کۆنفرانسی زانستیی 'بیر و بەرهەم و داهێنانی عەزیز گەردی' لە هەولێر بەڕێوەچوو

05-06-2024
پەیمان محەممەد
عەزیز گەردی
عەزیز گەردی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دووەم ساڵیادی کۆچی دوایی عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی کورد، کۆنفرانسێکی زانستی بۆ زیاتر ناساندنی بیر و بەرهەمەکانی لە زانکۆی سەلاحەدین بە 18 توێژینەوەوە بەڕێوەچوو.
 
رۆژی چوراشەممە 05-06-2024 کۆنفرانسێکی زانستی بۆ لێکۆڵینەوەی زمانەڤانی و رەهەندە جیاوازەکانی بیر، هزر و داهێنانەکانی عەزیز گەردی، نووسەر، وەرگێڕ و زمانناسی کورد، لە بوارەکانی پەروەردە، خوێندن و وەرگێڕان لە زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر بەڕێوەچوو.
 
کۆنفرانسەکە بە چاودێریی د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و بە هاوبەشی لەلایەن کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی و سەرجەم کۆلێژەکانی بەشە کوردییەکانی زانکۆکە ئامادە کراوە.
 
بەپێی راپۆرتی کۆنفرانسەکە، نزیکەی 34 توێژینەوە لەسەر کەسایەتی و بەرهەمەکانی عەزیز گەردی پێشکێش کرابوون، کە 18 توێژینەوەیان لەلایەن لیژنەی پێداچوونەوە پەسند کراون و دەخرێنەڕوو کە تایبەتن بە وەرگێڕان، زمانناسی و لایەنی ئەکادیمیی عەزیز گەردی.
 
عوسمان دەشتی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سەلاحەدین، لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی "ئاشنابوون بە ژیان و جیهانبینیی عەزیز گەردی" باسی لە رەوانبێژیی "بێوێنە"ی بەرهەمەکانی کرد و گوتی، زۆرترین وەرگێڕانی لە زمانەکانی دیکەوە هەیە و وەرگێڕی "یەکەم"ە لە کوردیدا.
 
عوسمان دەشتی گوتیشی، "تاوەکو ئێستا 64 وەرگێڕانی عەزیز گەردی لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی، 41 بەرهەم لە فارسییەوە بۆ کوردی، 13 بەرهەم لە عەرەبییەوە بۆ کوردی و هەشت بەرهەمیشی لە فەڕەنسییەوە بۆ کوردی بینیوە [دەشێت لەم ژمارەیە زیاتریش بن]."
 
د. محەممەد ئەحمەد مەنتک، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکارییی کۆنفرانسی "بیر و بەرهەم و داهێنانی عەزیز گەردی" بە رووداوی گوت، "لەم کۆنفرانسەدا ویستمان لە رێگەی توێژینەوەی ئەکادیمییەوە بیر و بەرهەمی عەزیز گەردی بخرێنەڕوو."
 
د محەممەد ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، عەزیز گەردی بە گشتی 200 کتێبی چاپکراوی هەیە و 60 کتێبی وەرگێڕانیشی هەیە کە تاوەکو ئێستا چاپ نەکراون.
 
سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسەکە ئاماژەی دا، زانکۆی سڵاحەدین ئامادەیی بۆ چاپکردنی سەرجەم ئەو بەرهەمانەی عەزیز گەردی دەربڕێوە کە تاوەکو ئێستا چاپ نەکراون. 
 
د. محەممەد ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، بانگهێشتنامەیان بۆ ژمارەیەکی زۆر وەرگێڕ و نووسەری کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، زانکۆکانی کوردستان و زانکۆ نێودەوڵەتییەکان ناردووە، بۆ ئەوەی لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بن.

 

 
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسەکە، زانکۆی سەلاحەدین دوای وەرگرتنی رەزامەندیی کەسوکاری، کار بۆ بەدیجیتاڵیکردنی کتێب و بەرهەمەکانی عەزیز گەردی دەکات و دەشڵێت، "پلانمان هەیە ساڵانە خەڵاتێک لە ژێر ناوی خەڵاتی عەزیز گەردی پێشکێش بە باشترین نووسەر و وەرگێڕی کورد بکەین."
 
بەگوتەی زانکۆی سەلاحەدین، بیرۆکەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە دوای کۆچی دوایی عەزیز گەردی لەلایەن لیژنەی زانستیی بەشی کوردییەوە لە کۆلێژی زمان گەڵالە کراوە و خراوەتەوەڕوو، بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە تاوەکو ئێستا دواخرا.
 
تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی کۆنفرانسی زانستیی "بیر و بەرهەم و داهێنانی عەزیز گەردی"ی گرتووەتە ئەستۆ.
 
عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەزیز گەردی، نووسەر، زمانناس و وەرگێڕی دیاری کورد لە ساڵی 1948 لە ناحییەی بەحرکە لە هەولێر لەدایکبووە، 6ی حوزەیرانی 2022 دوای پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە کۆچی داوییکرد، کە زۆربەی کتێبەکانی لە زانکۆی سەلاحەدین پرۆگرامی خوێندنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 کتێبەکە لە دوو توێدا خراوەتە بەردەستی خوێنەران

فوئاد مەجید میسری بەشێکی مێژووی کوردستان لە نوێترین کتێبیدا دەخاتەڕوو

فوئاد مەجید میسری لە نوێترین کتێبی خۆیدا بەشێک لە مێژووی کوردستانی خستووەتەڕوو و دەڵێت ''جیاوازیی لەگەڵ کتێبەکانی دیکەی مێژوو ئەوەیە؛ زۆربەی ئەوانەی مێژوویان نووسیوەتەوە، لایەنگرانە باسی رووداوەکانیان کردووە.''