رووداو دیجیتاڵ
رۆمانی 'تاوانی پیرۆز'ی نووسەر کوردۆ شابان چاپ و بڵاوکرایەوە. نووسەری کتێبەکە دەڵێت، رۆمانەکە باس لە مشتومڕە هەنووکەییەکانی ئێستای کورد دەکات.
تاوانی پیرۆز، لە 592 لاپەڕەی قەبارەی 21/14 پێکهاتووە و رۆستەم ئاغالە، تابلۆی بەرگەکەی کێشاوە و لوقمان رەشیدی، دیزاینی کردووە. کوردۆ شابان، نووسەری رۆمانەکە بە رووداوی گوت، "کتێبەکە لەلایەن ناوەندی رۆشبنیریی مەم و زینەوە بڵاو دەکرێتەوە".
کوردۆ شابان، لەبارەی رۆمانەکەیەوە زیاتر گوتی، "رۆمانەكە ریالیزمە، باسی سەردەمێكی زۆر تازە و مشتومڕە هەنووكەیییەكانی ئێستای كورد دەكات. رووداوەكان لە هەولێر، سلێمانی، دهۆك، لوبنان، مەغریب، توركیا و شوێنی دیکە روو دەدەن".
بە گوتەی نووسەری رۆمانەکە "قسەی رچەشكێنی سیاسی، ئایینی و تەنانەت ئیرۆتیكی تێدایە و تابلۆی بەرگەكە، رەنگدانەوەی دیمەنێكی دوو پاڵەوانی ناو رۆمانەكەیە".
کوردۆ عومەر، ناوە ئەدەبییەکەی کوردۆ شابانە، نووسەر، توێژە و وەرگێڕە. ساڵی 1983 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، هەر لەو شارە تا چواری سەرەتایی خوێندووە و دواتر لەگەڵ ماڵباتەکەی لە چەند وڵاتێکی عەرەبی ژیاوە. بەهۆی کاریگەریی خانەوادە ئایینییەکەیەوە، هەر بە منداڵی شارەزای زانستە ئیسلامییەکان وەک قورئان، فەرموودەی پەیامهێن و زانستەکانی دیکە بووە و دواتریش بەدەوامی بە خوێندنی ئیسلامی داوە و کۆلێژی شەریعەی خوێندووە.
تائێستا نۆ کتێبی چاپ و بڵاوکردوونەتەوە، رۆمانی تاوانی پیرۆز، سێیەم كتێبی ئەدەبیی نووسەرە پاش كۆمەڵەچیرۆكێك و وەرگێڕانی رۆمانێكی جان دۆست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ