رووداو دیجیتاڵ
گۆڤاری دی هۆرێن ناوێکی دیاری دونیای ئەدەبیاتی زمانی ئەڵمانییە. چاپی ژمارە 293ی گۆڤارەکە بەتەواوی بۆ بەرهەمی زیاتر لە 40 نووسەری کورد لە سەرانسەری کوردستان و دیاسپۆرا تەرخانکراوە.
ئەو گۆڤارە لە ساڵی 1955ـەوە هەر سێ مانگ جارێک چاپدەکرێت و هەموو نێوەڕۆکەکەی ئەو بەرهەمانەن کە پێشتر بڵاونەکراونەتەوە.
هێربێرت شمالشتیگ، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی مەزنی هانۆڤەر و دۆستی کورد یەکێک بوو لە دەستپێشخارانەی ئەو ژمارە تایبەتەی گۆڤارە ئەڵمانییەکە.
هێربێرت شمالشتیگ دەڵێت، "کاتی خۆی ویستێک هەبووە، چونکە بەم شێوەیە تاوەکو ئێستا هیچ رۆژنامەیەک یان گۆڤارێکی وێژەیی نەبووە تایبەت بۆ وێژەی کوردی. ویستێکی زۆر گەورە هەبووە. خۆشبەختانە من و تەنگەزار مارینی هاورێین. بەبێ ئەو ئەم نووسینانە نەدەگەیشتنە ئەوەی ئێستا هەن. من بیرۆکەم هەبوو و تەنگەزار بە گوڕوتین بوو، وەک لە لای ئێمە دەڵێین؛ من نازانم ئەمە چۆن دەکرێت وەربگێڕدرێت بۆ کوردی و پاشان نزیکەی یەک ساڵ کارمان کرد".
تەنگەزار مارینی هەلبەستڤان و وەرگێڕ؛ کاری سەرەکی پەیوەندیکرن، کۆکردنەوە و وەرگێڕانی ئەنجامداوە. ئەو دەڵێت ئەوان داوایانکردووە مۆزایکی کوردستان لەنێو بەرهەمەکانیاندا دیار بێت.
تەنگەزار مارینی ئاماژە بەوە دەکات، "ویستمان ئەو فرەڕەنگییەی کوردستان، نەک تەنیا لە هونەردا و لە سیاسەتدا، بەڵکو لایەنەکانی دیکەشی بخەینەڕوو. ئەوە مافی کوردە، مافی نووسەرانی کوردە کە ئاستی نووسینی لا باش بێت. دووەمیش، ئەوەیە کە زاراوەی زۆر لە کوردیدا هەن، بۆیە نابێ، تەنیا لەبەر ئەوەی من کورمانجم، تەنیا گرنگی بە کورمانجی بدەم، زاراوەکانی دیکەش ئەدەبیاتی خۆیان هەیە و مافی خۆیان هەیە. ستراتیژیی ئێمەش بەو جۆرە بوو کە تا بتوانین دادپەروەری لە جوگرافیای کوردستان دا بکەین."
لەگەڵ بەرهەمی وێژەیی و ئافرێنەری، دۆسیەیەکی تایبەت لەبارەی زمان و ئەدەبی کوردی هەیە، هەروەها لە بواری نیگارکێشیدا بەرهەمەکانی شێوەکاری کوردی رۆژئاڤای کوردستان بەهرام حاجۆ هەڵبژێرداون.
هێربێرت شمالشتیگ، سەرۆکی پێشووی شارەوانی مەزنی هانۆڤەر باس لەوە دەکات، "دەمانەوێت روونی بکەینەوە کە کورد لە بیرنەکرێن. زمانی کوردی ماوە و خۆشبەختانە زۆر نووسەری ژن و پیاوی کورد هەن کە بەرهەمەکانیان لە ئەڵمانیا بڵاودەکەنەوە. زۆر پەرتووک هەن کە مرۆڤ دەتوانێ و پێویستە پێشنیاز بکات بۆ خوێندن. بۆ نموونە ئەگەر باسی حەلیم یووسف و بەرهەمەکەی 99 مۆری بڵاوبووەوە، بکەین؛ ئەم بەرهەمەم بۆ کریسمس بە دیاری پێشکێشی زۆر هاوڕێم کردووە. هەمووشیان زۆر سەرسام بوون پێی و لەو رێیەشەوە ئاگاداری بارودۆخ و رۆحی کورد دەبن و من زۆر دڵنیام بەم چاپە سەرنجی زیاتر بۆ کوردستان و بۆ کورد رادەکێشێت."
د. کریستۆف هامان، پڕۆفیسۆرە لە زمان و ئەدەبیاتی ئەڵمانیدا، مامۆستای زانکۆیە لە کۆڵن و یەکێکە لە وەشانگەرانی دی هۆرنە. کریستۆف هامان، دەڵێت ئەدەبیات شتێکە کە نەک تەنیا لە ئەڵمانیدا هەیە، بۆیە ئەوان گرنگی بە بەرهەمی ئەدەبی گەلانی دیکەش دەدەن.
سەرنووسەری گۆڤاری دی هۆرێک دەشڵێت، "دی هۆرێن گۆڤارێکە کە لە سەردێڕی ناوەندی هاتووە گۆڤارێکی وێژەیی، هونەری و رەخنەییە و وێژەش بە هیچ شێوەیەک تەنیا وێژەی زمانی ئەڵمانیا نییە، بەڵکو جیهانییە. لە ساڵانی رابردوودا چاپی تایبەتمان هەبووە لەبارەی وێژەی سوێدی، وێژەی لوبنان، ئێستا و لەم هاوینەدا چاپێکمان لەبارەی وێژەی ئۆکراینی دەبێت."
لەبارەی گرنگیپێدانی ئەدەبیاتی کوردی، باس لەوە دەکات: "کاتێک ئەم پرسە هاتەپێشەوە؛ وابزانم سەرەتا لەلایەن بەڕێز شمالشتیگ بووە، یەکسەر گوتمان ئەمە گرنگە. ئەو هەندێک باسی وێژەی کوردیی لە ئەڵمانیا کرد و گوتی ملیۆنێک و 500 هەزار کەسی کورد لە ئەڵمانیا دەژین و مرۆڤی کورد زۆر بایەخ بە وێژە دەدەن. ئەمە هەموو بە مێژووی سیاسی بەستراوەتەوە. ئەوەی من زۆر بەباشی نازانم و کەمێکی لێی دەزانم، ئێمەی بەو بڕیارە گەیاند کە دەمانەوێت ئەم هەنگاوە بنێین".
هەندێك لە بەرهەمەکانی نووسەران هەبوون کە گۆڤارەکە پەسندی نەکردوون و گۆڤارە ئەڵمانییەکەش لێکۆڵینەوەکان بڵاوناکاتەوە، لەکاتێکدا ئەو بۆخۆی هەڵسەنگاندنی رەخنەیی لە لاپەڕەکانیدا چاپ دەکات.
تەنگەزار مارینی دەڵێت، "بە روونی دەڵێم، یەک بەیەک ئەوانەی کە پەسند کراون و پەسندیش نەکراون، وەکو نووسەرێک متمانەم پێیان هەبوو، چونکە بەرهەمەکانیانم خوێندووەتەوە. بەپێی روانینی رەخنەییم، خوێندن، جوانیی خوێندن و هونەری نووسین متمانەم پێیان هەبوو. داوامان لە نزیکەی 80 نووسەر کردبوو، تەنیا بەرهەمی 43 نووسەر پەسند کران."
هامانی پسپۆری زمان و ئەدەبیاتی ئەڵمانی بەهیوایە نەک تەنیا کوردی ئەڵمانی زمان بەرهەمەکان ببینین و بیخوێنەوە، بەڵکو خەڵکی دیکەش بەرهەمەکان ببینن و بیانخوێننەوە.
کریستۆف هامان ئاماژە بەوە دەکات، "لانیکەم ئەوە هیوای منە، ئەوە گەورەترین هیوای منە، مەبەستم ئەوەیە کە خۆشم بەو شێوەیە بووم، پێشووتر کەم وێژەی کوردیم دەناسی. رۆنیا عوسمانم دەناسی و رۆمانەکەی 'هاوینەکان' هەروەها دیوانە شیعرییەکەی تاوانەکان، من نووسینەکانی کارۆش تەهاشم بینیون و نووسینەکانی خانمێک گەنجی دیکە لەوانەیە تا ئێستا زۆر ناسراو نەبووبێت ئینانا عوسمان؛ بەرهەمەکانیان سەرنجی منی راکێشا بوو."
هاوکات، دەشڵێت، لە سمینارەکانیشیدا کاری لەسەر ئەو بەرهەمە کوردییانە کردووە و "ئێستا، ئەم کۆمەڵە نووسەرانەی بەڕێز شمالشتیگ و مارینی هەڵبژێردراون کە پێکەوە گفتوگۆمان لە سەر کردوون و پێویستبوو هەڵیانبژێرین، چونکە دەقەکان زۆر بوون؛ بە شێوەی جیاواز کاریگەرییان لە من کردووە. من هیواخوازم ئەم نووسینانە نە تەنیا خەڵکی کورد لە ئەڵمانیا بخوێننەوە، بەڵکو زۆر ئەڵمانیش بیانخوێنەوە".
تەنگەزاری دڵسۆزی وەرگێڕان، کە کارێکی زۆری بۆ بەرهەمەکانی کردووە، لەبارەی ئەوەی کە هیچ کوردی دیکە هەن وەک ئەو ئەڵمانی بە باشی بزانن، دەڵێت، "بەڵێ، زۆر کوردی دیکە هەن کە باشتر لە من ئەڵمانی دەزانن، بەڵام بەداخەوە کەس کاتی خۆی بۆ ئەم کارە تەرخان نەکرد. من لۆمەیان ناکەم، بەڵام لەم پرسەدا هاوکاریی منیان نەکرد. ئەم کارە کارێکی دەستەجەمعییە."
دی هۆرێن لە شەوی ئاهەنگی نەورۆزی کۆمەڵەی کوردی ئەڵمانیا لە بەرلین و لە پێشانگای پەرتووکی لایبزیگدا بڵاودەکرێتەوە.
هێربێرت شمالشتیگ لەو بارەیەوە دەڵێت، "خۆشبەختانە رێککەوتی دەرچوونی ئەم چاپە تایبەتە لەگەڵ نەورۆز هاوکات دەبێت و لە رۆژی 20ی ئاداری 2024 دەکەوێتە بازاڕەوە و لە ئاهەنگی نەورۆزی کۆمەڵەی کوردی ئەڵمانیا لە 19ی ئادار دەکەوێتە دەست خوێنەران."
تەنگەزار مارینی، هەلبەستڤان و وەرگێڕی کورد پێیوایە "ئەوەی راستی بێت، کوردی، وەکو هەر ئەدەبیاتێکی دیکە، ئەگەر کەسێک بتوانێت بەجوانی بیخاتەڕوو، قبووڵ دەکرێت."
گۆڤاری نوێی دی هۆرێن، لە ساڵی 1795 تاوەکو 1797ـەوە لە لایەن فەیلەسووفی ئەڵمانی فریدریش شیلەر کاری وەرگێڕانی تێداکردووە و هۆرێن لە میتۆلۆژیای یۆنانیشدا خواوەندی وەرز و ساڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ