نامە ئەکادیمییەکان.. رەنگدانەوەی بوونگەرایی لەسەر رۆمانی کوردی

(رەنگدانەوەی بوونگەرایی لە رۆمانی کوردیدا) ناونیشانی نامەیەکی ماستەری (ئاری عوسمان)ـە کە ساڵی 2016 بە سەرپەرشتی (پ.ی.د.ئیبراهیم عەبدولڕەحمان) پێشکەشی کۆلێجی زمان ‌و زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی گەرمیان کراوە. نامەکە لەسەر بنەمای چەند میتۆدێک و بە پشتبەستن بە فەلسەفەی بوونگەرایی، لە سێ بەشدا چەندین رۆمانی کوردی بۆ شرۆڤەکردن هەڵبژاردووە. لە دەروازەدا پەیوەندیی فەلسەفە و ئەدەب ‌و نزیکیی فەلسەفە لە رۆمانەوە ‌و هاوکات کاریگەریی رۆمانی کوردی بە فەلسەفە و جیهانیبوون خراوەتەڕوو. 
 
لە بەشی یەکەمدا، سەرەتا زاراوەی بوون و دواتریش وەک چەمکێک لە بیری ئەفسانەیی ‌و قۆناغەکانی مێژووی فەلسەفەدا خراوەتەڕوو. ئەفسانە دایکی زانستەکانە، یەکەم هەوڵی مرۆڤە بۆ تێگەیشتن لە بوون کە دواتر بۆ عەقڵ [لۆگۆس] دەگوازرێتەوە و فەلسەفە لەدایک دەبێت. لە فەلسەفەی دێریندا دۆزینەوەی بنەڕەتی بوون دوو ڕەوتی ئایدیاڵستی ‌و ماتریاڵستی هەبووە. 
 
ئایدیاڵستەکان بۆ (بابەتی) ‌و (خودی) دابەش بوون، بەپێچەوانەی ماتریاڵستەکانەوە کە بۆ دیالێکتیکی ‌و میکانیکی دابەش بوون و ماددە دەکەنە بنەڕەت. فەیلەسوفە سروشتگەراکان لەچەند قوتابخانەیەک پێکهاتوون‌ و بوون بە سروشتەوە گرێدەدەن و بۆ بنەڕەتێکی وەک ئاو، هەوا، ئاگر و هتد یان وەک ئەناکسیماندەر بۆ سەرچاوەیەکی دیارینەکراو دەیگەڕێننەوە. ئیلیاییەکان بەپێچەوانەی ئەتۆمگەراکانەوە پێیانوایە بوون خاوەن یەکێتییەکی ڕەهایە. پارمەندیس دەڵێ: "بوون بوونە و نەبوون نییە". لەگەڵ دەرکەوتنی سوکراتدا بایەخدان بە مرۆڤ دەستیپێکرد، بوونیش بە چاکە و ئازادییەوە بەسترایەوە، بەڵام ئەفڵاتوون کە دامەزرێنەری میتافیزیکە، یەکەم فەیلەسوفە فەلسەفەی لە بوون نامۆ کرد. لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا لاهووت‌ و بوونی خودا بوو بە چەقی باسکردنی بوون، بەڵام لە سەردەمی رێنیسانسدا هەوڵ درا مرۆڤ لە خودا بسەنرێتەوە. 
 
فەلسەفەی نوێش چەند ئاراستەیەکی جیاوازی بۆ تێگەیشتن لە بوون ئاوەڵا کرد، لەوانە: ئاوەزگەری و ئەزموونگەری. دواتر باسی زاراوە و بنەماکانی بوونگەرایی ‌و ئەو شۆڕشە دەکات کە بەسەر کۆجیتۆی [من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم]ی دیکارتیدا کرا، چونکە بوونگەراکان باوەڕیان بە پێشخستنی جەوهەر نەبوو، هەندێکیشیان هەر ڕەتیانکردەوە. ئاراستەی جیاوازی بوونگەرا هەن، دەگوترێت: ژمارەی فەلسەفە بوونگەراکان هاوتایە بە ژمارەی فەیلەسوفانی بوونگەرا. لەگەڵ ئەوەشدا توێژەر ئاماژە بە چوار ئاراستە دەکات ‌و دەشڵێ بوونگەرایی بەسەر هیچ ئاراستەیەکدا دابەش ناکەین. لێرەشەوە باسی چوار فەیلەسوف بۆ باسکردنی بنەماکانی ئەم فەلسەفەیە هەڵدەبژێرێت: (کیرکێگارد، نیچە، هایدیگەر و سارتەر). کیرکێگارد بوونگەرایەکە کە فەلسەفەکەی لە ژیانی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو دژی سیستمی توندی بابەتی هیگڵ وەستایەوە، تاکی خستە چەقی بیرکردنەوەی، بۆیە دەڵێ "ئەگەر دەتەوێ لەناوم ببەی، بمخە ژێر رژێمێکەوە، بمبەستەوە بە ڕێبازێکەوە، بەڵام من برغوو نیم، من منم". کیرکێگارد سێ شێوازی ژیانی خۆیی کە پێکەوەبەستراون بۆ بوونی مرۆیی باسکردووە: شێوازی جوانخوازی، ئاکاری و ئاینی. نیچە جگە لە سیستم، بیری ئاینی ‌و دواجاریش بوونی خوداشی ڕەتکردەوە. بۆ نیچە بوون پەیوەستە بەسێ چەمکی: ویستی هێز، مرۆڤی باڵا و گەڕانەوەی هەمیشەیی. هەرچی هایدیگەرە، بە فەیلەسوفی بوون بەناوبانگە، بوون دەبێتە بنەڕەتی هەموو شتیک بە نەبوونیشەوە. دواتر توێژەر باسی دازاین ‌و پێشمەرجە ئۆنتۆلۆجییەکانی بوونی مرۆیی، جۆرەکانی بوونی ڕەسەن ‌و ناڕەسەن دەکات. سارتەر هەر لەسەرەتاوە خۆی بە بوونگەرا ناوبرد و توانی بوونگەرایی بهێنێتە ناو ئەدەبەوە.
 
بەشی دووەم، باسی بەرجەستەبوونی جۆرەکانی بوون ‌و پێشمەرجە ئۆنتۆلۆجییەکانی وەک نیگەرانی ‌و مەرگ لە رۆمانەکاندا دەکات. رۆماننووسان بەشێوەیەکی هونەری شێوازەکانی بوونی ڕەسەن‌ و ناڕەسەنیان لە کارەکتەرەکانیاندا نمایش کردووە. رۆمانی "شاری مۆسیقارە سپییەکان"، کە رۆمانێکی فرەدەنگە، چەندین کارەکتەری سەرەکی ‌و لاوەکیی تێدایە، ململانێی شێوازی ڕەسەن و ناڕەسەنی بوونیان دەکەن، بۆ نموونە جەلادەتی کۆتر لە دۆخێکدا دەکەوێتە درۆکردن لەگەڵ خۆی و خۆلەبیربردنەوە و دژی بوونی ڕەسەنی خۆی دەوەستێ. هەروەها بونیادی کارەکتەر لە رۆمانی "غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ"دا کە بۆ میتافۆری پاشا و شاعیران دابەش بووە، بنەمای بوونی ڕەسەن‌ و ناڕەسەنە. لە رۆمانی "گرەوی بەختی هەڵاڵە"ی عەتا نەهایی- دا کارەکتەری شێرزاد بەهۆی ترس، شەرم و خۆفریودانەوە کارەکتەرێکی ناڕەسەنە کە ناتوانێ بەرپرسیارێتی ژیانی لەئەستۆ بگرێت. دواتر توێژەر باسی میتامۆرفۆس وەک دۆخی ناڕەسەنبوون لە رۆمانە کوردییەکاندا دەکات. لە رۆمانی "کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان"دا دۆخی بەدگۆڕان لە کارەکتەری ئامانجدا دەردەکەوێت کە خۆی وەک بابەت لەبەردەستی ئەوانیتر لێدەکات ‌و هیچ هەوڵی خۆڕزگارکردن نادات. هاوکات پانتاییەکی دیکەی بوونی ناڕەسەن ‌و ڕەسەن لە بوون و ئەویتری بێگانە [ڕۆژئاوایی] دەردەکەوێت. ئەویتر دەشێ ببێتە دۆزەخەکەی سارتەر یان ڕزگارکەر. لە رۆمانی "پەناهەندە"دا ئەویتر دەبێتە پنتی ڕەسەنایەتی: "خۆنەناسین، خۆنەناسینی ئەویدیکەشە، بۆیە ڕۆژئاوا نە ئەمیانە و نە ئەویشیانە... ڕۆژهەڵات خۆیەتی، نایەوێت هەراش بێت‌ و وڕکنە بەرامبەر بە گەورەبوون! وەکو ئەو ماسیەی کە گازی لە کلکی خۆی گرتبێت". رۆماننووس پێیوایە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی پێویستمان بە ناسینی ئەویتری ڕۆژئاواییە، بۆ ئەوەی خۆمان بناسین ‌و ژیانی بوون لەگەڵدا ئەزموون بکەین. 
 
هەروەها رۆمانی "هوتێل ئەوروپا"ش جیاواز لە ئەویتر دەڕوانێت، واتە ڕۆژئاوا و رۆژهەڵات بۆ یەکتری ڕۆڵی ئەویتری پێویست دەگێڕن، دەنا کامڵ نابن، چونکە چەند جیاوازبن، بەڵام لەڕووی ئۆنتۆلۆجییەوە یەکن. دواتر باسی توانەوە لەنێو نەریتی بازاڕی ئەوانیتر و بوون بە ئەوانیتر و خۆشەویستی وەک دۆخی ناڕەسەنایەتی دەکات. هەروەها ئاوڕ لە پرسی تەکنەلۆجیا و ناڕەسەنبوون دەداتەوە، لە رۆمانی "پەیکەرێک لە تۆزی تەباشیر"دا هاتووە "لەوەتەی موبایل پەیدابووە من هەستم بە لێدانی دڵم نەکردووە، ئەوە ئەوە لێدەدات، لەناو باخەڵم‌ و لەبن قایشی پشتم ‌و لەژێر سەرینەکەم"، ئەمە بریتییە لە داگیرکردن ‌و لەبیربردنەوەی خۆ. پاشان باسی نیگەرانی ‌و ترس، نیگەرانی لە هەڵبژاردن ‌و بڕیاردان یان چاوەڕوانیی پەیوەست بە ڕەسەنایەتی ‌و ناڕەسەنایەتی دەکات. لە کۆتایی ئەم بەشەشدا ئاماژە بە مەرگ دەکات کە هاوشێوەی نیگەرانی تاکە ڕێگەی گەیشتنن بە ڕاستەقینەی بوونی خۆ. مەرگ لەشێوازی دەرەئەزموونی ‌و وەک ئەزموونی گێڕانەوە دوو دۆخی جیاوازی ڕەسەنایەتی و ناڕەسەنایەتی بەرجەستە دەکەن. لە رۆماندا کارەکتەر مردن وەک دواپرۆژەی بوونی خۆی دەبینێ، یان وەک ڕووداوێکی بەسەردا سەپێنراو. 
 
لە بەشی سێیەمدا لە ڕێگەی چەند چەمکێکی بوونگەراییەوە ئاوڕ لە بەرجەستەبوونی بوون و ماهیەتی مرۆڤ لە رۆمانەکاندا دەداتەوە. پاری یەکەمیش بۆ ئازادی و هەڵبژادن تەرخان دەکات. بۆ نموونە لە رۆمانی "کۆشکی باڵندە غەمگینەکان"دا ویست و ئیرادەی ئازادیی هەڵبژاردن لە کارەکتەری (سەوسەن فیکرەت گوڵدانچی) کە بوونێکی ڕەسەنی هەیە، دەردەکەوێت، ئەمەش لە بڕیاردانی ئازادانە و بەرپرسیارێتی لە بڕیارەکانیدایە. یان لە کارەکتەری (هۆمەر) لە رۆمانی "ژنێک بەسەر منارەوە" کارەکتەرەکە لەنێوان ژن و ماڵ و شۆڕشدا کاریگەری ئەوان ڕەتدەکاتەوە و خۆی شۆڕش هەڵدەبژێرێ. دواتر توێژەر باسی ئازادیی ڕەها و ئاکامی چاکە و خراپە دەکات و پێیوایە ئازادی لەخۆیدا خراپە نییە، بەڵام ئازادیی ڕەها لێکەوتەی خراپی هەیە، بۆ نموونە لە رۆمانی "کەشتیی فریشتەکان"دا نزار ئیدریس دەڵێ: "جگە لە خراپە ئینسان ڕێگایەکی تری نییە تا بیسەلمێنێ کەسێکی سەربەستە". نزار لە شۆڕشدا بۆ ئازادیی خۆی ئازادیی ئەوانیتر پێشێل دەکات "شۆڕش ئەوەیە مرۆڤ ئازادیی خۆی وەک جانەوەر بەربداتە گیانی ئەوانیدی". لە پاری دووەمدا باسی نامۆیی و بێهوودەیی و جۆرەکانی نامۆیی دەکات. نامۆیی خودی ئەوەیە مرۆڤ لە خۆی نامۆ دەبێت، نامۆیی کۆمەڵایەتی مرۆڤ لە دەوروبەری نامۆ دەبێت. لە رۆمانی "کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان"دا ژیانی کارەکتەری شیرین تژیە لە ئازار "مرۆڤ کاتێ گیانی لەبەرە، مەحکومیشە بەوەی لەم ژیانە بێمانایەدا ئازاری بێکۆتایی بچێژێت" یان نامۆیی و بێهوودەیی لە تاراوگەدا لە رۆمانی "خەونی بلووژستان" کە چیرۆکی کۆمەڵێ پەناهەندە و ئاوارەی کوردە دەردەکەوێت، لە رۆمانەکەدا هاتووە: "ئەگەر هەموو تەمەن بنووم هەر تێر نابم. من بە ماندوویی هاتوومەتە دنیاوە"، بۆیە لە رۆمانەکدا باسی دۆخی پەناهەندە دەکات کە جۆرێک ترازان لە سەردەم و بوونی خۆی لا دروست دەبێت.
 
بێهوودەیی و نامۆبوون تاڕادەی ڕەشبینی وا دەکات لە کارەکتەری کاکل لە رۆمانی "پەناهەندە" دەست لە ناوە کوردیەکەی خۆشی هەڵگرێت. لە پاری سێیەمدا باسی یاخیبوون و بەرپرسیارێتی دەکات، بۆ نموونە لە رۆمانی "کۆچ"دا کارەکتەری نەورۆز وەک یاخییەک لە کۆمەڵگا دەردەکەوێت، لە رۆمانەکەدا هاتووە: "ئەوان دەترسێن، لە چاوی ئافرەتی یاخی زۆر دەترسێن، لە قەڵەمی یاخی دەترسێن". دواتر توێژەر بە نموونەوە باسی جۆرەکانی یاخیبوون دەکات. لە کۆتایی نامەکەشدا یانزە خاڵ وەک ئەنجام دەخاتەڕوو، دیارترینیان ئەوەیە کە لە سنووری رۆمانە هەڵبژێردراوەکان بۆ نامەکە هیچ رۆمانێکیان تەواو ناچنە چوارچێوەی بوونگەرایی. لە رۆمانەکاندا هەردوو شێوازی بوونی ڕەسەن و ناڕەسەن هەیە، ململانێی بەرەو ڕەسەنایەتی چوون و لە ڕەسەنایەتی کەوتن پەیوەست بە بوونی ئەوانیترەوە تێبینی دەکرێت. لەڕووی جێندەرییەوە زۆرینەی کارەکتەرە یاخییەکانی رۆمانی کوردی مێیینەن، یاخیبوونیش بنەمای ڕزگاربوونە لە نامۆیی و بێهوودەیی. ئەویتری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە رۆمانە کوردییەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبووە و مامەڵەیەکی فیکری لەگەڵ کراوە.