شیعر، کافه و که‌لاوه؛ سه‌رنجێک له‌سه‌ر شوێن له شیعری رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا
عادل قادری
یه‌کێک له‌و جه‌مسه‌رانه‌ی قه‌ت له ده‌رکه‌وته و دیارده‌ی شیعر جیانابێته‌وه و ده‌شێت وه‌کوو توخمێکی ژێره‌وانکێ و شاراوه هه‌میشه له‌گه‌ڵیدا بێت "شوێنه". شوێن لێره‌دا رووبه‌رێکی دیار و ره‌ها و ده‌ستنیشانهه‌ڵگر له‌خۆناگرێت، شوێن وه‌کوو جێگه‌ی له‌دایکبوونی دانه‌ری شیعر، وه‌کوو مه‌ودای خه‌یاڵکردنی شاعیر، وه‌کوو رووبه‌ری ئه‌زموونکردنه‌کانی سووژەی شیعر، وه‌کوو پانتایی هه‌ڵچوون و داچوونه‌کانی مرۆڤ، وه‌کوو گۆڕه‌پانی ناکامی و کامیاریی ئاژه‌ڵێکی گۆکه‌ر(حیوان ناگق) و.. هتد. به‌ربڵاویی رووبه‌ری شوێن ئاماژه‌یه‌که بۆ به‌ربڵاوی و ناکۆتابوونی ئه‌زموونه‌کانی سووژه‌ی زمانباز و شاعیر. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌هۆی رووداوه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کان له پانتاگه‌لی جۆراوجۆری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، پێوه‌ندییه‌کان و کو‌لتوور جۆرێک ئاماده‌یی شیعر له شه‌قام و ناو کافه‌کاندا ده‌بینرێت. ئه‌م حاڵه‌ته بۆ ئێمه سه‌یر و سه‌رنجڕاکێش نابێ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌رکه‌وته‌یه به پیاسه‌ی ئازاد و نیوه‌ئازادی ناو شه‌قام و گۆڕه‌پان نه‌بینین. لێره‌دا ئاماژه‌م بۆ جۆرێک گه‌ڕانه‌وه‌ی شیعره له‌ناو هۆڵه داخراوه‌کان و بینا بیروکراتیک و فه‌رمانبه‌رییه‌کان بۆ ناو پارک و کافه و شوێنگه‌لێک که مۆرکی ده‌سه‌ڵاتی به ئاسانی لێ نادرێت، ئه‌گه‌رچی مۆڵه‌ته‌که‌ی له‌و وه‌رگیرێت! گرینگیی کافه وه‌کوو شوێن لێرەدایه داڵانێکی پڕ هاتوچۆیه، نیشتنگه‌یه‌کی تێپه‌ڕ و بزۆزه، هه‌ڵگری ئاپۆڕه و خه‌ڵوه‌تیشه پێکه‌وه، ئاڕاسته‌یه‌ک نییه له بنبه‌سته‌وه بته‌قێت، له هه‌موو گۆشه‌یه‌کی شار ده‌توانێت وه‌کوو کارگ هه‌ڵتۆقێت، لێره‌دا کافه شوێنگه‌ی دیار و شاراوه‌ی هه‌ست و شیعریه‌ت و وجووده، لێره‌دا شار له ئاستێکی دیار و به‌رجه‌سته‌دا خۆی نمایش ده‌کات. کتێب و مۆسیقا و ئاماده‌یی به‌رفراوانی تاقمێکی پڕوزە و جیاوازبین به‌هۆی جێنده‌ر و ڕه‌گه‌زه‌وە (ژنان) له‌م شوێنه‌دا ئه‌م پرده پڕڕاگوزاره‌ی پاراوتر و ره‌نگینتر کردووه.
ژن به‌رده‌وام توخمێکی ئایدیاڵی ناو شیعری کوردی بووه و جوانیناسیی شیعری کوردی به‌بێ ئه‌و وێنه ئایدیاڵ و باڵایه له ژن ناپۆڕێت، له قه‌واره‌ی عاشق، مه‌حبووب، یار، مه‌عشووق، بێ وه‌فا، خائین، شۆخ، سه‌نگین و سه‌لاردا ده‌رکه‌وتووه و هه‌ڵبه‌ت و بێگومان به گێڕانه‌وه‌یه‌کی پیاوانەوه، به زمان و مه‌عریفه‌یه‌کی پیاوانه‌وه، ئێسته ئاماده‌یی ژن له شوێنێکی پڕ هه‌ڵه‌ت و قه‌ره‌باڵغی وه‌ها و له‌ناو خڕۆکه‌ی بلوورین (گوی بلورین)ی شیعر زه‌نگی پرۆڤه‌کردن و ئه‌زموونکردنی پرۆسه‌ی به‌سووژه‌بوونه، سووژه‌یه‌ک که که‌لێن و کلۆرییه‌کانی تێگه‌یشتن و جوانیناسی و مه‌عریفه‌ی سووژه‌ی پیاو پڕ ده‌کاته‌وه. ئه‌گه‌رچی کافه له شاره‌کانی ئێمه‌دا هه‌مان ڕۆڵ ناتوانن بگێڕن که له پاریس و ته‌نانه‌ت تارانیش گێڕایان، به‌ڵام هه‌ڵگری هه‌موو ئه‌و شیمانه و ئیمکانانه‌یه که له‌به‌رده‌م سووژه‌یه‌کن وا له ساته‌وه‌ختێکی مێژوویی له شوێنێکی تایبه‌ت به زمانێکی دیاریکراو هه‌ناسه هه‌ڵده‌کێشێ. وه‌کوو زمان‌ناسی فیمینیستی باسی ده‌کات، زمان خاڵی جیاواز و پێکهاتی جیاوازیی شیعری ئه‌م دوو جۆره سووژه‌یه‌یه. ئه‌مه مزگێنی سه‌رهه‌ڵدانی زمانێکی تازه و جیاواز به فۆرم و پێکهات و ده‌ربڕینی خۆی ده‌دات و شیعر جگه له ده‌رکه‌وتنێکی دانسقه و نامۆ و غه‌ریب و ناکام له زماندا چییه؟ زمانێک که بڕیاره ناکامی و ڕه‌نج و شکست و کاره‌سات و هه‌ندێ ساتی بچووکی دڵخۆشانه‌ی ئێمه بگێڕێته‌وه. کافه‌کان سه‌رهه‌ڵدانیان له شاره‌کانی ئێمه‌دا تازه‌یه و مێژوویه‌کی دووریان نییه و ده‌شێت وه‌کوو دیارده‌یه‌کی مۆدێرن که هه‌م به‌رهه‌ستییانه و هه‌م ده‌رهه‌ستییانه قبووڵ کرابێت، له نه‌ست و گیانی تاقمێکی کۆمه‌ڵگادا به هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت و نوێنه‌رانیشیان هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ن که تۆوی سه‌له‌فیه‌تێکی نه‌ریتی و توندڕه‌وییه‌کی کو‌لتوورییان له‌خۆیاندا هه‌ڵگرتبێت. کافه وه‌کوو شوێنه، حه‌یات و حه‌ساری خه‌ڵوه‌تی ئه‌وانه‌ی که ئازادی له دواسه‌نگه‌ره‌کان و مه‌ترسیدارترین شوێندا ده‌پارێزن. ئازادییه‌ک که خۆی حه‌یای تکاوه و ئه‌گه‌ری به قه‌ناره‌کێشانیشی دوور نییه!
کافه له نه‌ستدا قاچاخه، شیعر و زمانی ئێمه‌ش قاچاخ بووه. له فه‌زای قاچاخدا کاڵای زۆر باش و پێشبینینه‌کراوت ده‌ستده‌که‌وێت و بێگومان کاڵای قه‌ڵب و ساخته‌ش که‌م نین. کافەکان لە ئێستەدا رووبەرێکن بۆ ریسککردن و چوونە ناو مەترسیی زمان و شکست و بوون و نەبوونەکانیەوە.
شیعری ئێمه به‌رده‌وام شوێنێک بووه رۆحی به‌رخۆدان و خۆڕاگری له هه‌مبه‌ر هه‌ر دۆخێکی سه‌پاو پاراستووه و پەیام و ئه‌رکی شیعریش هه‌ر ئه‌مه بووه، ئه‌م رۆحییه‌ته به ئاماده‌یی ژنان و زمان و ئه‌زموونی شیعری‌یان زایه‌ڵه‌یه‌کی به‌هاوارتری وه‌رگرتووه و له‌گه‌ڵ دوو جه‌مسه‌ری نه‌ریتی و چه‌سپاو ده‌جه‌نگێت: سیسته‌مێکی ئایدیۆلۆژی- سیاسیی ئایینی و پێکهاتێکی کو‌لتووری- ئاینیی نه‌ریتی و دۆگم. له کافه‌دا ژن و شیعری ژنان ده‌بێت به مه‌ودایه‌ک بۆ تێكشکاندنی هه‌ژموونی ئه‌م دوو لێڤیاتانه.
هه‌ر له ساڵی رابردوودا بوو که شیعری چه‌ندین شاعیری ژن چاپ کران و وه‌کوو ئه‌زموونێکی هه‌ڵگری توخمی تازه هاتنه ناو ژینگه‌ی ئه‌ده‌بی و شیعریمانه‌وه کە شوێنی مانیفێستبوون و شرۆڤەکردنیان کافەکان بوون. هه‌ڵاڵه سوهرابی، سوهه‌یلا میهه‌می، ڕوانا چوپانی و که‌سانێکی دیکه که ره‌نگه من ئاگاداریان نه‌بم.
ئامادەیی چالاکانەی خانمان لە فەزای کافەدا درووستکەری شوێنێکی جیاواز و تازەباوە لە فەزای ئەدەبیی ئێمەدا، شوێن چ وەکوو بابەتێکی کۆنکرێت و بەرهەست و چ وەکوو وێنا و تێگەیەکی زەینی و دەرهەست.
گۆڕانی شوێن وەکوو بابەتێکی بەرهەست و عەینی زەمینەساز و مزگێنیدەری ئەزموونکردنی ئەو ئازادییە سادە و مافە ڕەوایەی مرۆڤی ئێمەیە لە ژێر ئەو دوو سیستەمە سیاسی و نەریتییە دۆگم و بناژۆخوازەدا. جمان و جووڵەیە بۆ هەرێمگەلی تازەی جیهان- ژین و وێناگەل و خەیاڵکردنی نوێ.
ئیدی شوێن بۆ ژنان تەنها گۆشەی ماڵ و مەتبەخ و باخچە گچکەکەی ناو حەوشەی پشتەوە نییە و بێگومان خەیاڵکردنیشی نابەسترێتەوە بەو شوێنە عەینییە بچووک و بەرتەسەکەوە و لەو کەلاوە بچووکەی دەوری تەنیوە دێتە ناو کۆمەڵگا و پانتاییەکی پێوەندیی زیاتر و قەرەباڵغتر ئەزموون دەکات و ئەمە ریسکی شاعیربوون و ئۆنتۆلۆژیای ئەدەبە.
شیعر له که‌لاوه‌ی بێده‌نگییه‌وه هاتووەته ناو کافه‌ی پڕ هاوار و زایه‌ڵه‌وه و به‌رخۆدان و خۆڕاگری له‌وێدا مانیفێست ده‌کات: ئاماده‌یی شۆڕشگێڕانه و ئۆنتۆلۆژیک و پڕ هه‌ڵچوون و داچوون.... ته‌یار بۆ شکست و حوزن و ناکامی... وه‌ستاو له هه‌مبه‌ر خێڵی کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی به روخسارێکی هه‌ڵوه‌سته‌کار و تێڕامانه‌وه.