زمانی سینەما

06-12-2019
ئاڵا هۆشیار
نیشانەکردن سینەما
A+ A-
 
 
پێناسەی حەقیقی (تایبەتمەندیی سینەماتۆگرافی) دەبێ لە دوو ئاستدا بێت، ئاستی وتەی فیلمێک و ئاستی وتەی وێنە. 
هەر فیلمێک هەوڵ بدات بگاتە ئاستی حەقیقی ئەو فیلمە، هەوڵی بە هونەربوونی خۆی دەدات. یان باشترە بڵێم: بەرەو ئاستی بوون بە فیلم دەڕوات. 
 
بە کۆی گشتی زمانی فیلم (دەنگ و رەنگ و مۆسیقا و ئەکتینگ و..) دەبێت بە سینەما، بۆ نموونە تۆ بۆ دیمەنی نەشتەرگەرییەکی پزیشکی لە سینەمادا پێویستت بە دیالۆگی زۆر کەمە، بەڵام لێرە دەنگ و دیمەن لەو پازڵەدا زمانی سینەمایە.
 
لە دوای هەر سکانسێک کە ئێمە لە فیلمێکدا دەیبینین، یان لەناو هەر سکانسێک، کاتێک کە ''نما''یەک دەبینین، ناتوانین ئەو وێنەیە بە تەنیا کورت بکەینەوە بۆ وشەیەکی تەواو! بۆ نموونە لە دوای دیمەنی شەڕێکی قورس، ئەگەر پلانی دواتر رووبارێک بێت، ناتوانین بڵێین ئەمە تەنیا رووبارە، یان شاخ بە تەنیا شاخە، چونکە ئەو نمایە بە تەنیا خۆی هەڵگری دەیان رستەیە و رستەش لە بینینی زیهنی کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێ!  هەر دیمەنێک یان باشترە بڵێم هەر شتێک کە هەڵگری ئیحساس بێت، تەنانەت ئەگەریش کەم بێت، زمانە و ئەم زمانەش لە سینەمادا کاری زۆر لەسەر دەکرێ. 
 
زمانی قسەکردن زمانێکە کە ئینسانەکان بۆ پێویستی خۆیان و بە شێوەی رێکوپێک دایانڕشتووە هەتا پەیوەندی خۆیانی پێ پتەو بکەن، بەڵام زمانی سینەما زمانێکی رێکخراو نییە، بۆیە دەتوانین بە زمانی سینەما بڵێین زمانی هونەر. 
 
فیلمێک ئەگەر لە دەسپێکیدا هەڵگری کێشەیەک بێت و لەلای بینەر قابیلی چارەسەر نەبێت، سینەما چارەسەری دەکات، ئەگەر دەسپێکی فیلمێک لە گرێیەکەوە دەستپێبکات و لە یەکەم دیمەندا کە دێت، ئێمە ئەو دیمەنە ناتوانین بۆ کەسێک کە ئەو دیمەنەی نەبینیوە، بە وشەیەک بگێڕینەوە، بەڵکو ئەو وێنەیە کە لەنێو فرێمێکی سینەمایی روودەدات، وەک یەک رستە یان چەند رستەیەک دەبینین، چونکە هەموو زمانەکانی سینەما بە یەکجار دەکەونە کار لە نێو فرێمێک و هەوڵ دەدەن بە زمانی دەنگ و رەنگ و ئەکتینگ و مۆسیقا و سینەماتۆگرافیک رستەیەک لەناو کادرێک کە رەنگە چوار چرکە بخایەنێ، بۆ بینەر باس بکات. هەر بۆیە دەتوانین بە دیمەنێکی سینەما بڵێین رستە و بە سکانسێک بڵێین پەرەگرافێکی ئاڵۆز. بۆ نموونە: پیاوێک لە جادەیەکەوە دەپەڕێتەوە، لە زمانی قسەکردن یان نووسیندا ئەمە لەلای ئێمە یەک رستەیە، بەڵام لە سینەمادا ئەمە یەک پلانە بە هەموو وردەکارییەکانیەوە کە تۆ وەک بینەر وەریدەگری. 
 
ئەگەرچی لە سەردەمی سینەمای (بێدەنگ)دا زمانی قسەکردن نەبوو، بەڵام هەموو سینەماکارەکانی دونیا بڕوایان وایە زۆرترین قسە کە لە فیلمێکدا دەکرا، ئەو سەردەمە بوو، پڕ بوو لە دەنگی مانیفێست و سووکایەتی، جەنجاڵی و دروستکردنی دوژمنی وەهمی و پێکەنین و دەیان شتی تر، ئەگەرچی پێکەنین بە سینەمای ئەو سەردەمە ئاسانتر بوو، چوون لە بەرانبەریدا رق و دوژمنایەتی ئاسانتر بۆ بینەری سینەمایی دەگوازرایەوە.
 
زمانی قسەکردن لە سینەمادا هەڵایەکی زۆری نایەوە، تەنانەت دەرهێنەرەکان بۆ ئەوەی فیلمەکانیان بێنرخ نەبێت، بەردەوام باسیان لە سامتبوونی فیلمەکانیان دەکرد و تەنانەت بۆ ئامادەبوونی دەنگی دەرگا و دەنگی رێگا رۆیشتن و دەیان جۆر دەنگی ‌تر، بە ترسەوە دەستیان بۆ دەبرد. لەگەڵ پەیدابوونی زمانی قسەکردن، سینەما لە شانۆ زیاتر نزیک بوو، هەتا ئێستاش بەرۆکی سینەمای بەرنەداوە.  
 
زمانی سینەما یان هەستکردن بە زمانی سینەما کاتێک دەگاتە لوتکە کە بینەر لەڕێی مۆنتاژی سینەماییەوە چەند وێنەیەک لە دوای یەک دەبینێ و ئەم وێنانە رستەیەک لە مێشکیدا دروست دەکات،  وەک چۆن ژان مێتری لە کتێبی جوانیناسی و دەروونناسیدا دەڵێت: بەو شێوە نییە مادام سینەما زمانە، چیرۆک بە باشی دەگێڕێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەیە، مادام چیرۆک بە باشی دەگێڕێتەوە بووە بە زمان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە