کارلۆس کیرۆش بووە راهێنەری هەڵبژاردەی میسر

08-09-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

کارلۆس کیرۆش وەکو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی میسر دەستنیشانکرا

فیدراسیۆنی تۆپی پێی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد موجاهید. لە دوایین کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی میسر، بڕیاریاندا، کارلۆس کیرۆش وەکو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە دەستنیشان بکەن، دوای ئەوەی حوسام بەدرییان لە پۆستی راهێنەریی هەڵبژاردەی میسر دوورخستەوە. 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی میسر بە کەمتر لە 48 کاژێر بەسەر دوورخستنەوەی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەکە، واژۆکردنی گرێبەستیان لەگەڵ کارلۆس کیرۆشی پۆرتوگالی راگەیاند، ئەمەش بۆ میدیاکانن شۆکێکی گەورەبوو، چونکە ناوی راهێنەرە تەمەن 68 ساڵییەکەی پۆرتوگال لە لیستی راهێنەرە پاڵێوراوەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی میسر نەبوو.

میدیاکانی میسر ئاشکرایان کرد، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کیرۆش و ستافەکەی دەگەنە قاهیرەی پایتەختی میسر، بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی میسر.

مەرجی کیرۆش بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی میسر ئەوەیە، کە سێ یاریدەدەری بیانیی لە ستافەکەیدابن کە خۆی دەستنیشانیان دەکات ئەو سێ کەسە کێبن، کە بریتین لە یاریدەدەری راهێنەر، شرۆڤەکاری تەکتیکی و ئاستی یارییەکان، پسپۆڕی چاکسازی و ئامادەکردنی یاریزان بۆ یارییەکان. 

ئەو کاستەی لەگەڵ کارلۆس کیرۆش دەستبەکاردەبن، کە خەڵکی وڵاتەکەن پێکدێن لە زیا سەید وەکو راهێنەری گشتی، محەمەد شەوقی وەکو یاریدەدەری راهێنەر، عیسام حەزەری دەبێتە راهێنەری گۆڵچیییەکانی هەڵبژاردەی میسر. 

یەکەم وێستگەی کاری راهێنەری کارلۆس کیرۆش بۆ ساڵی 1989 دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی لاوانی پۆرتوگالی لەئەستۆ گرت. 

کیرۆش پێشتر راهێنەری هەریەک لە هەڵبژاردەکانی پۆرتوگال، باشووری ئەفریقا، ئیمارات، سعوودییە، ئێران و کۆڵۆمبیا بووە.

 لەسەر ئاستی یانەکانیش، راهێنەری سپۆرتینگ لێشبۆنەی پۆرتوگالی و ریال مەدریدی ئیسپانی بووە، لە یانەی مانچێستەر یونایتدیش یاریدەدەری سێر ئەلێکس فێرگسۆن بووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە