خەبات عارف: دوای گۆران هەموومان پێکەوە شیعرمان خراپ کرد

16-02-2020
شاخەوان سدیق
نیشانەکردن خەبات عارف گۆران
A+ A-
خەبات عارف، یەكێك لە دەنگە جدییەكانی ناو دونیای ئەدەب و وەرگێڕانی ئێمەیە. كەمتر دەنووسێ و هەمیشە جوانتر دەنووسێ، ئەو دەمانەشی نانووسێت، بەرهەمی جوان و شیاومان بۆ وەردەگێڕێت، لەم گفتوگۆیەدا هەوڵماندا دەربارەی شیعر و خیانەتی وەرگێڕانی شیعر بیدوێنین.
 
شاخەوان سیق: شیعر یەكێكە لە ژانرە تایبەت و گرنگەكانی ئەدەب، ماركیز دەڵێت: "شیعر ئەو خوێیەیە کە ناهێڵێ جیهان بۆگەن بكات". ئەم هەموو تایبەتمەندی و ئەفسوونە چییە لە شیعردا؟
 
خەبات عارف: تایبەتمەندیی شیعر ئەوەیە کە بەرهەمی دڵە و لەگەڵ دڵ و دڵەڕاوکێ و دڵەتەپێ و دڵەلەرزێ و دڵەسووتێ و دوودڵی و دڵڕاچڵەکین و دڵتەپین و ئەو شتانە خەریکە کە ڕێک لە دڵ دەدەن، لەگەڵ گومان و پرسینیش بە تایبەت، نەک عەقڵ! زاناکانیش دەڵێن: "دڵ ئەندامێکی ماسوولکەیی ئینسان و گیانلەبەرانە و لەڕێی دەمارە خوێنبەر و خوێنهێنەرەکانەوە کە بەشێکن لە کۆئەندامی سووڕانی خوێن، ئۆکسجین و خۆراک بە لەش دەدەن و بەو جۆرە بە زیندوویی دەیهێڵنەوە". قسەیەکیش لە ڕاستی و دروستیی ئەمە نییە! بەرهەمی دڵیش دەبێت بە زمانێک دەرببڕدرێت کە لە ئاست و بگرە بەرزتر لەو حاڵەتانەیش بێت کە لەگەڵ دڵ خەریکن. گوتم: ''نەک عەقڵ!'' چونکە ئەمیان دوایی دێت و ئەگەر زمان لە بەرزترین ئاستی خۆیدا توانی ئەوەی لە دڵدا ڕوودەدات و بەسەری دێت دەرببڕێت، ئەوجا کاری ئەم دەستپێدەکات. شاعیر دەبێت بە وریاییەوە کار لەگەڵ ''عەقڵ'' بکات، لەبەر هیچیش نەبێت، دەبێت لەبەر زمان بێت، [زمانیش لەگەڵ دڵ کەمتر دێتەوە و لەگەڵ عەقڵ زیاتر!] تا لە هەڵەوپەڵە و کەموکووڕی و بەئەنجامگەیاندنی کار و کاردانەوەی دڵ؛ کە هەست و نەستەکانن، بیپارێزێت. بەڕاستیش دروست هەر ئەوەیە کە مارکیز دەیڵێت، بەڵام نەک بە تەنیا شیعر، بەڵکو: ''هونەرە جوانەکان خوێ نەبووبان، جیهان دەمێک بوو بۆگەنی کردبوو''. شیعریش لەوانەیە، ئەگەرچی دەمێکە لای ئێمە وا نەماوە و خۆ جیهانیش دەمێکە بۆگەنی لێ هەڵدەستێ و هەموومان لێی بەئاگاین، بەڵام دڵ هەمیشە بەرگر بووە لە تەواو بۆگەنکردنی و بە تواناکانی خۆی لە گۆڕیندا لە هەموو ڕوویەکەوە و لەگەڵ هەموو ڕۆژگارەکاندا توانیویەتی دڵمان بەوە خۆش بهێڵێتەوە کە هێشتا ترووسکاییەک لە دوورەوە دەگڕێت! شیعر هەموو شتە جوان و باڵاکانی زمان و تا ڕادەیەک ''عەقڵ''یشی لەنێو خۆیدا کۆکردووەتەوە و پێموابێت ئەفسوونی شیعر لەوێوەیە و لەوێوە دێت و هەر کۆبوونەوەی ئەو شتە جوان و باڵایانەیشە کە هێشتا ناهێڵێت جیهان و دڵیشمان لەگەڵیدا بۆگەن بکەن. کەواتە: شیعر هەیە و هەبووە بۆ ئەوەی دڵ و جیهان بەتەواوی بۆگەن نەکەن و دانەڕزێن.
 
شاخەوان سدیق:  لەناو ژانرەکانی‌ نووسیندا، هەمیشە دەگوترێ شیعر باشترینیانە بۆ ئەوەی‌ مرۆڤ بتوانێ بەباشی‌ باس لە کۆکراوەی‌ هەموو شتەکان بکات، واتە "زام، ئازار، ڕەشبینی‌ و جوانی و‌ میهرەبانی‌ و دڵڕەقی‌..." به‌ بڕوای ئێوه‌ هۆکاری‌ ئەمە چییە؟ شیعر ئەم هەموو خەسڵەتانەی‌ لەکوێوە هێناوە؟ بەڕاست مرۆڤ بۆ دەیەوێت شیعر بنووسێ؟
 
خەبات عارف: مرۆڤ شیعر دەنووسێت بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو شتانەی تۆ باسیان دەکەی و بۆ کۆکردنەوەی لەوانیش زیاتر و دوایی دەربڕینیان بەوپەڕی چڕوپڕییەوە کە زمان رێ دەدات و جارنا تێپەڕاندنی ئەوەیش کە زمان ڕێی نادات، هەر ئەو هەوڵی چڕوپڕکردنەوەیەی زمانیشە کە لە شیعردا زیاتر لە هەموو ژانرەکانی تر، هەستی پێ دەکەین و دەیبینین کە چۆن جارنا، وشە لە مانا فەرهەنگییەکەی خۆی دادەبڕێت و وشە بە جۆرێک لەگەڵ خۆی دەسازێنێ کە مانایەکی تر، یان ماناگەلێکی تر، لە نێوخۆیدا هەڵبگرێت. ئەوەندەی من سەری لێ دەربکەم، ئەوەی بە شیعر دەکرێت، بە ژانرەکانی تر ناکرێت، مەگەر زمانی نووسینیان نزیک بخرێتەوە لەوەی هاوڕێیانی شیعر ناویان لێناوە: ''زمانی شیعری''. زمانی شیعریش، دیسان بەر لە هەر شتێکی دیکە، کاری دڵە و ئەوجا کاری شتی تر و مرۆڤ بۆ ئەوەی دڵی و ئەوەی لەگەڵ دڵیدا خەریکە دەرببڕێت؛ شیعر دەنووسێت. من وا دەیبینم. ڕاشکاوانەتر بڵێم: ''مرۆڤ شیعر نەنووسێت، سوێ و ئازارەکانی دڵی خۆی دەیخۆن و دایدەڕزێنن!'' مرۆڤ چیی تری لە شیعر زیاتر پێویستە بۆ خۆپاراستن، کە هەموو شت هەر دایدەڕزێنن!؟ شیعر پەناگەی دانەڕزان و بۆگەننەبوونی دڵ و دەروونی مرۆڤە و شاعیر لەوێ نەبێت، نابێت بە خۆی و بۆ ئەوەیش کە خۆی بێت، شیعر دەنووسێت.
 
شاخەوان سدیق: زۆرجار دەگوترێ بەشێكی گەورەی نووسینی شیعر بۆ دەرخستنی ناشیرینییەكانی ژیانە، هێندەی باسكردن بێت لە جوانییەكانی، بەڕاستی ئێوە پێتانوایە ئەدەب و تێكستی شیعری بۆ كاری ڕەخنەگرتن لە ژیان، یان ئەدەب بەگشتی و شیعر بەتایبەتی، بۆ خوڵقاندنی دونیایەكی نوێن لەودیو ژیانی واقیعییەوە؟
 
خەبات عارف: دەکرێت شیعر ناشیرینییەکانی ژیان دەربخات، بەڵام لە کاتی نووسینی شیعردا نیازی شاعیر ئەوە نییە و ڕەنگە دوایی ئەوەی لێ بکەوێتەوە، یا وا لێکبدرێتەوە کە نیازی شاعیر ئەوە بووە، بەڵام شاعیر شیعر دەنووسێت و خەریکی ئەوەیە خۆی و دونیابینیی تایبەت بە خۆی بە شیعر بداتەوە و لە پلوپای ئەوەدایە کە خۆی و دونیاکەی خۆی بە مۆسیقا و دیمەن و ڕەنگ بڕەنگێنێ. کەواتە! بەم جۆرەی کە من سەری لێ دەردەکەم: ''شیعر خوڵقاندنی دونیایەکی نوێ نییە لەودیو ژیانی واقیعیدا، بەڵکو خوڵقاندنی دونیایەکی نوێیە لەنێو ژیانی واقیع خۆیدا. ئەم خوڵقاندنەیان گرنگترە، دەنا واقیع هەیە و ژیانی ئەودیوی واقیع، بەو جۆرەی کە من لێی تێگەیشتووم، نییە و ئەگەر شیعر لەگەڵ ئەو ژیانەدا خەریک بێت، لە وڕێنەکردن زیاتر بەرهەم ناهێنێ.''
 
شاخەوان سدیق: ئەوەی وای كردووە ئەدەبیات، بەتایبەت شیعر ئاڵوگۆڕ بكات لە نێوان نەتەوە جیاوازەكاندا، پڕۆسەی وەرگێڕان بووە، بەڵام دەربارەی ئەمە بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێك پێیانوایە وەرگێڕانی شیعر خیانەتە و، هەندێكیش بە كردەیەكی مەحاڵ، بەڵام پێویست و گرنگ ناوی دەبەن کە هەر دەبێت بكرێت. هۆكاری ئەمە چییە؟
 
خەبات عارف: هەموومان؛ بە فەرشەکەی نێو داغستانی منی رەسوڵ حەمزاتۆڤ ئاشناین! وەرگێڕان دیوی ئەودیوی فەرشەکەیە و پێموابێت وەرگێڕ دەبێت بزانێت و چاری ناچارە کە دەبێت بزانێت، ئەگەر خۆشی بکوژێت، فەرشەکە ئەنجام هەر ئاوەژوو ڕادەخات. ئەگەر لەوە بەئاگا بوو، ترسی لەوەیش دەشکێت پێی بگوترێت: ''خائین!''. نا، من باوەڕم وا نییە کە وەرگێڕانی شیعر خیانەتە و شاعیر خائین، بەڵام وەرگێڕانی شیعر ڕێک وەک خۆی نزیکە لە مەحاڵەوە، بەڵام پێویست و گرنگیش.
ئێمە؛ ئەوانەی شیعر وەردەگێڕین، نیازێکمان هەیە و لەوەیە نیاز ئەوە بێت کە بمانەوێت بە یەکتری بڵێین ئەوانی تر وا دەنووسن و ئێوە کە لەنێو فەرهەنگەکەی ئێمەدا دەنووسن دەبێت ئاگاداربن لەوەی ئەوان چۆن دەنووسن و ئێوە نابێ نائاشنا بن بە جۆری نووسینی ئەوان. ئەمە دەڵێم و دڵنیام لەوەی کە ئەمە پێویستە و وەرگێڕانی شیعریش ناچارییە و لەوەیش دڵنیاتر هەم کە بڵێم: ''هیچ چارێکمان نییە و دەبێت هەموومان؛ ئەوانەی بە بەنی ئادەم ناودەبرێین، لەڕێی بەرهەمهێنانەوەی ئەو حاڵەتانەوە کە دڵی خۆمان و ئەوانی تر پێیاندا تێپەڕ دەبن، [دیارە مانا نابەرجەستەکەیم مەبەستە]، ئاگامان لەوە بێت کە چۆن دڵی خۆمان بە شیعر دەردەبڕین. خۆزگە وەک ئەوەی کە  یەک بەنی ئادەمین، ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە دڵنیام ڕاست نییە، یەک زمانیشمان هەبووبا و ئەو کارەساتەمان بەسەر خۆماندا نەهێنابا کە ئەوانی تر فەرش ڕابخەن و ئێمەومانانیش بێین، بۆ ئەوەی فەرشی ئەوان پێشانی خۆمان بدەین، بە دیوەکەی تردا ڕایبخەین! ئای زمانەکان! ئای بەنی ئادەم، چیت بەسەر خۆتدا هێناوە! کەواتە: وەرگێڕان هەمیشە پێویست بووە و ئەگەر وەرگێڕان بە هەموو هەڵەوپەڵەکانیشیەوە نەبووبا، بەم جێیەی ئێستامان نەدەگەیشتین.
 
شاخەوان سدیق: بەوپێیەی شیعر بەشێكی گرنگی هارمۆنی و مۆسیقایە، بۆ وەرگێڕانی كەسی وەرگێڕ پێویستی بە سەلیقە و شارەزایی زۆر هەیە، پێتانوایە هەموو وەرگێڕێكی ئەدەبی دەتوانێت‌ شیعریش وەربگێڕێت، یان پێویستە كەسی وەرگێڕ خۆی شیعرنووس بێت، یان شارەزایی باشی لە شیعردا هەبێت و خۆی خوێنەری بەردەوامی شیعر بێت؟
 
خەبات عارف: من کەسێکم هەمیشە بەر لە هەرکەس، لە خۆم گومان دەکەم و دەپرسم! نا، هاوڕێ گیان، من گومانم تا گەیشتن بە بڕوا بەوە هەیە کە ''هەر وەرگێڕێکی ئەدەبی ناتوانێت، شیعر وەربگێڕێت!'' بۆ؟ چون وەرگێڕی شیعر، دەبێت تا ئەوپەڕی شارەزایی لە شیعردا هەبێت. لەمەیش گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت شارەزایی لە هەردوو فەرهەنگی لە بەرانبەر یەکتر وەستاودا هەبێت. 
 
شارەزایی باش لە شیعردا بۆ کەسێک کە شیعر وەردەگێڕێت، لە باش باشترە، چون شیعر نەک هەر هاوئاهەنگی و مۆسیقا و مۆسیقای نێو وشە بە وشەی شیعرە، بەڵکو هیی نێو پیت بە پیتی شیعر و پێکهاتەکانی تری شیعرە و ئەوجا چڕوپڕیی زمان و زمان خۆی و کێش و پێوەندی یەکانگیری وشە و دەستەواژە و هەموو شتەکانی ترن پێکەوە و وەرگێڕ؛ ئەگەر بۆ خۆی شاعیر بێت، چاکتر لە هەرکەس ئەم شتگەلە دەناسێت و دەتوانێت لە کاری وەرگێڕاندا بیانداتەوە. تەنیا ئەوەی کە کەسی وەرگێڕ شیعرنووس بێت، [شیعرنووسیش! بۆ خۆی ئیتر شتێکە!] بەش ناکات. مەگەر کێ شیعرنووس نییە، بەتایبەت لای ئێمە!؟ ئایا هەر هەموو دەتوانن شیعر باش وەربگێڕن؟
 
شاخەوان سدیق: ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی وەرگێڕانی شیعرەكانی خانمە شاعیری سویدی (ئێدیت سوێدەرگران)ی، دەتوانیت پێمان بڵێیت هۆكاری هەڵبژاردنی ئەم شاعیرە و بە قووڵیی ئیشكردن لەناو شیعرەكانیدا چییە؟
 
خەبات عارف: خۆزگە دەمتوانی بڵێم هۆکار چییە! لەبەر هیچ نا، لەبەر باڵایی شیعرەکانی (سوێدەرگران) کە من لە هەوڵی ئەوەدام پشت فەرشەکەی شیعری ئەو بە خۆم و کورد بناسێنم. سوێدەرگران؛ یەک لە ناوازەترین شاعیر و شیعرەکانی، کە هەموویان نا و زۆربەیان، لە ناوازەترینی ئەو شیعرانەن کە حەز و ئارەزووی منیان لە دەمێکەوە بۆ لووتکەکانی جوانی و بوون بردووە. با ڕێکەوتێکی سەیرت بۆ بگێڕمەوە کە من چۆن بە شیعری ئێدیت سوێدەرگران ئاشنا بووم: ''تازەبەتازە؛ منی ناموبارەک، خەریک بووم بە شیعرێکی تر ئاشنا دەبووم و لە زانکۆی ستۆکهۆڵم لە پلەیەکی تری زماندا دەمخوێند، [نازانم و بیرم نایەتەوە کەی بوو، ڕەنگە کۆتایی 1985 بووبێت.] ڕۆژێک مامۆستاکەمان شیعرێکی پێداین بە ناوی ''ئەو خاکەی کە نییە!'' و داوای لێ کردین لە ڕووی چەندوچۆنی فێربوونی زمانی سوێدییەوە، [بیرم کەوتەوە، چوارشەممە بوو!] بۆ دووشەمەی داهاتوو قسەیەکی لەسەر بکەین و من ئیتر کە بە نیاز بووم لەگەڵ زمانی سوێدی زیاتر خەریک بم، کە هاتمەوە ماڵ و شیعرەکەم خوێندەوە، هەستم کرد بەسەر شتێکی تا بڵێیت ناوازەدا کەوتووم و تەواو: ''لەگەڵ خۆی بردمی! هەر ئەو لەگەڵ خۆبردنە بوو ئێستایش نەهاتوومەتەوە و کەمێک لەوسا دواتر، کە ئیتر زیاتر فێری زمانی سوێدی بووم، شیعری ئەو سوێدەرگرانە؛ [بە قەولی جوانی خۆشەویستترین هاوڕێم ئێستا: ''شیعری ئەو خودانەناسە!''] لەگەڵ خۆی خەریکی کردم و ئێستایش هەر لەوێم.'' 
دەمەوێت بڵێم: ''ئێدیت، من و هەرکەس نییە، قووڵی قووڵە و دەمەوێت کەمێک بەو قووڵییەی شیعرەکانی ئەو، زمانی خۆم قووڵتر و بوونی خۆم قووڵتر بکەم!'' هەر ئەوەیشە کە بۆ زیاتر لە پانزدە ساڵ دەچێت، ڕۆژانە، لەگەڵ ئێدیت دەژیم و نامەوێت بڵێم خۆی نا و دەڵێم: ''خۆی و شیعرەکانی!'' هیچ نیازێکیشم نییە نە لەو و نە لە کەس، شیعر و زمان و ئەو دڵە ''داغان!''ەی ئەو نەبن، کە بە هیچ هێز و بە هیچ کەس ماڵی ناکرێن، من کەم دێنم! ڕەنگە من، نەوەیەکی بەئەمەکی شیعر و دونیابینیی ئێدیت بم، چون ئەو بەس سیویەک ساڵ ژیا و چ ژیانێکیش کە ژیا، نە خۆی و نە منداڵ! بەڵام تا ئەوپەڕی شیعری نوێ و باڵاتر کردەوە. چووزانم! بەکورتییەکەی: ''ئێدیت بەشێک لە من و شیعرەکانی ئەو بەشێکی زۆرتر لە ژیانی منن و هەروەهایش دەمێننەوە!'' دەمەوێت لەوەیش زیاتر بڵێم: ''من ئیشم بە دونیابینیی ئێدیت نییە، ئیشی من ئەوەیە کە شیعرەکانی ئەو بە کوردی، بە هەموو پێکهاتەکانی شیعرەوە، بنووسمەوە.'' توانیومە، یان دەتوانم؟ نازانم. 
 
شاخەوان سدیق: كاتێك سەیری ئەدەبیاتی كوردی دەكەین، بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەر بە شیعر دەستیپێكردووە، ماوەی ساڵانی ڕابردووش بە چڕی شیعری شاعیرانی بیانی بۆ زمانی كوردی وەردەگێڕدرێن، بەڵام بە پێچەوانەوە كەمترین شیعری شاعیرانی ئێمە بۆ زمانەكانی دیكە وەرگێڕدراون، هۆكاری ئەمە چییە؟ قورسیی پڕۆسەكەیە، یان كەمتەرخەمی؟
 
خەبات عارف: قورسیی پرۆسەکە کە هەیە و نکوڵی لێ ناکرێت و ئەوە نەوەکانی ئێمە ڕەنگە کۆتایی پێ بهێنن، بەڵام شیعری ئێمە بەوپەڕی نەترسییەوە دەیڵێم: کەمێکیان نەبێت، رووی مەجیلسی نییە.
 
هۆکاری سەرەکی، کە من هەستی پێ دەکەم، ئەوەیە و هیچی تر. شیعری ئێمە، هەر هەموومان [ئەوانەی شیعر دەنووسین.]، کەم تا زۆر، گوناهبارین تێیدا؛ دوای عەبدوڵا گۆران، بە ڕێیەکی تردا بردمان و هەموومان پێکەوە خراپمان کرد و لە هەموو شت نزیکمان خستەوە و لە شیعر نا! دیسان: زۆرینەی شیعری ئێمە ڕووی مەجلیسی یارانی شیعری ئەوانی تری نییە و عەیبی عەیب ئەوەیە وەریانبگێڕین!. باشیش دەکەین کە نایکەین، چون حەیامان دەچێت! کەسیش لە دەرەوەی دونیا بچووک و بە زۆری زۆردارەکی بە گەورە کراوەکەی ئێمەدا، لەو شیعرە ناشیعرە، ناپرسێت و ناپرسێتەوە و دەستیشیان خۆش بێت و دڵیشیان ئاوەڵا و ئەوان چاک دەکەن و ئێمە خراپ! ئەمە کەی و چۆن تێدەپەڕێنرێت، من نازانم! دەبێت ئەوانەی دوای ئێمە دێن، وەڵامی ئەوە بدەنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە