چل رۆژ فەلسەفە لە کوردستان

د.محەممەد کەمال، فەلسەفەکاری بە ئەزموونی کورد، لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانەوە بۆ خوێندنی فەلسەفە ڕووی لە پاکستان‌ و دواتر ئەڵمانیا کردووە، لە 1994یشەوە لە ئوسترالیا وانەی فەلسەفە دەڵێتەوە. ئەو دوورێکی نزیک لە کوردستان بووە و هیچکات وەک نووسین لە کوردستان دوورنەکەوتووەتەوە، بەردەوام خاوەنی پرۆژەی خۆی بووە، زۆر لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی بواری فەلسەفەی بەکوردی کردووە، بەشێوەیەکی سیستماتیک لەنێو مێژووی فەلسەفەدا لەسەر زۆر لە فەیلەسووفان نووسیویەتی ‌و کارەکانیانی وەرگێڕاوە: ئەفلاتون، ئەرستۆ، ئەفلاتونیزمی نوێ، کانت، هیگڵ، سپینۆزا، نیچە و هایدیگەر، سارتەر و مارکس. هاوکات بەرلەوەی بڕواتە دەرەوەی کوردستان، وەک وجودییەک خۆی ناساندووە و چەند کۆڕێکی فەلسەفی لەبارەی فەلسەفەی وجودی گرتووە. ئەم فەلسەفەکارە، لەم ماوەیەی رابردوودا چەندین کۆڕ و سیمیناری لە کوردستان سازکرد، تا نووسینی ئەم بابەتە شەش کۆڕی لە سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە و کەلار بەستووە. لەم نووسینەدا لەبارەی دوو بابەتی کۆڕەکانی کە یەکیان لەسەر واتای کاتە و ئەویتریان لەبارەی فەلسەفەی هونەرە، هەڵوەستە دەکەم. لەکۆتاییشدا لێدوانی خۆی لەبارەی چالاکییەکانەوە دەخەمەڕوو.
 
د.محەممەد کەمال رۆژی 14ی مانگی رابردوو لە ناوەندی رەهەند لە سلێمانی بابەتێکی لەبارەی "چەمک‌ و واتای کات" پێشکەش کرد و بە پرسیاری "کات چییە؟" دەستی بە باسەکەی کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەم پرسیارە فەلسەفییە و جیاوازە لە پرسی کات لە ژیانی ڕۆژانەدا. لە ژیانی ڕۆژانەدا دەڵێین: کاتمان نییە، یان ئەگەر کاتمان هەبێت ئەو کارە دەکەین. ئەمەش وەک ئەوەیە کات شتێک بێت لای هەندێک کەس هەبێت و لای هەندێکی دیکە نەبێت. یاخود کاتێک دەپرسن کات چەندە؟ بەدڵنیاییەوە سەیری کاتژمێر دەکەین ‌و دەڵێین پێنجە. ئایا ئەم وەڵامدانەوەیە تێگەیشتنی ئێمە بۆ کات دەردەخات؟ ئەگەر کەسێک لە وڵاتێکی دیکە بێت‌ و لای ئەو بەیانی بێت، جیاوازی چییە؟ ئایا کات بریتییە لە ژماردن‌ و ماتماتیک؟ کەواتە ئەگەر "کات" بریتی بێت لە ژماردنی کاتەکان، ماتماتیک دەتوانێت واتای کاتمان بۆ شی بکاتەوە؟ فەلسەفەکارەکە بەمجۆرە دەستی بە باسەکەی کرد و لە درێژەیدا ئاماژەی بۆ مێژووی بیرکردنەوەی فەلسەفی کرد کە ئەریستۆ وەک یەکەم فەیلەسوف لەبارەی کاتەوە نووسیویەتی‌ و پێیوایە ئێمە لەم سەردەمەدا ئەریستۆییانە لە کات تێدەگەین. لەنێو مێژووی بیرکردنەوەدا کانت پاش ئەریستۆ توانیویەتی راڤەیەکی نوێ بۆ واتای کات بکات، بەڵام ڕاڤەکردنەکەی ڕادیکاڵ نەبووە، بەڵکو لەپاش کانت ئەوە بریگسۆن و هایدیگەرن کە ڕاڤەیەکی نوێ بۆ کات دەکەن ‌و ئۆنتۆلۆجییانە بە بوونی مرۆڤەوە گرێی دەدەن، چونکە ماتماتیکییانە لە کاتیان نەڕوانیوە.
 
ئەریستۆ دەپرسێت ئایا کات وەک شتەکانی دیکە هەیە؟ سەربەخۆیە یان پەیوەستە بە شتەکانی دیکەوە، ئەگەر هەیە لەکوێیە؟ دەپرسێت ئەگەر کات هەبێت ‌و هەبوو یان جەوهەر بێت، چۆن بەشەکانی وەک ڕابردوو و داهاتوو نەبوونن.. رابردوو کە تێپەڕیوە و شتێکە نییە و جارێکی دیکە ڕووناداتەوە، داهاتووش هێشتا پەیدا نەبووە، کەواتە ئێستا تەنیا توخمێکی کاتە هەیە، بەڵام زوو تێپەڕدەبێت‌ و دەبێت بە نەبوو. دیدی ئەریستۆ بۆ کات بریتییە لە "زنجیرەی ئێستاکان" کە هەیە. 
 
ئەریستۆ کات‌ و جوڵان پێکەوە دەبەستێتەوە، پێیوایە ئەگەر هەبوویەک نەجوڵێت ‌و نەگۆڕێت وەک بوونی خوا، ئەوا لە گۆڕان بەدەرە و دەرەکاتە، بەڵام هەبووە جوڵاو و گۆڕاوەکان ناتەواون. لێرەشەوە ئەریستۆ کات ‌و شوێن [جوڵە] پێکەوە گرێدەدات‌ و دەڵێت کات بریتییە لە ژمارەی جوڵانەکان. 
 
پرسیاری کات چەندە، ئەریستۆییانەیە، چونکە داوای ژمارەی جوڵانی تەنی خۆر یان زەویمان لە ئەسماندا لێدەکات. محەممەد کەمال ئاماژە بۆ چەند گرفتێکی تێگەیشتنی ئەریستۆ بۆ کات دەکات، لەوانە، ژماردنی جوڵانەکان ئاماژە بۆ تەنێکی ماتەری نەک کات دەکەن. کات وەک ژماردنی جوڵانەکان دەبێتە دیاردەیەکی دەرەکی ‌و پەیوەندی بەمرۆڤەوە نییە. ئەوکاتەی ئەریستۆ باسی دەکات، پەیوەستە بە کاتی سروشتی، لەبەرئەوە بۆ تێگەیشتن لە کات پەیوەست بە بوونی مرۆڤەوە، پێویستە ئەریستۆ تێپەڕ بکەین. کانت دە سەدە پاش ئەریستۆ ڕاڤەیەکی خۆییانە نەک بابەتییانە بۆ کات دەکات. ئەمەش لەسەر بنەمای ئەپستمۆلۆجیی کانت وەستاوە، چونکە زانین بە هەستکردن ‌و تێگەیشتنەوە بەندە، بەبێ هەستکردن ڕێگەی تێگەیشتن ناکرێتەوە، ئەی کەواتە کات چییە؟ لەکاتێکدا کات لە دەرەوەی بیرکردنەوەدا نییە و هەستی پێناکرێت. چۆن کات بدۆزینەوە؟ کانت چوار بەڵگەی بۆ بوونی کات وەک فۆرمێکی خۆیی داناوە: کات ناکەوێتە ناو ئەزموونی هەستەکییەوە، بەڵام پێشمەرجی ئەزموونی هەستەکیە و بابەتێکە بۆ دەرککردنی پەتی. دیارە کانتیش هەر باسی کاتی سروشتیی کردووە و پەیوەستی نەکردووە بە بوونی مرۆڤەوە. 
 
بریگسۆن کە فەیلەسوفێکی فەرەنسیە، کات پەیوەست دەکات بە ئاگامەندییەوە؛ لێرەشەوە کاتی ئاگامەندی پەیوەست بە ژیانی مرۆڤەوە ئاوڕی لێدەدرێتەوە. بریگسۆن باسی گۆڕانی ئاگامەندی نەک لەش لەنێو کاتدا دەکات، لەبەرئەوەی کاتی ئاگامەندی دابەش نابێت ‌و ناوەستێ، چونکە ئاگامەندی هیچکات ناوەستێ، کەواتە کاتیش بەردەوامییە. هەرچی هایدیگەرە هەنگاوێکی دیکە دەهاوێت ‌و کات بە بوون ‌و بوونی مرۆڤەوە [ئۆنتۆلۆجییانە] دەبەستێتەوە. بۆ هایدیگەر بوونی مرۆڤ کاتیە و کاتیش لەنێو بوونی مرۆڤدا دەردەکەوێت. دواتر فەلسەفەکارەکە باسی هەستکردنی مرۆڤ بە کات لە دۆخە جیاوازەکاندا دەکات، بۆ نموونە کات لەگەڵ خۆشەویستەکەت زوو دەڕوات، بەڵام لەگەڵ کەسانێک کە حەزیان پێناکەیت کات ناڕوات. هایدیگەریش پێیوایە لەڕێگەی بێزاری ‌و دوودڵییەوە دەتوانین هەست بە کات بکەین. دواتر باسی پەیوەندیی بوونی مرۆڤ ‌و کات دەکات کە خوێندنەوەی کات لەسەر مرۆڤ وەستاوە و مرۆڤیش کاتییە. ئەم پەیوەندییە ناوەکیەش، واتای ئەوە نییە مرۆڤ کاتی هەیە وەک ئەوەی شتێکی [بۆ نموونە خانوو]ی هەیە، بەڵکو هەتا مرۆڤ هەبێت کاتیشی هەیە، بێکاتی لەگەڵ نەبوونی مرۆڤدا ڕوودەدات. بەهۆی ناتەواویی بوونی مرۆڤیشەوە داهاتوو نەک ئێستا و ڕابردوو، دەبێت بە بنەڕەتی خۆسازی ‌و بەپرۆژەکردنی بوونی خۆ، کەواتە داهێنان ڕوو لە داهاتووکردنە بۆ پرۆژەی بوونسازیی بوونی مرۆڤ. لێرەشەوە فەلسەفەکارەکە باسی کاتی ڕەسەن‌ و کاتی ناڕەسەنی کرد کە مرۆڤی ڕەسەن خۆی لەنێو ئێستا و ڕابردوودا گیر نادات ‌و ڕوو لە داهاتوو و پرۆژەدانان دەکات، پرۆژەش مێژووسازییە. 
 
 لە رۆژی 17ی کانوونی یەکەمیش لە زانکۆی سلێمانی- کۆلێجی هونەر و دواتریش لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان سیمینارێکی لەبارەی "چۆن لە هونەر تێبگەین؟" پێشکەش کرد. سەرەتا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو وەک فەلسەفەکار نەک هونەرمەند باسی فەلسەفەی هونەر دەکات، بۆیە بە پرسی شیکردنەوەی "جوانی" دەستی بە باسەکەی کرد، سەرەتا ئاماژەی بە شانۆنامەی تیلیلۆسی سۆفۆکلیس کرد. تیلیلۆس پاشایەکی ئەسینا بووە و ژنێکی جوانی هەبووە، ڕۆژێک بڕیار دەدات بێئەوەی ژنەکەی ببات، گەشت بۆ شارێکی دیکە بکات، ژنەکەی داوای لێدەکات لەو شارەی گەشتی بۆ دەکات و خوشکەکەی لەوێ دەژی، کە هاتەوە لەگەڵ خۆی بیهێنێت، ئەویش خوشکەکەی لەگەڵ خۆی بۆ ئەسینا دەهێنێت، بەڵام لە ڕێگە حەز لە ژنخوشکەکەی دەکات ‌و بەزۆر لاقەی دەکات، بۆ ئەوەی قسەش نەکات، زمانی ژنخوشکەکەی دەبڕێت ‌و لە دارستانێکدا فڕێیدەدات. بەڵام نامرێت‌ و دواتر ژنەی زمانبڕاو بۆ ئەوەی لە خوشکەکەی بگەیەنێت کە تیلیلیۆسی مێردی چی لێکردووە، قاڵییەک دەچنێت ‌و لەناویدا بە وێنە ڕووداوەکە دەنەخشێنێ ‌و قاڵییەکە بە دیاری بۆ خوشکەکەی دەنێرێت. خوشکەکەی لەڕێگەی وێنەی ناو قاڵییەکەوە راستیی رووداوەکە دەزانێت.
 
د.محەممەد کەمال پێیوایە قاڵییەکە هونەرە کە بێ زمانێک توانیویەتی لەڕێگەی هونەرەوە راستییەک بگەیەنێت. لەبەرئەوە هونەر بەهەموو جۆرەکانییەوە ئەم رۆڵە گرنگە دەبینێ، ئەویش "دەربڕین ‌و دەرخستنی راستیی بوون"ـە، لێرەشەوە کێشەی جوانیش چارەسەر دەبێت، چونکە جوانی دەبێت بە دەربڕینی ڕاستیی بوون. لێرەوە فەلسەفەکارەکە ئاماژە بە جوانی دەکات‌ و لە زاراوەی ئەیستاتیک [ئیستاتیک هەڵەیە] دەستپێدەکات کە زاراوەیەکی یۆنانیە و بە واتای هەستکردن دێت، بەڵام لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئەلێکساندەر باوم گارتن ئەم وشەیەی بۆ هونەر بەکارهێناوە، چونکە چێژی هونەریی هەستکردنە، لەبەرئەوەی ئەیستاتیک واتای هەستکردن نەک جوانی ‌و بەهای هونەری دەگەیەنێت. هەستکردنیش خۆگەرییە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکە دەگۆڕێت، لێرەشدا کێشە بۆ پێوەری جوانی دروستدەبێت، شتێک لای من جوانە لای تۆ ناشیرینە. هاوکات هەستکردن نوێنەرایەتی بابەت دەکات، هونەریش گەر نوێنەرایەتی بێت، ئەوا لاساییکردنەوەیە [وەک ئەفلاتون دەڵێت] نەک داهێنان. لێرەوە محەممەد کەمال دەڵێت، من ئەیستاتیک بەکارناهێنم، فەلسەفەی هونەر بەکاردەهێنم، چونکە هونەر بۆ من بەهای ئەیستاتیکی نییە. لەم بنەمایەشەوە ئاوڕ لە بۆچوونی سێ فەیلەسوف بۆ واتای هونەر دەداتەوە، ئەوانیش: کانت، نیچە و هایدیگەر. 
 
کانت هەرچەند نەیتوانیوە بە تەواوی بۆچوونی ئەلێکساندەر باوم گارتن ڕەتبکات، بەڵام هەوڵیداوە لەسەر بنەمای میتافیزیک هونەر بکات بە زانست، زانستیش هەمەکی‌ و نەگۆڕە ئەمەش ڕزگارکردنی هونەرە لە خۆگەری ‌و رێژەگەری. کانت باسی شکۆداری دەکات ‌و بە داهێنانەوە دەیبەستێتەوە، هونەرمەند بە داهێنانی هونەری دەتوانێت بگاتە شکۆدارییەکی رەها. هونەرمەند ئەو داهێنەرەیە و خاوەنی ئەو جیهانەیە کە دەیهێنێتەکایەوە، بێئەوەی پەیڕەوی هیچ یاسایەکی سروشتی بکات. 
 
هونەرمەند دەسەڵات ‌و ئەندێشەیەکی سنووربەزێنی هەیە، بۆیە سەربەستە. ئەگەر مرۆڤ سەربەست نەبێت نابێت بە هونەرمەند. کانت ئاماژە بۆ سەربەستی دەکات، بێئەوەی هیچ ڕێگەیەکمان بۆ سەربەستی بۆ دیاری بکات. بەڵام نیچە تاکە بیریارە هەوڵیداوە ڕێگەی بەرەو سەربەستیمان بۆ بدۆزێتەوە. لای نیچە سەربەستیی مرۆڤ لەسەر بنەمای هیچگەرایی دامەزراوە. هیچگەرایی واتە هیچ شتێک لە جیهاندا نییە ببێت بە بنەما بۆ بوونی مرۆڤ، ئێمە بەڕێکەوت لەسەر ئەم ئەستێرەیە دروستبووین. هیچگەرایی واتای ڕەتدانەوەی هێزی مێتافیزیکی ‌و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بۆچوون ‌و بەها و دەسەڵاتانەیە کە راستەقینەیەک لەژوور بوونی مرۆڤ بۆ مرۆڤ دیاری دەکەن. بۆیە نیچە بۆ سەربەستی دوو جۆر یاخیبوونی داناوە، مێتافیزیکی ‌و مێژوویی. هونەرمەندی داهێنەر دەبێت یاخیبوویەکی مێتافیزکی ‌و مێژوویی بێت. لە هیچگەراییدا بوون ‌و بەها رەوشتیەکان واتایان نییە، ئەی چۆن واتا بەبوون بدەین ‌و بەها دروستبکەین، کێ ئەمە دەکات؟ یاخی ‌و هونەرمەندەکان [سوپەرمانەکان]. بۆ نیچە هونەرمەند ئەو مرۆڤە داهێنەرە یاخیبووەیە واتا بە بوون دەدات ‌و بەهای نوێ دادەهێنێ. هونەرمەند دەتوانێت تراژیدیای کورتماوەی بوون تێپەڕ بکات ‌و نەمری بەخۆی بدات. پاشان ئاماژە بە کاریگەریی نیچە بۆ تێپەڕکردنی فەلسەفەی تازەگەری دەکات، لێرەشەوە ئاوڕ لە بۆچوونی هایدیگەر بۆ فەلسەفەی هونەر دەداتەوە.
 
بۆ هایدیگەر فەلسەفە و هونەر هاوتەرازن، جیاوازی لەنێوان فەیلەسوف ‌و هونەرمەنددا نییە، بیرکردنەوەی هونەری وەک بیرکردنەوەی فەلسەفییە و داهێنەرانەیە. بیرکردنەوەی داهێنەرانە بەپێچەوانەی بیرکردنەوەی ماتماتیکی ‌و زانستی داهێنەرانەیە، بە تەنیاش فەیلەسوف بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت، بەڵکو هونەرمەندیش راستیی بوون دەردەخات، بەهای جوانیی هونەریش وابەستەیە بە راستیی بوونەوە. فەلسەفەکارەکە پرسیاری ئەوە دەکات، بۆچی هایدیگەر بایەخ بە هونەر دەدات؟ لە وەڵامدا ئاماژە بۆ چەند خاڵێک دەکات. هونەرمەند داهێنەرانە بیردەکاتەوە و ڕاستیی بوون دەردەخات. لە نەریتەکان یاخی دەبێت؛ لەم سەردەمەدا کە نەریتی تەکنەلۆجی زاڵە، هونەرمەند ڕزگارکەرە، هونەر لەم سەردەمەدا بووە بە کاڵا، تەنیا هونەرمەندە ڕەسەنەکان دەتوانن هونەر ڕزگار بکەن. ئەمڕۆ لە جیهاندا زۆر هونەرمەند بەرهەمە هونەرییەکەیان لە بازاڕدا دەفرۆشن، ئەمە وەک ئەوەیە منداڵەکەت لەبازاڕ بفرۆشیت، یان سەرکەوتنی فیلمێک ئەوەیە چەند قازانج دەکات. ئەمە سەپاندنی ئەو نەریتە تەکنەلۆجییەیە بەسەر هونەردا، کە هایدیگەر پێیوایە تەکنەلۆجیا ناتوانێت کۆتایی بە هونەر بهێنێ، بەڵام هۆکاری سەرهەڵدانی بەرهەمی ناڕەسەن‌ و کاڵوکرچە، لەم سەردەمەدا بازاڕ پڕ دەبێت لە بەرهەمی هونەری، کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان پڕ دەبن لە ئەدیب‌ و هونەرمەند، بێئەوەی هەست بە ئامادەبوونی هونەر و ئەدەب بکەیت. بۆیە تەمەنی بەرهەمەکان ساتەوەختی ‌و ئێستایین، نەک داهێنەرانە و داهاتووییانە. بەڵام هونەری ڕەسەن نەمر و داهاتووییە، هونەرمەند لە ئێستادا دەژی بەڵام داهاتووییانە بیردەکاتەوە. هونەری ڕەسەن لەسەر ڕاستیی بوون نەک کولتووری بازاڕی ‌و تەکنەلۆجی وەستاوە، لەبەرئەوە هایدیگەر پێیوایە ئەمڕۆ لە هەمووکات زیاتر پێویستمان بە هونەری ڕەسەنە تا لەم کولتوورە بازاڕییە ڕزگارمان بکات، بۆ ئەمەش هونەر بە ئۆنتۆلۆجیاوە دەبەستێتەوە. لە کۆتاییشدا دەڵێ، هونەر لەم کولتوورە بازاڕییە رزگارمان دەکات، چونکە هونەرمەند زەویمان بۆ دەکات بە جیهان، لە کەرەسەکانی بەردەستییەوە شتێکی نوێمان بۆ دادەهێنێ. کەواتە بەرهەمی هونەری داهێنانی جیهانێکی نوێیە، کە نوێنەرایەتی هیچ شتێک ناکات، بە کەرەسەکانی خۆشیەوە. بۆیە هونەرمەند ئەو مرۆڤە ڕەسەنەیە کە لەڕێگەی داهێنانی هونەرییەوە دەتوانێت بوونی مرۆڤ لە نەهامەتی ڕزگار بکات.
 
لە محەممەد کەمالم پرسی ئامانج لەم کۆڕانە چییە، لە وەڵامدا گوتی: "لە پێناو گەشەپێدان بە بیرکردنەوەی فەلسەفی و کردنەوەی دیالۆگە لەنێو گەنجاندا. بۆ مەبەستی دامەزراندنی کەشوهەوایەکی ڕۆشنبیریی تەندروست بۆ تێگەیشتن لە کێشە فەلسەفییەکان و ڕەخنە بەگشتی". ئەو گوتی: هاتنەوەی ئەمجارە لە جارەکانی دیکە جیاوازە. هەست دەکەم کەسانی زۆر هەن شەیدای خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفین. پێشوازیی لاوان لە کۆڕەکان کە دەیانەوێت لەمن نزیک ببنەوە و دیالۆگ بکەن، گرنگە. دەبینم کارەکانم جێگەی خۆیان گرتووە و گەنجان پێشوازی لێدەکەن. لەبەرئەوە پێویستە کولتووری ڕۆشنبیری لە کولتووری داخراوەوە بۆ کراوە بگۆڕین.