رووداو دیجیتاڵ
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، نووسەر و چیرۆکنووسی کوردی خەڵکی کەرکووک حەسەن جاف، لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کوردیش دەڵێت، "بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە."
رۆژی دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، یەکێتیی نووسەرانی کورد هەواڵی کۆچی دوایی حەسەن جاف، نووسەر و چیرۆکنووسی کوردی راگەیاند.
عەبدولڕەحمان فەرهادی، سەرۆکی یەکێتیی نووسەران-لقی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مامۆستا حەسەن جاف دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد، نەخۆشیی شەکرە و گوشاری خوێن چەند نەخۆشییەکەی دیکەی هەبوو".
نووسەر و چیرۆکنووس حەسەن جاف، لە ساڵی 1980ـەوە کاری رۆژنامەنووسی کردووە، خاوەنی کۆمەڵێک رۆمان و چیرۆکە، چەندین کتێبی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی.
حەسەن جاف لە ساڵی 2011ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە دەزگای موکریان کاری کردووە. عەبدولڕەحمان فەرهادی دەڵێت: "بڕیارە بارەگەی یەکێتیی نووسەرانی لقی هەولێر بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای موکریان رۆژی چوارشەممە 12ـی شوباتی 2025، پرسەی بۆ دابنێن."
حەسەن عەباس بەهرام ناسراو بە (حەسەن جاف) مامۆستای بابەتی مێژوو بووە، خەڵکی کەرکووک بوو و لە ساڵی 1980ـەوە لە هەولێر دەژیا و خاوەنی دوو کوڕ بوو، هەردووکیان لە دەرەوەی وڵاتن.
حەسەن جاف لە ساڵانی پەنجا و شەستەکان دا کادیرێکی دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. هەروەها وەک مامۆستا لە کوردستان و شارەکانی عێراق و چەند وڵاتێک کاری کردووە.
لە دوای راپەڕینەوە نیشتەجێی هەولێر بووە و لە چەند رۆژنامەیەکی کوردستان دا کاری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ