فیلمی 'جیران' لە فێستیڤاڵی فیلمی مێتا خەڵاتکرا
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی 'جیران'ـی مانۆ خەلیل دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستان، لە فێستیڤاڵی فیلمی مێتا لە دوبەی لە ئیمارات، خەڵاتی باشترین فیلمی لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە پێبەخشرا.
مانۆ خەلیل، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی فیلمی 'جیران' لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا، ئەمجارە لە فێستیڤاڵی فیلمی مێتا لە دوبەی بەشداربوو و توانی خەڵاتی باشترین فیلم بەدەستبێنێت کە لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەوە پێبەخشرا.
فێستیڤاڵی فیلمی مێتا لە 27 ئەم مانگە لە دوبەی دەستیپێکرد و دوێنی شەممە 29 تشرینی یەکەمی 2022 بە دابەشکردنی خەڵاتەکان، کۆتایی بە چالاکییەکانی هات.
پێشتر ئەم بەرهەمە سینەماییە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئیماجن ئیندیا، خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین مۆنتاژ، باشترین میوزیک بەدەستهێنا و خەڵاتی رێزلێنانی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵەکە بۆ باشترین رۆڵی منداڵ بە سەرهەد خەلیل، ئەکتەری فیلمەکە بەخشرا.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئیماجن ئیندیا لە 23-9-2022 دەستیپێکرد و 9-10-2022 چالاکییەکانی کۆتاییهات.
ئەم بەرهەمە سینەماییە تاوەکو ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا بەشداربووە و 50 خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی باشترین فیلمی 2021 لە سویسرا.
لەلایەکی دیکەوە ئەم بەرهەمە سینەماییە بۆ دەستپێکی 13مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ هەڵبژێردرا کە چالاکییەکانی لە 26 تشرینی یەکەمی 2022 دەستیپێکرد.
'جیران' لە نووسینی و دەرهێنانی مانۆ خەلیلە، باس لە چیرۆكی منداڵێكی كورد لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەکات كە لە یەكێك لە گوندە سنوورییەكانی رۆژئاوای كوردستان ژیاوە و ژمارەیەک ئەکتەری کورد و عەرەب تێیدا بەشدارن.
مانۆ خەلیل، خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە لە 1996ـەوە لە سویسرا نیشتەجێیە، كاری دەرهێنانی بۆ زیاتر لە 20 فیلم كردووە، لەوانە 'پەڕەسێلكە'، 'حافیز و مارا'، 'ئەنفال'، 'دایڤید تولهیلدان'، 'زیندانەكەم، ماڵەكەم'، 'باخچەكانی بەهەشت' و 'تامی هەنگوین' و چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.