خەڵاتی کارۆ دەدرێتە حەکیم مەلا ساڵح
رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتی "کارۆ"ی ئەمساڵ درایە حەکیم مەلا ساڵح، ئەدیب و نووسەر و لێکۆڵەری کورد و بڕیارە کتێبێکی نوێی بە ناوی "نالی لە روانگەیەکی ترەوە" چاپ بکرێت.
چاپخانەی کارۆ لە ساڵی 2019ـەوە واتە لە یادی 20 ساڵەی دامەزراندنیدا ساڵانە خەڵاتێک دادەتە نووسەر یان وەرگێڕێک کە خزمەتیان بە کتێبخانەی کوردی کردووە و جگە لە خەڵاتەکەش کتێبێک بۆ نووسەرەکە چاپ دەکات.
عەتا مەحموود، خاوەنی چاپخانەکە لەبارەی دەستنیشانکردنی حەکیم مەلا ساڵح بۆ خەڵاتی ئەمساڵی کارۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خەڵاتی ئەمساڵ لە ژانری لێکۆڵینەوەدا بووە، سەرەتا لیژنەیەکی پسپۆریان پێکهێناوە بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی چەند کەسێک بدەن. لە کۆتاییدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی خەڵاتەکە بدرێتە حەکیم مەلا ساڵح.
خاوەنی چاپخانەی کارۆ ئاماژەی بەوەش دا، بەپێچەوانەی بەشێک لە دەزگاکانی دیکە، ئەوان داوا لە نووسەران ناکەن بەرهەمەکانیان بۆ بنێرن، بەڵکو خۆیان هەر ساڵێک خەڵاتەکە بۆ ژانرێک تەرخان دەکەن، ساڵی یەکەم بۆ شیعر، ساڵی دووەم بۆ چیرۆک، ساڵی سێیەم وەرگێڕان بووە.
حەکیم مەلا ساڵح عەبدولکەریم لە ساڵی 1954 لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەهۆی پێشمەرگایەتییەوە وازی لە خوێندنی زانکۆ هێناوە. تائێستا 31 کتێبی چاپکراوی هەیە و هەشت کتێبیشی ئامادەن بۆ چاپکردن. زیاتر لە 40 ساڵە دەستی بە نووسینی بابەتی وێژەیی و نووسینی هۆنراوە لێكۆڵینهوه کردووە.
چاپخانەکە لە هاڕاوەی بەرد پۆرترەیتێک بۆ براوەی خەڵاتەکە دروست دەکات و بڕوانامەیەکی رێزلێنانیشی پێدەدات.
کتێبە چاپکراوەکانی حەکیم مەلا ساڵح:
یادنامە
ئەو درەختەی کرمی خۆی گیانی چنی
مەولەوی: لێکۆڵینەوە، پشکنین و شیعری بڵاونەکراوە
دیوانی بێسارانی
دیوانی مەهجووری
شیوەنی هەڵەبجە
یوسف و زوڵێخا - خانای قوبادی
مەولەوی و تەقینەوەی زمان
سروەی بەرەبەیان دیوانی قانع
بەشێک لە دیوانی مەجزوب
ئەنوەر مەسیفی لە سێ قۆناخی شیعریدا
هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا- پێنج بەرگ (هەمەڕەنگ، شاعیران، کولتوور میتۆلۆژیا، شانۆ و مۆسیقا، چیرۆک و رۆژنامەگەری)
دیوانی ئەحمەد بەگی کۆماسی
فەرهەنگی سانسکریتی - لێکۆڵینەوە
دیوانی سالمی سنە
دیوانی یوسف بەگی ئیمامی
دیوانی ناتیق
دیوانی شەهید فاتیح
چریکەی سەنگەر - لەبارەی مۆسیقا و گۆرانی
شێخێکی دیکەی راپەڕیو
زمان و بیرکردنەوەی شیعری
مەولەوی و پەخشانی کوردی
وەرزی دروێنەی مرۆڤ
مەولەوی وەک شاعیرێکی ناتورالیزم
دیوانی ئەحمەد موختار جاف - بەرگی دووەم
دیوانی میرزا شەفیعی کولیایی
دیوانی خەستەی مۆردینی
کتێبە ئامادە و چاپنەکراوەکان:
کۆمەڵە چیرۆکێک (لە پرسەی خۆمدا)
کۆمەڵە چیرۆکێکی پۆلیسی - هیچکاک
کۆمەڵە چیرۆکێک لە فارسی و عەرەبییەوە بە ناوی (زەنگ)
کۆمەڵە چیرۆکێک بۆ منداڵان
کۆمەڵە چیرۆکی (پارووە نانێک) بەرهەمی کیومەرس کوڵەجۆیی کرماشانی
دیوانی خانای قوبادی
شیرین و فەرهاد - خانای قوبادی
بۆ سەر خەرمانی شیعری کوردی - بەرگی یەکەم
نالی لە روانگەیەکی ترەوە