ناسر حیسامی: داوامان کردووە ماڵی مامۆستا هێدی لە هەولێر بکرێتە مۆزەخانە


رووداو دیجیتاڵ 

ناسر حیسامی، نووسەر و وەرگێڕ، کوڕی مامۆستا هێدی حیسامی شاعیری کلاسیکی کوردە و دەڵیت، لە ماڵەکەی باوکم لە هەولێر بە سەتان نامە هەن کە لە کەسایەتییەکانی وەکو مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانییەوە پێیگەیشتوون پارێزراون. داواش دەکات ئەو خانووە بکرێت بە مۆزەخانە بۆئەوەی خوێندکار و هۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی بتوانن دەستیان بە سەرجەم دەستنووس و بەرهەمەکانی رابگات.
 
رووداو: چی بکرێت بۆ پاراستنی بەرهەمی شاعیرانی نێوداری کورد؟
 
ناسر حیسامی: بەرهەمی کار و ژیان و تێکۆشانی ئەوان کۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبییە و ئەوەی دەبێتە ئەرک لەسەر شانی ئێمە و نەوەکانی داهاتوو، ئەوەیە کە بەرهەمەکانیان بپارێزین و چاپ و بڵاویان بکەینەوە تا لەو رێگەیەوە، نەوەکانی دوای ئەوان ئاگاداری بەرهەمەکانیان بن. بەتایبەتیش ئەوە گرنگە کە گەنجی ئێمە و ئەوانەی ئێستا خەریکی کاری ئەدەبی و هونەرین و لەبواری فەرهەنگ و رۆشنبیریدا کاردەکەن، بزانن کەئەو کەسانەی رۆژێک خزمەتێکیان کردووە، کۆمەڵگەی ئێمە پێی دەزانێت و پاداشتیان دەداتەوە و رێزیان لێدەگرێت. ئەگەر پێچەوانەکەی بێت و گەنجی ئێمە وابزانێت خۆ ماندووکردن بێهوودەیە و دوایی پێنازانرێت، رەنگە ئەو دەڵگەرمییەیان نەبێت کە بۆ خوڵقاندن و داهێنان پێویستە.
 
رووداو: لەم بارەوە چی کراوە بۆ پاراستن و بەئەرشیڤکردنی بەرهەمەکانی مامۆستا هێدی؟
 
ناسر حیسامی: بەداخەوە کارێکی زۆرمان نەکردووە.
 
رووداو: بۆچی؟
 
ناسر حیسامی: رەنگە هۆیەکی ئەوەبێت کە ئێمە بەداخەوە لێرە نین، هەندێکمان لە دەرەوەی وڵاتین و هەندێکیشمان لە رۆژهەڵاتی کوردستانین، ئەو کارە هەندێک بەدواداچوونی پێویستە، بەڵام بەشێکیشی ئەوەیە کە رەنگە ئەو گلەییە لەسەر ئێمە هەبێت کە بەڕادەی پێویست هەوڵمان بۆ نەدابێت. 
 
رووداو: لەم بارەوە، هیچ پڕۆژە و پلانێکتان هەیە بۆ داهاتوو؟
 
ناسر حیسامی: بەڵێ! کاتێک کە مامۆستا هێدی گیانی لەدەستدا، لەبواری کەسییەوە بۆ ئێمە زەبرێکی ناخۆشی رووحی و دەروونی بوو، مرۆڤ لە هەر تەمەنێکدابێت کە دایک و باوکی نەما، ئیدی هەست دەکات پشتیوانییەکی لەدەستداوە و ماڵی شێواوە، بەتایبەتی بۆ ئێمە کە مامۆستا هێدی شاعیر و نووسەر بوو، زۆر ئەوەمان بەلاوە گرنگ بوو کە ئەو بنەیە تێکنەچێت. بۆیە پێشنیازێکمان دایە سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گوتمان ئێمە پێمان خۆشە ماڵەکەی مامۆستا هێدی، وەکو چۆن تێیدا ژیاوە، هەروا بە بەرهەمەکانییەوە وەکو مۆزەخانەیەک بپارێزرێت.
 
رووداو: ئەی چی کرا و هەوڵەکانتان بەکوێ گەیشت؟
 
ناسر حیسامی: بەداخەوە تاوەکو ئێستا کارێکی زۆرمان بۆ نەکراوە.
 
رووداو: بەدواداچوونتان بۆ بابەتەکە کردووە؟ وەڵام چی بووە؟
 
ناسر حیسامی: وەڵامیان ئەوەبوو کە دەیکەن، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا نەکراوە.
 
رووداو: داواکاریتان چییە؟
 
ناسر حیسامی: داواکاری ئێمە ئەوەیە کە ئەو ماڵە وەک مۆزەخانەیەکی لێبکرێت و بەرهەمەکانی مامۆستا هێدی تێدا بپارێزرێت، بە هەموو ئەو شتانەوە کە بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و ژیانی ئەون.
 
رووداو: ئەم بەرهەمانەی مامۆستا هێدی خۆیان لەچیدا دەبیننەوە؟
 
ناسر حیسامی: کتێبەکانی کە بە پلەی یەکەم دیوانی شیعرەکەیەتی کە ناوی کاروانی خەیاڵ و ئاوێنە شکاوەکەیە و هەروەها بە پلەی دووەمیش بیرەوەرییەکانیەتی. 
 
رووداو: راستە ئێوە لە دەرەوەی وڵاتن، ئەی لەوێ چیتان کردووە بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی بۆ ئەو کەسانەی خولیان شیعرەکانی مامۆستا هێدی ببینن و بیخوێننەوە؟
 
ناسر حیسامی: بەرهەمەکانی مامۆستا هێدی لە ماڵپەڕی ڤەژین بەئەلیکترۆنی کراوە، بەڵام چاپی یەکەمی کاروانی خەیاڵە نەک چاپی دووەمی کە لە هەولێر چاپکرا.
 
رووداو: توانیوتانە بەرهەمەکانی مامۆستا هێدی بۆ زمانی دیکە وەربگێڕن؟ 
 
ناسر حیسامی: نەخێر.
 
رووداو: بۆچی؟ بەتایبەتی کە ئێوە لە ئەوروپان و زمانی دیکە دەزانن بۆ نموونە خۆت زمانی سوێدی دەزانی و کەسانی دیکەش دەتوانن هاوکارتان بن؟
 
ناسر حیسامی: ئەمە کارێک نییە کە بە کردنی بدەی، بەرهەمی شاعیر و نووسەر، بەتایبەتی لەبواری شیعردا، دەبێت کەسانێک بیکەن کە لەو بوارەدا شارەزایی تەواویان هەیە. بۆنموونە ئەگەر کەسێک بیهەوێ بیکاتە ئینگلیزی، دەبێ کەسێکبێت کە زمانزانبێت و ئەو کارەی لەدەستبێت، ناتوانی وەکو پرۆژەیەک ئەو کارەیان پێ بسپێری و بڵێی لە بەرامبەر ئەم کارەدا پارەت پێدەدەم، ئەوە دەبێ کەسێک بیکات کە بۆخۆی بایەخی ئەدەبی شتەکە بزانێت و بیکات.
 
رووداو: هیچ پێشنیازێکتان بۆ نەکراوە لەم بوارەوە؟ 
 
ناسر حیسامی: نەخێر.
 
رووداو: پێشنیازبکرێت تا چەند پێشوازی لێدەکەن؟
 
ناسر حیسامی: بێگومان زۆرمان پێ خۆشدەبێت و بۆ ئێمە رووداوێکی خۆشە ئەگەر بەرهەمی مامۆستا هێدی بۆ زمانی دیکە وەربگێڕدرێت، بەڵام ئەوە گرفتێکی دیکەشی هەیە، بۆ نموونە ئەو شیعرانە ئەوەندە تێکەڵی شێوەی ژیان و خەبات و کۆمەڵگەی کوردستانە، ئەگەر بکرێتە زمانی دیکە، رەنگە پێویستی بە کتێبێکیشبێت لەپاڵییەوە کە وردەکارییەکانی بخاتەڕوو. هەرچەند ئەم گرفتە بۆ غەزەلەکانی کەمترە، چونکە غەزەل لە هەموو حاڵێکدا دەتوانێت قسەی خۆی بکات، بۆیە ئەگەر کەسانێک پێیانوابێت ئەو غەزەلانەی وەکو بەرهەمێکی ئەدەبی بایەخی ئەوەیان هەیە وەربگێڕدرێن بۆ زمانی دیکە، دەتوانن بیکەن، بەڵام ئەو کەسانە دەبێ بۆخۆیان پێیانوابێت ئەو بەرهەمانەی مامۆستا هێدی بایەخی وەرگێڕانیان هەیە.
 
رووداو: ئاماژەت بەوەدا کە داواتانکردووە خانووەکەی مامۆستا هێدی لە هەولێر بکرێتە مۆزەخانە، بەمۆزەخانەکردنی شوێنێکیش هەندێک تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەو تایبەتمەندییانە لە خانووەکەی مامۆستا هێدیدا دەبینن؟
 
ناسر حیسامی: پێموایە هەم وەکو مۆزەخانە و هەم وەکو شوێنی ژیانی ئەو شاعیرە، نەفسی مانەوەی بایەخێکی هونەری و فەرهەنگی هەیە. ئێستا لە ئەوروپا دەبینی نووسەرێک بۆ ماوەی مانگێک رۆیشتووە و لە ئەمستردام ماوەتەوە، ئەو ماڵەی کە بۆ ماوەی مانگێک تێیدا ژیاوە، بە دەستلێنەدراوی دەیهێڵنەوە و تابلۆیەک لەسەر دەرگاکەی هەڵدەواسن و دەنووسن، فڵانە نووسەر لە رێکەوتی ئەوەندە تاوەکو ئەوەندە لێرە دەژیا. دیتنی درگا و پەنجەرەکەی بۆ ئەو کەسانەی کە هۆگری بەرهەمەکانی ئەو نووسەرەن بایەخی تایبەتی هەیە.
 
رووداو: ئێستا لە خانووەکەی مامۆستا هێدی هەموو ئەو شتانە ماون کە رۆژانە بەکاری هێناون؟
 
ناسر حیسامی: هەموو شتەکان بەو شێوەیەی کە مامۆستا هێدی تێیدا ژیاوە، تاوەکو ئێستا لەسەر جێی خۆیەتی، بە چاویلکە و قەڵەمەکان و جلوبەرگ و ئەو مێزەش کە کاری لەسەر دەکرد، هەر ئەوەندەیە قفڵێک لە دەرگاکەی دراوە. لەنێو ئەو ماڵەدا تەنیا بەرهەمەکانی مامۆستا هێدی تێدا نییە، کەسێک کە بە درێژایی نزیکەی 60 ساڵی تەمەنی لە کاری سیاسیدابووە لە کۆمەڵگایەکی پر تەکان و جووڵە و پڕ لە بزووتنەوەدا کە گەرمێن و کوێستانی کردووە و پەیوەندی لەگەڵ کەسانی زۆر هەبووە. ژمارەیەکی یەکجار زۆر نامە و وێنەی هەیە. نامەی کەسایەتی جۆراوجۆر، بۆ نموونە هەر لە نامەی بارزانییەوە کە بۆی نووسیوە، تاوەکو نامە گۆڕینەوەکانی لەگەڵ کاک ئیدریس و کەسانی دیکەی ئەم بزووتنەوە و کۆمەڵگایە، هەموو ئەوانە بایەخی فەرهەنگییان هەیە.
 
رووداو: بۆ بەئەرشیڤکردنی ئەو نامانە کە لەوانەیە کەسانی ئاسایی نەیانبینیبێت و تەنیا ئەندامانی بنەماڵەی خۆی لێی ئاگاداربن، هیچ پێشنیازێکتان پێ نەکراوە؟
 
ناسر حیسامی: نەخێر.
 
رووداو: ئەگەر پێشنیازێکتان پێبکرێت ئامادەن هاوکاربن؟
 
ناسر حیسامی: بەڵێ. ئێمە زۆرجار ئەوەمان گوتووە و پێموایە بەبێ گوتنیش روونە کە، نەک هەر ئامادەین، بەڵکو زۆرمان پێخۆشە کە ئەو بەرهەمان لە شوێنێک بن کە خەڵک بتوانن سەیریان بکەن و دەستیان پێی رابگات، ئەگەر کەسێکیش بیهەوێت لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر بکات، لەبەردەستیبێت. لەوانەیە زۆر خوێندکاری زانکۆ پێیانخۆشبێت شتێکی لەسەر بنووسن، یان لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر بکەن، ئەوکات ئەو بەرهەم و نامانەیان لەبەردەست دەبێت.