رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداریی هونەرمەندانی کورد و ئەورووپی، کۆنسێرتێک بەناونیشانی 'رێگەی بەرەو هەولێر' لە کەنیسەیەکی شاری کۆڵن لە ئەڵمانیا سازکرا.
لە کۆنسێرتەکەی کۆڵن گۆرانی و میوزیکی کوردی پێشکێش کرا و، بڕیارە هەر ئەمڕۆش کۆنسێرتێکی دیکە لە وپەرتاڵ هەروەها سبەی (هەینی، 1-11-2024) کۆنسێرتی سێیەم لە دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا سازبکرێت.
وەجدا خێرۆ، یەکێک لە هونەرمەندانی بەشدار لە کۆنسێرتەکە بە رووداوی گوت، "ئەم کۆنسێرتە بەشێکە لە هەوڵەکانی پەیمانگەی گۆتە بۆ ئاڵوگۆڕیی کولتووری لەنێوان ئەڵمانیا و کوردستان، لەنێوان میوزیکژەنانی کوردی و ئەڵمانی، کە بەیەکەوە کاربکەن و بە ستایلی جاز، میوزیکی کوردی پێشکێش بکەن."
هونەرمەندێکی دیکەی بەشداربووی کۆنسێرتەکە بەناوی ریاد عوسمان لەدوای چەپڵەڕێزانی ئامادەبووانەوە بە رووداوی گوت "زۆر دڵخۆشم کە بتوانین هونەری شنگال و هەموو شارەکانی باشووری کوردستان لێرە پێشکێش بکەین، هەروەها میوزیکی رۆژئاوایی و گۆرانیی بیانیش پێشکێشکرا."
هەرسێ کۆنسێرت لەلایەن پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستانەوە، لەژێر چاودێریی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رێکخراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ