دیمەن زەندی بۆ رووداو: دەبێت سینەمای کوردی ئەستێرە دروست بکات
رووداو دیجیتاڵ
دیمەن زەندی، کچە کوردی خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە وەکو یەکەم خانمی کورد لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی فیلمی هیندستان بە جلی کوردییەوە بەشداریی کرد، رایگەیاند، دەبێت هونەرمەند لە رێگەی هونەرەکەیەوە پێناسەی نەتەوەکەی بکات. دەشڵێت، "دەبێت سینەمای کوردی ئەستێرە دروست بکات."
دیمەن زەندی، خانمە ئەکتەری کورد لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە فوئاد رەحیم و دڵدار هەرکی پێشکێشیان کرد، لەبارەی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی هیندستان بە جلی کوردییەوە، گوتی، "بەشداریم لە فێستیڤاڵەکە سەرەتا وەکو نوێنەری کوردستان بوو، دواتر وەکو نوێنەری فیلمی (میلۆدی) و ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە بوو." گوتیشی، هەر هونەرمەندێک نوێنەری نەتەوەکەیەتی و دەبێت لە رێگەی هونەرەکەیەوە پێناسەی نەتەوەکەی بکات.
دیمەن زەندی لە فیلمی فارسیی (میلۆدی) رۆڵی سەرەکیی بینیوە، بڕوای وایە رۆیشتنی بەسەر فەرشی سووری 54هەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گۆوا لە هیندستاندا، باشترین کاتی ژیانی بووە، تاوەکو جلی کوردیی نەتەوەکەی پێشانی بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە بدات، کە وەکو تاکە خانمی کورد بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەی کردبوو.
ئەو خانمە ئەکتەرە کوردە دەڵێت، "بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە سەرسام بوون بە جلە کوردییەکانمەوە و بەردەوام پرسیاریان لەبارەیەوە دەکرد، ستافی فێستیڤاڵەکەش لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنەکانمیان بڵاوکردەوە و نووسیبوویان، دیمەن بە جلی نەتەوەکەیەوە بەشداریی کرد."
فیلمی میلۆدی لە دەرهێنانی بێهروز سەبت رەسووڵە، بەرهەمی ئێران و تاجیکستانە و بە نوێنەرایەتیی تاجیکستان و ئێران لە 54هەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گۆوا لە هیندستان بەشداریی کرد. فیلمەکە پێشتر بەربژێر بووە بۆ خەڵاتی ئۆسکار، بەڵام دیمەن زەندی راگەیاند، فیلمەکە ساڵی داهاتوو بەشداری کێبڕکێکانی وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار دەکات.
لەبارەی دۆخی سینەمای کوردی ئەو خانمە ئەکتەرە کوردە دەڵێت، لە باشووری کوردستان بەرهەم و ئەکتەری باشی سینەما هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا سینەمای کوردی نەیتوانیوە ئەستێرە دروستبکات.
فیلمی 'میلۆدی' لەبارەی کچێکی ئاهەنگسازە، کە دەیەوێت پارچە مۆسیقایەک بە دەنگی باڵندەکان بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە دروست بکات. دیمەن زەندی لەبارەی بەشداریی لە فیلمەکە دەڵێت، دەرهێنەری فیلمەکە رژدبوو لەسەر ئەوەی کچێکی کورد رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەیدا ببینێت، چونکە بڕوای وایە ژنی کورد بەهێزە، هەروەها ستافی فیلمەکە لەنێو هەموو ئەکتەرە فارسی و تاجیکستانییەکان ئەویان هەڵبژاردووە تاوەکو نوێنەرایەتیی فیلمەکەیان بکات لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی هیندستان.
دیمەن زەندی رایگەیاند، بەشداری لە فیلمی 'رەشەبا' یەکەم ئەزموونی فیلمی درێژی بووە لە هەرێمی کوردستان، کە رۆڵی کچێکی کوردیی ئێزدی ژێردەستی داعشی بینیوە، کە بەهۆی بەشداری و رۆڵبینینی لە فیلمەکە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا وەرگرتووە.