سەماكەی دایە فاتم

14-10-2019
رەسوڵ سوڵتانی
نیشانەکردن ئەدەب و کولتوور
A+ A-

انا للە و انا الیە....
خوشك و برایانی خۆشەویست...

كچێ خۆ هەموو مەلایەك بەو ئایەتە دەستپێناكا، مەلای وا هەیە لە پێشدا لەبەرخۆیەوە ورتەورتێكی دێ و دوور كە دەیبینێ لێوی دەبزوێ، دەزانێ ئەوە لەبەر خۆیەوە وێرد و دوعایان دەخوێنێ. با بخوێنێ، بەشكم خودا بەو دڵە پاكەی ئەومان لەگەڵ بكا. دایە فاتم هەمیشە وای دەگوت. دەیگوت رۆڵە مەلا جێنشینی پێغەمبەرانن، ئەو قورئانەی لە سینگی پێغەمبەردا بووە، بە میرات بە مەلا گەیشتووە. مەلا میراتگری پێغەمبەرانن. كە ئەو قسەیەی دەكرد، حەمە كۆمەڵە لەبەر خۆیەوە دەیگوت پیف فف ف ف ف ف 
دایە فاتم دەیگوت حەی قوزەڵقورت، بە ئێستای نەبێ، كوڕە هەی سەرت لە قوڕێ نێی، ئەوە خودا مۆری بەو دڵەتەوە ناوە و دڵت رەش بووە. دەتبینمەوە. كوڕە خۆ تۆ بابت زۆر بە ئیمان بوو. ئەوە تۆ بۆچی دڵت وا ڕەش بووە. ئەی ئەی نەكەی، كوڕە هەر نەبێ لەكنەمن قسە بە مەلا نەڵێی. بە قوڕئانەكەی مەلا رەحیمی ئامۆزام لێی خوێندووە غەزەبت لێ دەبارێ، گول دەبی. رۆژێك داوێنت دەگرێ...

حەمە كۆمەڵە دیسان شتێكی دەگوت و هەڵدەستا دەڕۆیشت. سێ چوار رۆژان دایە فاتم ئارام و قەراری لێ هەڵدەگیرا. هەر لەبەرخۆیەوە دەیگوت: خوایە تۆبە، یاڕەبی تۆبە، خوایە تۆبە گووم خوارد لەگەڵ جەمیعی موسوڵمانان. خوایە من گوێم لێ نەبووە، خوایە لەسەر منی نەنووسی..... دیسان لەبەرخۆیەوە دەیگوت: جا بۆ لەسەر منی بنووسێ؟ خۆ ئەمن هەر ئەوەندەم لەدەست هات بەگژیدا بێم. مەلا رەحیمی ئامۆزام دەڵێ ئەگەر شتێكت لەبەر خودا پێناخۆش بوو، مەیشارەوە، بەگژیدا وەرەوە، ئەگەر نەتوێرا بە زمان بیڵێی لە دڵی خۆشتدا پێت ناخۆش بێ، خودا لەسەر تۆی حیساب ناكا و پێی خۆش دەبێ. ئەوەتا ئەمن نەك لە دڵەخۆمدا وەڵا بەگژیدا هاتم و زۆر چاكیش بەگژیدا هاتم. وەڵاهی ئەو هەتیوە لەوەتەی لەگەڵ ساڵەی مینە مەلا دەگەڕێ ئاوا كافر بووە. خۆ بە منداڵی دەچووە لای مەلا و سی جزمەی قورئانیشی خەتم كردبوو. بستێك منداڵ بوو یاسینی سۆفی مەحموودی خوێند. ئەو رۆژە مەلا لەماڵ نەبوو. خۆزگەم بەوێ رۆژێ نەكا. رۆژی رەش بوو. ئاخر سۆفی پیاوێكی نوورانی بوو. گیانی دەرنەدەچوو. هەر چاوی لە رێگا بوو. شەماڵی كوڕی ساڵانێك بوو رۆیشتبوو و نەهاتبووەوە.

 رۆحی هاتبووە سەر لێوی، سەر لووتی. كوڕە چووزانم، دەرنەدەچوو. ئازاری دەچێشت. دەتگوت دەخنكێ. چاوی بەسەر دەرگای ژوورەكەوە سپی ببوو. زانیمان چاوەڕێی شەماڵە. ناعیلاج چووین لە نێو ئاڵبوومەكەدا دوو وێنەی شەماڵمان بۆ هێنا. حەمەش قوڕئانەكەی دەخوێند. سووڕەتی یاسین. جا چ دەنگێكیشی هەبوو. تەیری لە ئاسمانێ رادەگرت. بیسمیللاهی ڕڕەحمانە ڕڕڕەحیم... یااااااااا سین ن ن، وەلقوڕئان... چووزانم هێندەیان لەسەر مردووان خوێندووە خەریكە لەبەری بكەم. وەڵا هەر ئەوەم مابوو. نا لێی گەڕێ، دەترسم فێری ئەوە بم وەك ئەو حەمە تووتكە سەگەی لە دین وەرگەڕێم. جا بەو دەنگە خۆشەی دەیخوێندەوە و ئێمە وێنەكانی شەماڵمان هێنا. لەبەرچاوی سۆفی رامانگرتن. بە حاستەم لێوی لەرزین. فرمێسك لە چاوی لووزەیان بەست و ئارام چاوی لێكنا.

گوتم دە خوا عافووی بكا ئیشەڵا، دڵی خۆت سەغڵەت مەكە مە دایە فاتم. حەمەش كوڕی چاكە، جارێ گەنجە و سێ چوار كتێبی خوێندووەتەوە و هەر ئەوەندەی تێگەیشتووە.

بە ڕەحمەت بێ دایە فاتم گوتی هەی تڕحێو. جا ئەگەر كتێبخوێندنەوە سەرت ئاوا لێ بشێوێنێ، وەڵاهی وەك خۆم نەخوێندەوار بی باشترە.

ئەو ئێوارەیەی بە بەردەرگای ماڵی دایە فاتمدا تێپەڕیم و گوێم لە دەنگی هاتوهاواری دایەفاتم بوو كە جنێوی بە حەمە كۆمەڵە دەدا و یەك بە خۆی هاواری دەكرد، هەر سەرم سووڕما. قەتم نەدیتبوو دایە فاتم ئاوا دەرهەڵبێ و جنێوان بدا و ئەوی بێتە سەر زاری نەیگێڕێتەوە. گوتم بێ و نەبێ ئەو هەتیوە بە ئێستای نەبێ، ئەو توخمە سەگە چووە دیسان سەری كردووەتە سەری و شتێكی وای گوتووە كە دایە فاتم بە كوفری تێگەیشتووە. یان لەوانەشە هەر هیچی نەگوتبێ و دایەفاتم قسەكانی ئەوێ رۆژێی لە دڵ دەرنەچووبێ و قینی ئەو قسانەی پێ ڕشتبێ. گەڕامەوە و چوومە حەوشەكەیان. جارانیش كە حەزم دەچووە قسەخۆشەكانی دایەفاتم ئاوا یەكەوڕێ دەچوومە حەوشەكەیان و هەرام دەكرد: دایە فاتم، نایەی دیسان ناوكم ببڕی؟ ئاخر دایە فاتم ناوكی هەموو منداڵانی گەڕەكی بڕیبوو. بۆیە هەموو پێمان دەگوت دایە. حەمە كۆمەڵەش پێیدەگوت دایە. ئەویش دەیگوت، كوڕە هەی قوزەڵقورت، زۆریشم خۆشدەوێی سەرخڕ، بەڵام لێشت تووڕەم، جار جارە خۆت كەر دەكەی. جیا لەوە نابیتە بەشەر و شایەتمانێك ناهێنی. رۆڵە هەموو دەمرین، باشە بۆچی بەبێ ئیمانی بمری؟ حەمە بە پێكەنینەوە دەیگوت، خەتای خۆتە بە منداڵی خراپت پێچاومەتەوە و دوعای باشت لەسەر نەكردووم. جا دایە فاتم تووڕە دەبوو و دوو سێ جنێوانی دەدایێ و دەیگوت: هەتیوە سەگە ئەگەر لە دایك بووی هەر لە ئادەمیزاد نەدەچووی. نازانی دایكت چ ژانێكی هەبوو. لێی نەدەبووەوە. شەش منداڵی دیكەی لەسەر دەستی من ببوو، لە هیچیان هێندەی تۆ ناڕەحەت نەبوو. هەر نیوەعومرت كرد. هەموومان پێمان وابوو بەو منداڵبوونە دەچێ. خودا روحمی پێ كردی. هەر دەبێ شوكرانەبژێری ئەو روحمەی خوا بی، هەر هیچ هیچت لەچاودا نەبێ ئەو روحم و بەزەییەت لەبەرچاو بێ. 

ئەو رۆژەش كە گەڕامەوە وەك جاران گوتم نایەی ناوكم ببڕی؟ سەرێكی هەڵێنا و ئیدی وەك جاران نەیگوت هەتیوە وەرە چایەكی لەكنە دایكێ خۆت بخۆوە. وای نەگوت، بەڵكو وەك دایكێكی ساوایەكت بە زۆر لە چنگی دەرهێنابێ و دڵنیاش بێ ساواكەی دەكوژی، ئاوا بۆم هات و ئامبازم بوو. گوتی: كوڕە لەعنەت لە ژەكت، لەعنەت لە ناوكت... هەتیوە كەرە، بۆچی پێت نەگوتم ئەو حەمە سەر زلە چیی لەبن سەریدایە ها؟ ئەوەتا كوڕەكەی منی بردووە و رۆیشتووە. دەڵێن چووە بۆتە كۆمەڵە. ئەی هاوار، كوڕە وەرن عالەمینە رەجمم بكەن، ئاخر كوڕی من چ كاری بە پێشمەرگایەتییە ها؟ پێشمەرگەی چی؟ ئاخر رۆڵە كورد بە تۆ رزگار دەبێ؟ تڕحێو... حەمە كۆڵی ئامە قەرەج كوردستانم بۆ رزگار دەكا. تڕحێو و و و و... دیسان رووی تێكردمەوە، گوتی نەكا ئەتۆش؟ نا نا ئیشەڵا تۆ ئەوەندە... نازانم دەیویست بڵێ ئەوەندە چی. تەواوی نەكرد، دەنگی وەك دەنگی نووزەی نیوەزیندوویەكی لێ هات. وەك بڵێی تووڕەییەكەی چركەیەك لەوەپێشی لەبیر چووبێتەوە و كتوپڕ وەك سەتڵێكت ئاوی سارد پێدا كردبێ، سارد بووبێتەوە. خۆی ڕاژاند و بە تاقانە كوڕەكەیدا هەڵگوت. نەمدەزانی دەڵێ چی، دەمزانی دەیلاوێنێتەوە. لە ناكاو سەری هەڵێنا و گوتی یاڵڵا دەی لەو حەوشەیە نەتبینمەوە. بڕۆ وەدەركەوە. بێرەدا نەیەوە ها، وەڵا ئەوی نانێكی لەگەڵ ئەو حەمە خوێڕییە خواردبێ، بە دەركمدا بێتەوە پشیلەی لە كلكی دەخەم... ئیدی گەڕامەوە و هیچم نەگوت.

گوتم لێیگەڕێ با تۆزێك بێتەوە سەرخۆ و ساردبێتەوە. دامنابوو بچمەوە لای بڕێكی دڵ بدەمەوە، بەتایبەتی پێش ئەوەی هەیاسی كوڕی ئاوا كتوپڕ لەگەڵ حەمە كۆڵ بەبێ ماڵاوایی بڕۆن، دایە فاتم بەڵێنی پێدابووم هەموو ئەو هەقایەتە فۆلكلۆرییانەم بۆ بگێڕێتەوە و لێشمگەڕێ تۆماریان بكەم و دوایی بیاننووسمەوە. جار دەیگوت جوان گوێت بكەوە، ئەوە دەیاننووسیەوە، خودام لەو خودایەی بەناوی خۆت بڵاویان بكەیەوە. ئەمنیش بەڵێنم پێدا بێت و كردمە كتێب، بەبێ ناوی ئەو چاپ و بڵاو نەبێتەوە. ئەویش نەیگوتبایە هەر وام دەكرد. تەنانەت گوتیشی بە مەرجێك بۆتیان دەگێڕمەوە، دوو فڕووجی لاریم بۆ بكڕی. بەڵام رۆیشتنە لەناكاوەكەی حەمە و هەیاس ریسەكەی لێ كردمەوە خوری. بەرەبەری پاییزێ بوو. 

سێ مانگ پتر بوو ئەوان رۆیشتبوون و من نەموێرابوو بەو كۆڵانەدا بڕۆمەوە. تەنانەت ئەگەر لە جێیەكیش تووشی دایەفاتم بوایەم، هەرچۆنێك بێ كارێكم دەكرد نیگام لە نیگای نەئاڵقێ و فیزماڵكم دەدایێ و خۆم لێ دەدزییەوە. تا ئەو رۆژەی كتوپڕ گەڕەكەكەمان شڵەژا. دەرپەڕیمە دەرێ، دەتگوت كەس لە ژوورەوە نەماوە. هەموو بەرەو ماڵی دایە فاتم دەچوون. رۆژی حەشر بوو. خەڵكەكە رایاندەكرد. فریا نەكەوتم پێڵاوەكانم بكەمە پێم، هەر وا بەسەر پێمەوە كردن و وەشوێن خەڵكەكە كەوتم. بەدەم غاردانەوە بەرەو ماڵی دایە فاتم لە یەك دوو كەسم پرسی چ بووە؟ گوتی دەڵێن هەیاس كوژراوە و دایە فاتم شێت بووە. 

نەمزانی چۆن گەیشتمە حەوشەكەیان. ئەو چووبووە سەربان. خەڵكێك لە خوارەوە لە دەوری شتێك راوەستابوون كە بە پاڵەپەستۆش نەمتوانی بچمە پێشێ. دەرزیت هەڵاویشتبایە وەعەرزی نەدەكەوت. گوتیان تەرمەكەی هاتووەتەوە. خەڵكێكی زۆر هەوڵیان دەدا پەیژەیەك بێنن و بە دیوارەكەیەوە بنێن و بچنە سەربان و دایە فاتم بێننە خوارێ. ئەو لە سەربانی ماڵەكەیان دەسرەیەكی سپی و یەكی سووری بەدەستەوە بوو سەمای دەكرد و یەك بەخۆی دەیقریواند. هەستن، هەستن، دەی چەپڵە لێدەن، دەی زەماوەندی هەیاسی كوڕمە. ئەوەتا بە زاوایی هاتۆتەوە. دەی دەی ئوووووووی ئوووووووووی چەپڵە... چەپڵە... چەپڵە... 
هەتا سێ چوار كەسی بە تین و گوڕ خۆیان گەیاندە سەربان و دایە فاتمیان گرت، ئەو هەر سەمای كرد. جاروبار تا لێواری گوێسوانەكە دەهات، قاقایەكی دەكێشا، سەیرێكی خوارەوەی دەكرد و پەنجەی بۆ تەرمەكەی هەیاس رادەداشت و دەیگوت: بەخۆشی زاوایە، دەی چەپڵە، چەپڵە... زاوا بەبێ بووك هاتۆتەوە... دەی خەڵكینە. خەڵكەكە بەشێكیان دەگریان، بەشێك تاسابوون. بەشێك لەبەرخۆیانەوە شتێكیان دەگوت كە دەبوو گوێت زۆر سووك بێ جا بزانی دەڵێن چی. سێ چوار ژن لەبەر دیوارەكەوە دانیشتبوون و بەكوڵ بۆ مردووی خۆیان دەگریان و دایە فاتم بە دوو دەسرە سەمای دەكرد و دەیگوت گەردنتان ئازا ناكەم، تاقانە كوڕێكم بووەتە زاوا بۆ هەڵناپەڕن؟

هەرچۆنێك بێ هێنایانە خوارێ... ئیتر لەو رۆژەوە هەموو رۆژێ كەڕەی بەیانی خەڵكی گەڕەك بە هەستە بەشان، چەپڵە لێدەن، بەخۆشی زاوای بێ بووك و ئەو شتانەی دایە فاتم بەخەبەر دەهاتن. ئێوارانیش، رێك لەو چركە و سەعاتەدا كە تەرمەكەی هەیاسیان هێنابووەوە، دەچووە سەربان. پەیژەكەیان لێ شاردبووەوە، بەڵام ئەو خۆی دەگەیاندە حەوشەی ماڵی خەجە رەشی جیرانیان و بە پەیژەكەی ئەواندا دەچووە سەربانی ئەوان و لەوێوە دەهاتەوە سەربانەكەی خۆی و بە دوو دەسرەوە دەكەوتە سەما. وردە وردە خەڵك لەگەڵ سەماكانی دایەفاتم راهاتن و ئەگەر رۆژێك دایە فاتم چەند ساتێك درەنگتر دەستی بە سەماكەی بكردایە، خەڵكێكی زۆر نیگەرانی دەبوون. ئێوارەیەك دیسان زەنازەنای كۆڵان گوێی ئاودامەوە و زانیم بێ و نەبێ شتێك قەوماوە.

 كە وەك ئەوێ رۆژەكە دەرپەڕیمە دەرێ، خەڵك ئاوا بە لێشاو و بە هەڵەداوان بەرەو ماڵی دایەفاتم دەڕۆیشتن. گوتم: ئای خۆزگە ئەو تەرمەی هاتبووەوە، هی هەیاس نەبووبێ و ئێستا هەیاس هاتبێتەوە و لە دەرگای دابێتەوە.... ئیتر خەیاڵە، دەڵێی چی و چیی لێ دەكەی... كە گەیشتمە حەوشەكەیان، خەڵكێك دیسان رێك وەك ئەو رۆژە لە دەوری شتێك كۆببوونەوە كە هەرچی كردم نەمتوانی بچمە پێشێ... هەر كەسە و لەبەرخۆیەوە دەیگوت خوایە گیان زۆر شوكرانەبژێرین، ئۆخەیش بۆخۆی حەسایەوە، نەجاتی بوو. وەیش... كوڕە نەجاتی چی، دەڵێن كە بەربووەتەوە هەلاهەلا بووە. دەڵێن بە ئەنقەست خۆی بەرداوەتەوە. ئەنقەستی چی؟ بۆ ئاگای لەخۆی مابوو تا بە ئەنقەست شتێك بكا؟ ناوەڵا هەر نەشیزانیوە لەسەربانە. ئەو شوێن و كاتی لێ تێكچووبوو. كە سەرم هەڵێنا، لە قەبران بووین. لە تەنیشت گۆڕەكەی هەیاس. مەلا بە دەنگێكی بەرز گوتی: ئیننا لیللاه و ئیننا ئیلەیهی راجیعووون...
خوا لە گوناهانی خۆش بێ...

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی کتێبەکە

عەبدولستار مەجید چیرۆکی ئەو باوکە دەگێڕێتەوە کە لە شەڕی بزووتنەوە و یەکێتی دا چووە سەر تەرمی کوڕەکەی

عەبدولستار مەجید، کتێبێک لەبارەی ژیانی کۆمەڵایەتی، پێشمەرگایەتی و سیاسیی خۆی چاپ و بڵاو دەکاتەوە. لە بەشێکی کتێبەکەدا بەناوی "دیمەنێکی جەرگبڕ" چیرۆکی باوکێکی یەکێتی دەگێڕێتەوە کە لە شەڕی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی دا چووەتە سەر تەرمی کوڕەکەی، کە پێشمەرگەی بزووتنەوە بووە.