لە سلێمانی رێگری لە خەڵاتکردنی عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری سلێمانی رێگری دەکرێت لە دیدارێک کە بڕیار بوو تێیدا خەڵاتی وەرگێڕی نموونەیی بدرێتە عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، که‌سایه‌تی سیاسی و ئه‌ده‌بیی رۆژهەڵاتی كوردستان.
 
عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، نووسەر و کەسایەتیی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەند رۆژێک بوو پێیانگوتم رێزلێنان و خەڵاتی وەرگێڕی نموونەییم پێدەبەخشرێت، بەڵام بە نیو کاژێرێک بەر لە دەستپێکردنی کارەکە لەلایەن کەسێکەوە لە دامەزراوەی کەریمی عەلەکەوە پێیانڕاگەیاندم کارەکە هەڵوەشاوەتەوە و ئاسایش رێگە نادات بکرێت."
 
دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، بایەخ بە کاری ئەدەبی و نووسین دەدات، بڕیار بوو کاژێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 12ـی ئایاری 2024، دیداری مامۆستا شکور مستەفا لە سلێمانی سازبکات، تێیدا وەکو لە پۆستەری بانگهێشتنامەکەدا هاتووە بڕیاربوو وەرگێڕی بە ئەزموون عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە ئامادەبێت و خەڵاتی وەرگێڕی نموونەیی لەلایەن دامەزراوەکەوە پێببەخشرێت.
 

عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە گوتی نیگەرانە لەوەی دیدارەکە هەڵوەشاوەتەوە و خەڵاتکردنەکەی نەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: "من لە دامەزراوەکە نیگەران نیم، دەشزانم دۆخەکە بە شێوەیەکە بەهۆی گوشاری ئێرانەوە بووە، بۆیە تێیدەگەم."
 
ئەو نووسەرە کە رێگەگرتن لە خەڵاتکردنەکەی بە پێشهاتێکی "خراپ" ناودەبات، دەڵێت ئەگەر لە دیدارەکە ئامادەبووایە تووخنی سیاسەت نەدەکەوت و باسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی نەدەکرد، ئەو جەختدەکاتەوە: "باسەکە باسی سیاسەت و ئێران نەبووە، من بۆ ئەوە بانگکرابووم خەڵاتی وەرگێڕانم پێبدرێت."
 
عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، ساڵی 1938 لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە سەرەتای گەنجێتییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کردووە و لەو پارتەدا سەرجەم پلەکانی تاوەکو سکرتێری گشتیی حیزبی بڕیوە. لە کۆنگرەی 10ـی حیزبەکەدا لە ساڵی 1995 بە سکرتێر هەڵبژێردرا.
 
خاوەنی زیاتر لە 15 کتێبە لە نووسینی خۆی و وەرگێڕان، زمانەکانی فارسی و عەرەبی دەزانێت.