جەنگ و مەرگ
د. محهممهد سهنعهتی
وهرگێڕانی: عادل قادری
روون و ئاشکرایە کە جەنگ رووبەڕووبوونەوە و هەڵسوکەوتی ساویلکانە لەگەڵ مەرگدا دەگۆڕێت؛ مەرگ ئیدی نکۆڵی لێناکرێت. ئێمە ناچارین باوەڕ بکەین، خەڵک بەڕاستی دەمرن، ئەویش نە تاک تاک، بەڵکوو کۆمەڵ کۆمەڵ و بهلێشاو، هەندێ کاتیش 10 هەزار کەس لە رۆژێکدا. مەرگ چیدی رووداوێکی بەهەڵکەوت نییە . . . ژیان جارێک ¬تر بەڕاستی سەرنجڕاکێش بووە.
زیگمۆند فرۆید1
فرۆید لە ساڵی 1915، نێزیکەی یەک ساڵ دوای دەستپێکردنی جەنگی یەکەمی جیهانی، وتاری(ئەندێشەگەلێک شیاوی رۆژگاری مەرگ و جەنگ) ی نووسی و بە رستەیەکی لاتینی کۆتایی پێهێنا( ئەگەر دەتەوێ بەرگەی ژیان بگری، خۆت بۆ مەرگ ئامادەکە):
2 para mortem. ، "si vis vitam
مارتین هایدیگهریش چەند ساڵ دواتر بە تێڕوانینێکی بوونناسانە بۆ مرۆڤ، لە کتێبی هەستی و زەماندا، (دازاین) ی بە ئیرادەی بەرەو مەرگکشان ناسییەوە. دەزانین کە وتارەکانی فرۆید و ئەم کتێبەی هایدیگهر بوو کە لە مەودای نێوان دوو جەنگی جیهانیدا، بەو دۆخە تایبەتەی کە جەنگی یەکەم خولقاندبووی، کۆمەڵگای رۆژئاوا و تێڕوانینی ڕۆژئاوایان بۆ مەرگ و دواتر بۆ سەرتاپای ژیان و لایەنە رەنگاڵەیی و جۆراوجۆرەکانی گۆڕی و ئیدی ڕۆژئاوا نەیتوانی چاوی خۆی لە هەمبەر مەرگدا بنووقێنێت! ئەگەرچی بە باوەڕی زۆر کەس مەرگ لە ڕۆژئاوای نێوان ساڵەکانی 1920-1970 وەکوو "تابۆ" لە تەشقی بێدەنگی و شەقڵنەشکاوی خۆیدا بووە3.
بۆیە ئەو روانینەی کە لەسەرەتای چاخی رێنیسانس و بووژانەوەدا لەمەڕ دیمەن و دیمانەی بەردەوامی مەرگ، کە لە کۆمەڵگای مەرگئەندێشی چاخەکانی ناوەڕاستدا وەرگەڕابوو تا لەمەبەدوا چاو ببڕێتە ژیان، جارێکی دیکە گۆڕانکاری بەسەردا هات. بیری ئینسانی مۆدێرن وەها زاخاو درابوو کە ئیدی بیر لە مەرگ نەکاتەوە، بە هەمان شێوە کە سپینۆزا لەو نۆرمە ئەخلاقییە تازەیەی دایڕشتبوو، دەیگوت: (مرۆڤی ئازاد) دەبێت (کەمتر لە هەرشتێکی دیکە بیر لە مەرگ بکاتەوە)؛ چونکە (هزری ئەو) لە سەردەمی نوێدا (قووڵڕوانین بۆ ژیان) بوو نەک (مەرگ) 4؛ بەم عەقڵە نوێیە ژیاندۆستهوه بوو کە ڕۆژئاوا دەسکەوتگەلێکی گەورە و سەرسوڕهێنەری مسۆگەر کردبوو، پاشەڕۆژی خۆی گەش دەبینی و بە زانست و تەکنۆلۆژیا بە خێرایی و قورس و قایمییەکی زۆرترەوە بەسەر تەنگوچەڵەمەکاندا زاڵ دەبوو.
بۆیە ئیدی هیچ هۆیەکی نەبوو بگەڕێتەوە سەر هەمان رێبازی مەرگئەندێشی کە لە سوقراتەوە تاکوو میشێل دۆمونتین لەسەری رۆیشتبوو. بەتایبەتی کە نیچەش، پێغەمبەری کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست ،ئاشکرا و روون فەرمووبووی:
. . . ئەوەی کە خەڵک هەرگیز نەیانەوێت بیر لە مەرگ بکەنەوە، من شادومان دەکات!
زۆر خوازیاری ئەوەم کە وەها بکەم ئهندێشهی ژیان سەدان جار تامەزرۆتر بێت لایان. 5
بەڵام ئێستاکە ئەم جەنگە مەرگئامێز و رووخێنەرە، وەها زەینی ئینسانی رۆژئاوایی هەڵخڕاندبوو تاکوو جارێکی دیکە ئاوەزبێزی (عقل ستیزی- دژهعهقڵی) و بەربەرییەتی پەنامەکی ناخی خۆی بۆ دەرخات؛ ئەو بەربەرییەتەی کە وایدەزانی چووەتە ژێر ڕکێفی عەقڵی ئامێریانەی خۆی و مرۆڤی شارستانی توانیویەتی خواستی شەڕئەنگێزی و توندوتیژی لەهەمبەر ئەویدیدا، واتە ئینسانی بەربەری ئەشکەوتنشین، کۆنترۆڵ بکات و بەجێیبێڵێت! بەڵام جەنگی یەکەم بە فریوسڕینەوە(disillusionment) لە زەینی شارستانیانەی مرۆڤی رۆژئاوا، چاوی ئەو بوونەوەرەی کردهوه تاکوو واقیعی ڕاستەقینەی خۆی ببینێت. کەواتە فرۆید خەمە زەینییەکانی خەڵکی دەرەوەی بەرەکانی شەڕی لەبەرچاو بوو، دوو هۆکاری گرینگی تێدا بەدی دەکرد:
یەکەمیان (. . . فریو سڕینەوە و چاوکردنهوه له ههمبهر ئەو شتەی کە ئەم جەنگە هەڵیخڕاندبوو) و دووهم (تێڕوانینی گۆڕدراو بەنیسبەت مەرگ) کە ئەم جەنگە دەشێت وەک هەر جەنگێکی دی بە سەرماندا بیسەپێنێت. 6
ڕاستی دەگوت (ئەم جەنگە وەکوو هەر جەنگێکی¬تر، سەرنجی مرۆڤ بۆ لای مەرگ ڕادەکێشێت)، بەڵام ئەمە گرێدراوی ئەو مەرجە بوو کە ڕاڤەکاران و شیکارانی کولتوور، لە دوای هەر جەنگێک بە شێوازێک بێنە ناو کایەکەوە کە وەکوو ئەو و باقی دەروونشیکاران، کۆمەڵناسان و مرۆڤناسانی سەدەی بیستەم لێکیانبدایەوە و شییان بکردایەتهوە.. ئەگینا ئەگەری ئەوە لەئارادا بوو کە گۆڕانێکی ئەوتۆ لە زەینی مرۆڤدا نەخولقێت؛ ئەگەرچی لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە تاکوو 1815 جەنگە بەردەوامەکانی ناپلیۆن، ئەوروپای بێقەرار و پەشۆکاو کردبوو. بەڵام چاوخشاندنێکی خێرا بە ساڵەکانی دوای ئەو جەنگانەدا، دەریدەخات کە تێڕوانینی ئەوروپییەکان بۆ مەرگ، بهرەو لایهکی¬ تر داشکایەوە و گۆڕانی بەخۆوە دیت. کاریگەرییەکەی لانیکەم لەسەر ئەدەبیات و فەلسەفەی سەدەی نۆزدەهەم جیاواز بوو.
ئەدەبیات و مەرگ
لە ئەدەبیاتی ئەو سەردەمەدا وشەی هاوزا(double) سێبەری داخست و بوو بە باو، کە بە شیکاری و شرۆڤەکانی ئۆتۆ رانک (Otto rank) لە پێوەندی لەگەڵ مەرگدا وەکوو هێما و سەمبول هاتە پێناسەکردن. ئامادهیی ئەم مۆتیڤە لە دوای شەڕەکانی ناپلیۆن لە ئەدەبیاتی ئەوروپادا زۆر و زەبەند بوو، بەڵام ساڵەکانی دوای جەنگی یەکەم و دووەم یا نەدەبینرا یان بەدەگمەن دەبینرا و هەستی پێ دەکرا 7 . دیاردەیەکی دیکە، لەساڵی 1818 دا بە بڵاوبوونەوەی فرانکێشتاین مێری شێلی سەریهەڵدا و بە ژانرێکی نوێ لە رۆمانی ئەوروپیدا لە قەڵەم دەدرا، دەرکەوتنی رەهەند و لق و پۆپی جیاواز بوو لەسەر تەوەرەی مەرگ، یان ئەو ژانرانەی بابەتی هاوبەشیان بریتییە لە سامی مەرگ، کوشتن، کوژران، رۆح و تارمایی.
بەکورتی واتە ئەو ژانرانەی کە لە خۆگری رۆمانی جینایی، پۆلیسی- جینایی، خوێنمژەکان، کوشتنە زنجیرەییەکان و یان بەسەرهاتی شارلووک هۆڵمز، نۆڤڵە سیاسییە جیناییەکان، نۆڤڵە تۆقێنەرەکان و بەگشتی ئەوەی وا لەژێر واتای ئەدەبیاتی گۆتیک لە سەرتاسەری سەدەی نۆزدەهەمدا زاڵ و باو بوو.
رەنگە دیاردەی سەرەکی هەموو ئەم ژانرانە ئەوە بووبێت کە فرۆید بە وشەی"uncanny8" لێکیدابووەوە و لە وتارێکدا دوای جەنگی یەکەمی جیهانی لە ساڵی 1919 بڵاوی کردەوە. فرۆید لەو وتارەدا، چیرۆکی (پیاوێ له لم)ی هۆفمان و دیاردە سەیر و سەمەرە و غەوارە و ترسناکەکانی کە رەنگە بە هێما یا نواندنەوەی مەرگ لە قەڵەم بدرێت، خستە بەر سەرنج و تێڕامان.
ئەمە سەرەڕای جۆرەها فیلمی بە ناوەڕۆکی تارمایی و ڕۆحلەبەر و بوونەوەرە فەزاییەکان و فیلمە جینایی، رەوانییە- جیناییەکان، کە دواتر گەییشتە ریوایەتە مرۆڤخۆرانه و کانیباڵهکان لە سینەمادا؛ وەکوو فیلمگەلی هانیباڵ و بێدەنگیی کارژۆڵەکان کە لە هەموویاندا خواستی مرۆڤ بۆ توندوتیژی، تاوان و مەرگ ناوەند و چەق بووە.
سهرچاوه و پهراوێزهکان:
*مرگ، مجموعه مقالات، نوشته و ترجمه محمد صنعتی... و دیگران، تهران؛ سازمان چاپ و انتشارات،1388.
1-Freud.s(1915)
،'Thoughts for the times on war and death'، S.E.XIV،vantage،2001،London،pp.291
2-freud.s(1915)
،'Thoughts for the times on war and death'، S.E.XIV،vantage،2001،London،pp.300
3-Gordon.rose Mary(1976) dying & creativity
،society for analytical psychology itd pp5.
4-Spinoza.Baroch(1674) Ethics in complete works trans. Shirly . s ; edit .M.L. morgan Hackelt،pub.2002،pp.355.
5-nietzsche Friedrich(1882); The gay science, Transl. Kaufmann .w, Yanntage Books,
A pho 278 , pp.224.،، 1974
6- Freud .s(1915) 'Thoughts for the times on war and death, S.E.XIV،vantage،2001،London،pp.275
7-Tucker.H in 'The Double" By Otto rank(1914) Morsfield library.1989.pp.xx.
8-Freud.s(1919)'uncanny'