سەرجەم هەڤپەیڤین، نامە و بەرهەمەکانی مەسعود محەممەد لە کتێبێکدا کۆدەکرێنەوە

01-05-2023
سیروان عەباس
نیشانەکردن مەسعود محەممەد ئەدەب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرجەم نووسین، وتار، هەڤپەیڤین و نامەکانی بیرمەندی کورد مەسعود محەممەد، لە توێی کتێبێکدا چاپ و بڵاودەکرێنەوە.
 
تۆفیق کەریم، سەرۆکی رێکخراوی هزری و رۆشنبیری خاڵ بە رووداوی راگەیاند، بە هاوکاری بژارەیەک لە نووسەر و خەمخۆرانی بیر و زمانی کوردی و دوای وەرگرتنی رەزامەندیی لە بنەماڵەکەیان، دەستمانکردووە بە کۆکردنەوەی سەرجەم نووسین، وتار، هەڤپەیڤین و نامەکانی بیرمەندی کورد مەسعود محەممەد، بۆ ئەوەی لە توێی کتێبێکدا چاپ و بڵاوی بکەینەوە.
 
تۆفیق کەریم گوتی: "مەسعود محەممەد سامانێکی گەورەی لە بوارەکانی هزر، ئەدەب، زمان، رۆشنبیری و سیاسەت لە دوای جێهێشتووە، بۆیە ئێمەش بڕیاری کۆکردنەوەی هەموو بەرهەمەکانیمان داوە".
 
رێکخراوی هزری و رۆشنبیری خاڵ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "مەسعود محەممەد، زیاتر لە نیو سەدە شۆڕەسواری ئەو بوارانە بووە، زۆر لە بەرهەمەکانی (جگە لە کتێبە بڵاوکراوەکانی) وەک: وتار، دیمانە و نامەکانی، تائێستا لە ناو رۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبییەکان یان لای بنەماڵە و دۆستانی یان لە ناو ئەرشیفی دەزگا و کەسەکاندا بە پرش و بڵاوی ماونەتەوە، کۆکردنەوەی هەموو ئەمانەش پێویستی بە هاوکاری سەرجەم و شارەزا و ئاشنایان و دڵسۆزانی مامۆستا مەسعود محەممەد و کولتووری کوردییە، بۆیە داوا لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین کە زانیارییان هەیە لەسەر هەر بەرهەمێکی نووسین و دەنگی، لە نامە، وتار و دیمانەی مامۆستا، هاوکارمان بێت بۆ سەرخستن و تێر و تەواو بوونی پرۆژەکە، بە دڵنیاییەوە ئەرک و ماندووبوون و هاوکارییەکانمان لەبەرچاو دەبێت و رێزیان لێدەگرین".
 
مەسعود محەممەد کوڕی مەلای گەورەی کۆیە، ساڵی 1919 لە شاری کۆیە لە بنەماڵەیەکی ئایینی‌ لەدایکبووە و لە ساڵی 1926 لە کۆیە دەستی بە خوێندن کردووە ، قۆناخی ناوەندی‌ و ئامادەیی لە ھەولێر لە ساڵی 1940 تەواو کردووە، ساڵی1945یش خوێندنی کۆلیژی مافی لە بەغدا تەواوکردووە و بووەتە یاساناس.
 
ئەو رووناکبیرە کوردە لە ژیانی کۆمەڵایەتی ‌و سیاسیدا گەلێک پۆستی وەرگرتووە، وەک: نوێنەری خەڵکی ناوچەی کۆیە لە پەرلەمانی عێراق لە ھەردوو خولی ساڵانی 1953 و 1954 و لەدوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958یش کرایە ئەندامی لیژنەی چاکسازیی کشتوکاڵ لە عێراق.
 
دواتر لە ساڵی 1964دا بەناوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان کرایە وەزیری دەوڵەت و لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا کرایە ئەندام لە (ئەنجوومەنی گشتیی خدمە) و لەپاش دامەزراندنی (کۆڕی زانیاری کورد) لە 1970دا لە شاری بەغدا کرایە ئەندامی کارای ئەو کۆڕە.
 
مەسعود محەممەد لە سەردەمی شۆڕشەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد هەبووە و مستەفا بارزانی، بۆ رزگارکردنی خوێندکارێکی کورد نامەیەکی ئاراستە دەکات.
 
جگە لەوەی بیرمەندێکی گەورە بوو، سەرچاوەکانی فەلسەفەی ھێگڵ ‌و مارکس-ی بەوردی خوێندبووەوە و لەگەڵ باری ئابووریی ‌و کۆمەڵایەتی کوردستان بەراوردی دەکرد و لەگەڵ ھەندێ لایەنی پۆزەتیڤ ‌و لەدژی ھەندێ لایەنی نێگەتیڤی بوو. 
 
مەسعوود محەممەد، باوەڕی خۆی بوێرانە دەردەبڕی ، خاوەنی دەیان کتێب و لێکۆڵینەوە بووە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی، گرینگترینیان : حاجی قادری کۆیی  سێ بەش ، چەپکێک لەگوڵزاری نالی، دەستە و دامانی نالی ، مرۆڤ و دەورووبەر و گەشتی ژیانم.
 
دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، مەسعود محەممەد لە رۆژی 1ی نیسانی 2002 لە ھەولێر کۆچی دواییکرد و لە گۆڕستانی دەروێش خدر لە کۆیە لە تەنیشت مەلای گەورەی باوکی بەخاکسپێردرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە