بەر لە هاتنی بەیانی

سواڵكەرە ریشسپییەكە دەچێتە ناو كوخەكەی و ژنەكەی دەبینێ كە لەسەر پێخەفەكەی ڕاكشاوە. ژنەكە دەكۆخێ و بە دەنگێكی لەرزۆكەوە بە مێردەكەی دەڵێ: "وەكو هەموو جارانی تر؟!".

مێردەكەی وەڵامی دەداتەوە: "بەڵێ.. وەك هەمیشە!".

سواڵكەر چەقۆكەی گیرفانی دەردێنێ و دەیخاتە سەر مێزەكە. بەرەو گۆشەیەكی بچووكی كوخەكە دەڕوا، بەدوای پارچە نانێكی وشكدا دەگەڕێ. ژنەكەی هاوار دەكا: "حاڵی هەموو كەس لە حاڵی ئێمە باشترە، هەموو خەڵك ئێواران بە پارەوە دەگەڕێنەوە و تۆش بە چەقۆیەكی نەفرەتییەوە دەگەڕێیەوە. ئەم چەقۆیە چی لێ بكەم؟! بیكوڵێنم و بیخۆین پێی دەژین؟!".

پیاوەكە، ژنەكە هەڵدەداتە سەر زەمینی ساردی كوخەكە، تەماشای دەكات و پێیدەڵێ: "سەركۆنەی من مەكە، خەڵك پارەم نادەنێ، دەڵێی عیفریتێكی نەفرەتلێكراو ڕێیان لێ دەگرێ لەوەی یارمەتیم بدەن و پارەم بدەنێ، تەنیا دەستێك لە تاریكییەكی بێ جەستەوە دێت و چەقۆیەك دەخاتە دەستمەوە و بزر دەبێ، خەریكە شێت دەبم".

ژنەكە بەتوندی دەكۆخێت و بە دەنگێكی خنكاو دەڵێت: "پێش ئەوەی شێت بین دەمرین، هەستت پێ نەكردووە خەریكە هێزمان لەبەر دەبڕێ؟".

ئەم ڕستەیە وەكو چەكوشێك بەر سەری پیاوەكە دەكەوێ. خەریك بوو گەدەی تێكهەڵدەهات و بەتاسەوە گوتی: "ئەگەر بمتوانیبا چەقۆكان لە بازاڕ بفرۆشم، دەیان چەقۆم هێناوەتەوە ئێرە دەمفرۆشتن، هەموو چەقۆیەك كە شەو دەیهێنمەوە، بۆ بەیانی بزر دەبێ، دەڵێی ئەو دەستەی چەقۆكەی پێداوم، هەر ئەویش دەیباتەوە، تەنانەت دوایەمین چەقۆ كە هێنام و لەسەر مێزەكەیە، ئەگەر ئارام بگرێ و تا بەیانی بمێنێ، دەیبەمە بازاڕی وردەواڵەفرۆشان و دەیفرۆشم و پارەكە بە نان دەدەم، بەڵام ئەویش نەفرەتییە، تا بەیانی بزر دەبێ و سوودی لێ نابینم".

ژنەكە بەدەم كۆخەكۆخەوە دەگری، مێردەكەی بۆ ماوەیەكی درێژ تەماشای دەكا. ماوەی تەماشاكردنی نێوانیان، بۆنی ڕق و كینەی لێ دێت، مێردەكە چاوی هەڵدەگڵۆفێ و دەڵێ: "تۆ دەگری و لە گریان زیاتر هیچت لەدەست نایەت، لەسەر ئەوە من ئیرەییت پێ دەبەم، من چاوەكانم وشك بوون، خۆزگە منیش هەر هیچ نەبێ دەمتوانی وەكو تۆ بگریەم، بۆ ئەوەی تۆزێ ئاسوودە بم".

بۆ ماوەیەك دادەنیشن و بیر لە ئازاری گەدەیان دەكەنەوە. ژنی سواڵكەرەكە پاش ئەوەی كۆخەكەی نەما، دەستی بە قسان كرد: "ئیمە لێرە لە برسان دەمرین و كەسانی دیش بەخۆشی دەژین، نازانم ئەم خەڵكە چۆن پارەیان دەستدەكەوێ، خۆزگە منیش وەكو ئافرەتە خواپێداوەكان لەسەر پێخەفێكی پاك و ژوورێكی گەرم و گەورە بام و كچ و كوڕی خۆم هەبان و لە چواردەورم بان، بەڵام بەختە ڕەشەكەی من، منی هەڵدایە ئەم گۆڕە".

مێرەدەكەی بەقووڵی هەناسەیەكی دا و دەستی لەسەر سەری دانا. ژنەكە درێژەی بە قسەكانی دا: "من لەمانە هەمووی بەرپرسم، ئەگەر من هەڵبژاردنەكەم باشتر با...".

پیاوەكە سەری بڵند دەكات و بەدوو چاوی زەقەوە تەماشای دەكات و دەڵێت: "مەبەستت چییە؟ خۆ تۆ و خزموكەست لەوپەڕی هەژاریدا دەژین، لەبیری مەكە كە خزمەكانت پێشتر لەبرسان مردوون، هەمووتان دەرۆزەكەرن!".

ژنەكە هاواری كرد: "خۆ خزموكەسی تۆش لەبرسان مردوون!".

پیاوەكە لە شوێنی خۆی هەستایەوە و بەرەو لای ژنەكەی ڕۆیشت و گوتی: "بێدەنگ بە، لە سەرزەنشتە بەردەوامەكانت بێزار بووم، چی بكەم كە ناتوانم هیچ كارێك بكەم، تاكە شتێك ئێستا لەدەستم بێت ئەوەیە كە تۆ بكوژم و دواتریش خۆم".

بۆ ساتێك، هەردووكیان بەبێدەنگی تەماشای یەكتریان كرد. پاشان تەماشای شوێنی چەقۆكەیان كرد لەسەر مێزەكە، پاشان هەردووكیان تەماشای ناو چاوی یەكتریان كرد، چەند ساتێك بەقوڕسی تێپەڕی، ئینجا پیاوەكە گوتی: "ئەمە تاكە دەرفەتە ئازیزەكەم، بەرلەوەی سبەینێ دابێ و چەقۆكە ون بێت و هیچ سوودێكی لێ نەبینین".

سواڵكەرەكە بەرەو مێزەكە دەچێت.. ژنەكە هاوار دەكا: "ئەوە چی دەكەی شێتە..؟!".

پیاوەكە، چەقۆكە بەڕووی ژنەكەیدا بەرز دەكاتەوە و هاوار دەكا: "ئەم چەقۆیە یەك ئیشی هەیە، كە ئێستا دەیبینی!".

پاش چەند ڕۆژێك، هەواڵێك بە شاردا بڵاو دەبێتەوە، هەواڵی كوژرانی سواڵكەرێك و ژنەكەی كە لە كوخەكەیاندا بەشێوەیەكی سەیر سەریان بڕدراوە، پۆلیس بەشێوەیەك تەرمەكانیانی دۆزیوەتەوە، كە لە خوێندا گەوزاون، بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك هەبێت بۆ ئاشكرابوونی تاوانەكە.

ئەنمار ئەیاد حوسێن ڕەحمەتوڵڵا ئەعەرەجی:

ساڵی (1978) لە شاری سەماوە لە عێراق لەدایكبووە.

ئەندامی یەكێتی ئەدیبان و نووسەرانی عێراقە.

لە فێستیڤاڵە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، چەندین خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە.


ئەنمار رەحمەتوڵڵا
وەرگێڕانی: سەنگەر زراری

سەرچاوە:
http://www.alnoor.se/article.asp?id=331452