بەختیار عەلی: دوو کتێبە نوێیەکەم باسی ژیانی منداڵ دەکەن لەژێر سایەی دیکتاتۆرییەتدا

08-09-2022
سیروان عەباس
نیشانەکردن 'هەژاندنی بەغدا' کرمانج فەرەج
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەختیار عەلی، نووسەر و رۆماننووسی کورد دوو کتێبی نوێی بە ناوەکانی (بەندەر فەیلی) و (منداڵەکانی ساتۆرن) بڵاوکردەوە و لە کۆڕێکدا لە سلێمانی، هەردوو کتێبەکەی بە خوێنەرانی ناساند و دواتریش بە واژۆی خۆی کتێبەکان خرانە بەردەستی خوێنەران.
 
کتێبی یەکەم، رۆمانێک بووە بە ناوی (بەندەر فەیلی) کە باسی منداڵی دەکات لە سەردەمی حوکمڕانیی بەعسدا لە عێراق، بەختیار عەلی دەڵێت، کتێبەکە ئاماژەیە بۆ ژیانی هەموو منداڵێک لەژێر ستەمی هەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریدا، لە سایەی هەر سیستەمێکدا کە بە ستەم و زۆردارییەوە بەندبێت. 
 
رۆمانەکە هێندەی باسی منداڵی و مەرگ دەکات، هێندە سیاسی نییە، باسی ئەوە دەکات کە منداڵ چۆن مامەڵە لەگەڵ مەرگدا دەکات، لە زۆربەی رۆمانەکانی بەختیار عەلیدا کەمتر ئاماژە بە منداڵ درابوون، بەڵام ئەو نووسەرە ئەمە وەکو "ئاوڕدانەوەیەک" لە منداڵ لەنێو رۆمانەکانی ناودەبات.
 
ئەوەی لە رۆمانی بەندەر فەیلی سەرنجی خراوەتە سەر بریتین لە، زیندان، تێگەیشتنی مرۆڤ لە ئازادی، ئەو هێزانەی کە کاردەکەنە سەر منداڵێک کە هەوڵدەدەن فۆرمێکی دیاریکراوی پێبدەن و، شێوەیەکی دیاریکراوی پێبدەن و بیکەنە کاراکتەرێکی دیاریکراو. 
 
کتێبەکەی دیکە، کۆمەڵە وتارێکی بەختیار عەلییە بە ناوی (منداڵەکانی ساتۆرن) کە کۆکراوەی سەرجەم بەرهەمەکانییەتی و، نزیکەی 10 ساڵە دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی ئەو وتارانە.
 
لەبارەی ناونیشانی کتێبەکەوە بەختیار عەلی گوتی، "ناونیشانی سەرەکیی کتێبەکەم لە ناونیشانی وتارەکانم وەرگرتووە، ساتۆرن یەکێکە لە خواوەندەکانی یۆنانی کە پێشبینیکارێک پێی دەڵێت: یەکێک لە منداڵەکانت لەسەر تەخت داتدەگرێ. ئەویش هەموو منداڵەکانی خۆی دەخوات. لێرە باسی پەیوەندییەکانی منداڵ و دەسەڵات دەکەم".
 
بەختیار عەلی ساڵی 1960 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە ھەردوو زانکۆی سلێمانی و سەلاحەددین خوێندکاری کۆلێژی زانست بەشی زەویناسی بووە. لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 1983 لە ھەولێر بریندار بوو، پاشان دەست لە خوێندنی زانکۆ ھەڵگرت. لە ساڵی 1999ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی.
 
بەختیار عەلی یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی کورد کە خاوەنی پێنج کتێبی شیعرییە بەناوەکانی: (گوناھ و کەرنەڤاڵ، بۆھیمی و ئەستێرەکان، ئیشکردن لە دارستانەکانی فیردەوسدا، تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشتە، ئەی بەندەری دۆست.. ئەی کەشتی دووژمن). 
 
بەختیار عەلی خاوەنی 12 رۆمانە بەناوەکانی: مەرگی تاقانەی دوووەم، ئێوارەی پەروانە، دواھەمین ھەناری دونیا، شاری مۆسیقارە سپییەکان، جەمشید خانی مامم کە ھەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد، داگیرکردنی تارکی، غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ، کۆشکی باڵندە غەمگینەکان، کەشتیی فریشتەکان، هەورەکانی دانیاڵ، دەریاس و لاشەکان و بەندەر فەیلی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە