ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کتێبێک لەبارەی مافی کەمینەکان چاپ و بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کتێبی "هەرێمی کوردستان و مافی کەمینەکان" کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو ئامادە کراوە، لە دوو توێی 160 لاپەڕەدا بە قەبارەی مامناوەند، چاپ و بڵاوکرایەوە.
کتێبەکە چوار توێژینەوەی لە خۆی گرتووە: یەکەمیان بەناوی "جوگرافیای هەمەڕەنگیی کولتووری لە هەرێمی کوردستان" لەلایەن د. عەبدولڕەحمان کەریم دەروێش نووسراوە.
د. عەبدولڕەحمان کەریم دەروێش لە بەشێکی توێژینەوەکەی دەڵێت: "لەگەڵ گەلی کوردستان، ژمارەیەک گەلی دیکەش لەسەر خاکی کوردستان دەژین، کە پێکەوە ناسنامەی نیشتمانی کوردستان پێکدێنن، ئەم گەلانە هەر لە بنەڕەتەوە لە دانیشتووانی رەسەنی کوردستانن، هەندێکیشیان لە ناوچەی دیکەوە هاتوون و کوردستانیان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ ژیان و مانەوە بینیوە.
توێژینەوەی دووەم لەلایەن پ. ی. د. چواس حوسێن بە ناونیشانی "چوارچێوەی یاسایی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان - عێراق" ئامادە کراوە.
توێژەرەکە دەڵێت: "مافی پێکهاتەکان یەکێکە لەو بوارانەی بەشێوەیەکی بەردەوام گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بەخۆوە بینیوە، بەشێوەیەک کە ئێستا وەک یەکێک لە پێوەرەکانی دیموکراسیبوونی کۆمەڵگەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."
"کۆمەڵگەی کوردستانی و مافی کەمینەکان" توێژینەوەیەکی پ. ی. د. مونا یوحەننا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستانە لە کتێبی "هەرێمی کوردستان و مافی کەمینەکان" بڵاوکراوەتەوە.
پ. ی. د. مونا یوحەننا یاقۆ لە توێژینەوەکەیدا دەڵێت: "مافی بەشداری سیاسی تاڕاددەیەکی زۆر بۆ کەمینەکان بەردەستە، بەڵام پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی گشتگیرە. هەروەها دەبێت گرنگییەکی جیددیش بدرێ بە هەڵسەنگاندنی کەمینەکان خۆیان بۆ ئەو بەشدارییە. بە تایبەتیش کە بەشێوەیەکی بەردەوام داوا دەکەن هەندێک لەو بنەمایانەی بەشداریی ئەوانی لەسەر بنیانراوە، دەستکاریی بکرێن."
توێژینەوەی چوارەم لە نووسینی پەیڕەو ئەنوەرە بە ناونیشانی "کۆمەڵگەی کوردستانی و مافی کەمینەکان". توێژەر لە بەشێکی توێژینەوەکەیدا نووسیویەتی: "سەرباری کەموکوڕی و بۆشاییەکان، رەفتاری کۆمەڵگەی کوردستانی بەشێوەیەکی گشتی لە بەرامبەر کەمینە و پێکهاتەکاندا نموونە و مۆدێلی جوان و پێشەنگە لە ناوچەکەدا."
توێژینەوەی پێنجەم و کۆتایی بە ناونیشانی "روانگەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان سەبارەت بە رەوش و مافەکانیان لە هەرێمی کوردستان" لەلایەن توێژەرانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، عەلی کوردستانی و مەحموود بابان ئامادە کراوە.
توێژەران راپرسییەکی مەیدانیان لەنێو پێکهاتەکاندا کردووە، سەبارەت بە رەوش و مافەکانیان لە هەرێمی کوردستان، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە بە گشتی پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێن ئازادانە رێورەسمی تایبەتی نەتەوەیی و ئایینی خۆیان بەبێ هیچ ئاستەنگێک جێبەجێ دەکەن. جیاوازیش لە بۆچوونی تاکەکانی سەر بە پێکهاتەکان لەنێو خۆیاندا هەیە.