دەکرد."
 
بارودۆخی گشتیی دوای هەڵبژاردن و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
لە بەشی نۆیەمی بەرگی پێنجەمی کتێبەکەیدا، سەرۆک بارزانی لە لاپەڕە 193دا باسی بارودۆخی گشتیی دوای هەڵبژاردن و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و تیشک دەخاتەسەر رۆڵی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان.
 
"رۆڵی تێکدەرانەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان"
 
سەرۆک بارزانی نووسیویەتی "کێشەی سەرەکیی پەکەکە ئەوەیە کە خۆی بە جێگرەوەی هەموو لایەن و پارتە سیاسییەکان دەزانێت و لەپێناو بەرژەوەندییەکانیدا دەست بۆ هەموو جۆرە رەفتار و هەڵسوکەوتێک دەبات. هەزمکردنی سەرکەوتنە گەورەکانی گەلی کورد لە دوای راپەڕینی 1991 بۆ پەکەکە کارێکی قورس بوو و چاویان بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان هەڵنەدەهات. دوای هەڵبژاردنەکانی 19ی ئایاری 1992 و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەکەکە لە ئەوروپا چەند کەسێکی کۆکردەوە و پەرلەمانێکی بەناوی (KNK) لە دەرەوە دامەزراند. مەبەستی پەکەکە تەنیا کەمکردنەوەی قورسایی پەرلەمانی یاسایی و شەرعیی کوردستان بوو و دەستیان کرد بە پڕوپاگەندە دژی هەرێمی کوردستان. لەو دژایەتییەشدا فۆکەسی سەرەکییان لەسەر پارتی بوو، چونکە ئەوکات و دواتریش پارتی بە کۆسپێکی گەورە دەزانن لەسەر رێگایان. راستە پێشتر پەیوەندییان لەگەڵ پارتی هەبوو، بەڵام ئەوان وان، هەرکەس و لایەنێک وەکو ئەوان بیر نەکاتەوە، بە چاوی دوژمن سەیری دەکەن، با پەیوەندییان لەگەڵیشی هەبووبێت. پەکەکە پەیوەندیی لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی دژ بە بەرژەوەندییەکانی کوردستان  هەبوو."
 
شەڕی ناوخۆ
 
لە بەشی یازدەیەمی بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد-دا، سەرۆک بارزانی لە لاپەڕە 221دا باسی "گەڕی یەکەمی شەڕی ناوخۆ، هۆکار و ئەنجامەکان" دەکات. 
 
"هەڵگیرسانی شەڕی خۆکوژی"
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت، "دوای ئەو بارودۆخە ناهەموار و ئاڵۆزە، یەکێتی وای دانابوو کە لە رووی سەربازییەوە لە لایەنەکان بەهێزترن و باڵادەستن؛ بەدوای دەرفەتێکیشدا دەگەڕا بۆ ئەوەی شەڕێک لەگەڵ پارتی بکات. بە نهێنیش لەگەڵ پەکەکە لێکتێگەیشتنێکیان هەبوو بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەن و دیاربوو چرای سەوزیشیان لە سووریا پێگەیشتبوو. لەو کەشەدا، 1ی ئایاری 1994، عەلی حەسۆ میرخان لەگەڵ نزیکەی بیست و پێنج پێشمەرگە سەردانی قەڵادزێی کردبوو. دیاربوو لەوێ کێشەی زەوی و چەند دووکانێکیان هەبووە. چوونی عەلی حەسۆ بەبێ ئاگاداری ئێمە بوو. ئەگەر ئاگاداری بابەتەکە بام، بەهیچ شێوەیەک رێگەم نەدەدا لەم بارودۆخەدا بچێت و بابەتێکی لەم شێوەیە بورووژێنێت. لە قەڵادزێ، یەکێتی بە لووتبەرزییەوە هەڕەشەیان لە عەلی کردبوو کە بە زووترین کات قەڵادزێ بەجێ بێڵێت و بە نیازیش بوون سووکایەتیی پێ بکەن. لەم سەروبەندەدا عەلی و پێشمەرگەکان بڕیاری گەڕانەوەیان دابوو، بەڵام لەلایەن خەڵکی سەر بە یەکێتی رێگەیان لێ گیرا و شەڕیان پێ فرۆشرا و بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەی کە پێشتر دایاننابوو و ئەویش شەڕ بوو."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێ "بە برووسکەیەکی زۆر تووند عەلی حەسۆم ئاگادار کردەوە، کە پێویستە بە زووترین کات قەڵادزێ بەجێ بهێڵێت، کەی کاتی ئەم جۆرە گرفت و هەڵسوکەوتانەیە، بەڵام دیاربوو رێگەیان لێ گرتبوو. ماوەیەکی زۆر بوو یەکێتی بەدوای ئەم شەڕەدا دەگەڕا و خۆی بۆ ئامادە کردبوو و بەدوای دەرفەت و بیانووەوە بوو، ئەگینا گریمان عەلی هەڵەی کرد و چووە قەڵادزێ، ئایا ئەوەی دەهێنا ئەو شەڕە گەورەیە بکرێت یان رێگەی لێ بگیرێت و سووکایەتی پێ بکرێت؟ یەکێتی لای خۆی وای دانابوو کە چییان بەسەر بزووتنەوەدا هێناوە، دەتوانن هەمان شت لەسەر پارتی دووپات بکەنەوە، ئەمە لەخۆباییبوونێکی سەیر و مەترسیدار بوو."
 
"بە برووسکەیەک مستەفا چاوڕەش، لێپرسراوی مەڵبەند و ئازاد قەرەداغی بەرپرسی لقم ئاگادارکردەوەو داوام لێ کردن کە پێویستە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە بدەن و رێگە لە روودانی شتی گەورەتر و کارەسات بگرن. هەروەها بە برووسکەیەک مەکتەبی سیاسیی یەکێتیم ئاگادار کردەوە، پێویستە رێگە نەدرێت بارودۆخەکە خراپتر و ئاڵۆزتر بێت و چارەسەرێک بدۆزرێتەوە، بەڵام دیار بوو یەکێتی بڕیاری خۆی دابوو و، بە حسابی خۆیان پارتی تەسفییە دەکەن. لەو سەروبەندەدا ژمارەیەک لاوی خوێنگەرم لە شەڕەکەدا تێوەگلێندران و ژمارەیەکیشیان شەهید بوون کە جیاوازبوون لە رەوتی ساڵی 1966. رۆژی 2ی ئایاری1994 هەرچی هێزی یەکێتی لە سنوورەکەدا هەبوو بەرەو قەڵادزێ جووڵەی پێ کرا، بۆ پەلاماردانی لیژنەی ناوچەی قەڵادزێی پارتی. ئەو پێشمەرگانەی پارتی کە لەگەڵ عەلی حەسۆ بوون و لەگەڵ پاسەوانانی ناوچەکە ژمارەیان نەدەگەیشتە پەنجا کەس بەرگرییان لە ناوچە کرد و ئامادە نەبوون لەسەر هەڕەشەی یەکێتی خۆیان رادەست بکەن. لە شەڕەکەی بەیانیدا عەلی نەبی کە کادیرێکی دیاری سەربازی یەکێتی بوو کوژرا. هێزەکەی پارتی سنووردار بوو و بۆ بەرگری لە خۆیان ئیمکاناتی پێویستیان لەبەردەست نەبوو، بەڵام تا نیوەڕۆ بەرگرییان کرد."
 
"عەلی حەسۆ و بارزان عەبدوڵڵا لەناو ئەو کەسانەدا بوون بە دیل گیرابوون و زۆر دڕندانە شەهید کرابوون. دواتر هەموو ئەوانی تریش بە شێوەیەکی دڕندانە گولـلەباران کران کە ژمارەیان بیست و سێ کەس بوون و، زۆربەیان خزم و کەسوکار و ناسیاوی عەلی حەسۆ بوون. لە کاتی بردنەوەی جەنازەی عەلی نەبی، ئەندامانی یەکێتی لەسەر رێگەکەیان پەلاماری بارەگای لقی یازدە و لیژنەی ناوچەی رانیەیان دا و، بارەگایان سووتاند و ئەحمەد ساڵح بەگی بەرپرسی ناوچەی رانیە شەهید کرا و هاوکات لە چوارقوڕنە و حاجیاوا و سەنگەسەریش پەلاماری بارەگاکانی پارتییان دا. ئەمە سەرەتای شەڕێکی خۆکوژی و وێرانکەر بوو کە پێشوەختە لەلایەن یەکێتییەوە بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو. سەرەڕای ئەو زوڵمەی لە پارتی کرا هەموو رێنمایی و ئامۆژگارییەکانمان بۆ لق و هێزەکانمان دانبەخۆداگرتن و خۆپاراستن لە کاردانەوە بوو".
 
رێککەوتنی واشنتن
 
بەشی شازدەیەمی بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، تایبەتکراو بە رێککەوتنی واشنتن، سەرۆک بارزانی بە ناونیشانی (رێککەوتنی واشینگتۆن و دەستپێکی قۆناغێکی تازە) دەستی بە نووسینەوەی چیرۆکەکانی ئەو رێککەوتنە کردووەو دەڵێ "رۆژی 30ی حوزەیرانی 1998، کاک هۆشیار لە واشنتنەوە برووسکەیەکی نارد. لە برووسکەکەیدا هاتبوو کە بڕیارە دەڤید وێڵش، رۆژی 7ی تەمووزی 1998 سەردانی کوردستان بکات بۆ هەنگاونان لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی لە کوردستاندا. بانگهێشتنامەیەکیش بۆ جەنابت (مەسعود بارزانی) دێنێت بۆ سەردانی واشنتن و رێکخستنی چەند دیدارێک لە ئاساتی باڵا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا."
 
واژۆکردنی رێککەوتننامەی مێژوویی واشنتن
 
لەبارەی سەردانەکە، لە کتێبەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، "دەیڤید وێڵش، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆڵێکی کاریگەری بینی لە رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ رێککەوتنی واشنتن و، گرتنەبەری رێوشوێن و ئاسانکاریی پێویستی بۆ سەردانەکەمان بۆ واشنتن، کاتێک هەستمان کرد ئەمریکا جددیە لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان، ئێمەش لە سەرکردایەتی پارتی بڕیارمان دا بە جددی و هەموو توانایەکمانەوە بچینە ناو پرۆسەکە و هەوڵی تەواو بدرێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان. هەر بۆیە رازی بووم کە خۆم بچمە واشنتن لەسەر بانگهێشتی خاتوو مادلین ئۆڵبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا."
 
سەرۆک بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەکێتی لە ئەمریکا دەڵێت "لە کۆتایی ساڵی 1994ەوە هەتا ئەوکات، یەکەم جار بوو چاوم بە مام جەلال بکەوێت. دیدارەکە زۆر بە خۆشی و سرووشتی لە کەشوهەوایەکی ئاساییدا بەڕێوەچوو، ئەمریکییەکان زۆر خۆشحاڵ بوون بە دیدار و کۆبوونەوەکە و، چاوەڕێیان نەدەکرد بەم شێوەیە بەڕێوەبچێت. دوای چەندین کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان، چەند گفتوگۆیەکی تووند لە کۆبوونەوەکاندا رووی دا، بەڵام سەرەنجام لەسەر رەشنووسی کۆتایی رێککەوتین."
 
چوونی مام جەلال بۆ مەسیف سەلاحەددین
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت "دوای گەڕانەوەمان، مام جەلال هەواڵی بۆ ناردین کە بەنیازی سەردانی مەسیف سەلاحەددینە و ئێمەش زۆر بە گەرمی پێشوازیمان لە پێشنیازەکەی کرد و لەسەر ئەوە رێککەوتین کە رۆژی 8ی کانوونی دووەمی 1999 مام جەلال سەردانی مەسیف بکات. بۆ پێشوازی لە مام جەلال شاندێکی گەورەی پارتیمان ناردە دێگەڵە، شاندەکەی پارتی لە: سامی عەبدولڕەحمان، جەوهەر نامیق سالم، عارف تەیفوور، دکتۆر جەرجیس حەسەن، زەعیم عەلی، فەلەکەدین کاکەیی و برووسک نووری شاوەیس پێکهاتبوون. منیش چوومە گۆمەسپان و پێکەوە هاتینە مەسیف و گەیشتینە بارەگای مەکتەبی سیاسی. ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی یاوەری مام جەلال بوون."
 
سەرۆک بارزانی ئەجێندای ئەو کۆبوونەوەیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: لە کۆبوونەوە هاوبەشەکەماندا چەندین پرس و بابەت خرانە بەر گفتوگۆ:
 
* پابەند بوون بە رێککەوتننامەی واشنتن
* چاوەڕێی هاتنی ئەلیزابێت جۆنز (لە شوێنی دەیڤید وێڵش، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دانرابوو) دەکەین بۆ کوردستان، بۆ ئاگاداربوون لە دوا پەیام و هەڵوێستیان و، ئێمەش هەڵوێستێکی هاوبەش و یەکگرتوومان هەبێت.
* سعودیە و کوێت پەیوەندییان بە من و مام جەلالەوە کرد و رایانگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا جددی بێت لە لادانی سەددام، ئامادەن هاوکاریی بکەن و یارمەتیمان بدەن. بۆیە دەیانەوێ رای هاوبەشی من و مام جەلال بزانن.
 
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا مام جەلال هەندێ خاڵی باس کرد و رایگەیاند کە ئەمە را و بۆچوونی خۆیەتی نەک رای هەموو سەرکردایەتیی یەکێتی:
 
1. پێکهێنانی حکومەتی هاوبەش کە تێیدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پارتی بێت و ئەگەر حکومەتەکە ئیئتیلافی بێت باشترە و داهاتەکانیشی دابەش بکرێن.
2. بۆ پەرلەمان بگەڕێینەوە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 1992، ئەوەش بە مانای ئەوە نییە کە پارتی 45٪ و یەکێتی 44٪ و لایەنەکانی تر 11٪بن.
3. بۆ ئاساییکردنەوە، پێویستە لە هەموو شار و شارۆچکە و شاخ و ناوچەکان بارودۆخ ئاسایی بێتەوە و بارودۆخی هەولێر بەو پێیەی پایتەختی هەرێمی کوردستانە لەبەرچاو بگیرێت.
4. هاوهەڵوێستی و گرتنەبەری گوتاری هاوبەش بەرانبەر وڵاتە دراوسێ و هەرێمییەکان.
5. سەبارەت بە عێراق، ئەگەر جۆنز هیچ پەیام و شتێکی روون و کۆنکرێتیی پێ نەبوو، گەلی خۆمان تووشی هیچ موجازەفەیەک ناکەین.
6. داوا لە جەنابتان دەکەم سەبارەت بە بابەتی دارایی بە سەخاوەتەوە وەرنە پێشەوە لەگەڵم، چونکە بووەتە گرێیەکی دەروونی.
7. چەندی پێویست بێت ئامادەم سەردانی مەسیف بکەم.
 
دوای تەواوبوونی را و سەرنجەکان و گفتوگۆی تێروتەسەلی بابەتەکان، پارتی وەڵامێکی پوختی بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ مام جەلال ئامادە کرد. وەڵامەکەی بریتی بوو لە:
 
1. رازین بۆ حکومەت.
2. زۆرباشە کە پەرلەمان لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ساڵی 1992 پێکبهێندرێت.
3. بابەتی ئاساییکردنەوە زۆر باشە.
4. رازین لەسەر یەکهەڵوێستی بەرانبەر بە دراوسێکان.
5. رازین کە چاوەڕێی هاتنی شاندی ئەمریکا بکەین.
6. بۆ بابەتی دارایی، بڕی شەست ملیۆن دینار بە یەکێتی دەدرێت، واتا بیست ملیۆن زیاتر لەو چل ملیۆنەی ئێستا وەریدەگرن.
7. هەموو دیل و گیراوەکان ئازاد بکرێن.
سەرۆک بارزانی دەڵێت "دوای تاوتوێکردنی بابەتەکان، یەکێتی لەسەر کۆی پێشنیار و وەڵامەکان رازی و خۆشحاڵ بوو."
 
بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخواری کورد، كۆمەڵێك وێنەی مێژوویی و 73 بەڵگەنامەی سیاسی و مێژوویی لەخۆگرتووە. بارەگای بارزانی لەوبارەوە پێشتر گوتبوو: کتێبەکە "سەرچاوەیەكی گرانبەهای سیاسی و مێژووییە بۆ خوێنەران و توێژەران و مێژوونووسان."
 
پێشتر چوار بەرگی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بڵاوکراوەتەوە ، کە هەر بەرگێک باس لە قۆناخێکی مێژووی خەباتی چەکداری و سیاسیی کوردستان دەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە