وۆلڤرین لە بەشی سێیەمی 'Deadpool' دەردەکەوێتەوە

29-12-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن دێدپۆڵ وۆلڤرین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دیزنی؛ کۆمپانیای بەرهەمهێنەری زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Deadpool'، بەشداری کارەکتەری وۆلڤرین لە بەشی سێیەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە ئاشکرا کرد.
 
دوایین دەرکەوتنی کارەکتەری وۆلڤرین، لە فیلمی سینەمایی 'Logan' بوو و پێشوازییەکی بەرچاوی لە سینەماکاندا لێکرا و کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 619 ملیۆن و 179 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
 
پێشتر دیزنی رایگەیاندبوو، بەشی سێیەمی ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە بەرهەمدێنێت و تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵیدایە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو کۆمپانیایە زیاتر ئەو فیلمانە بەرهەم دێنێت کە بۆ هەموو تەمەنێک گونجاو بێت و زۆرترین بینەری هەبێت.
 
پێشتر هیۆ جاکمەن، ئەکتەری ئۆسترالی رۆڵی وۆلڤرینی گێڕاوە و بڕیارە ئەمجارەش لە بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی 'Deadpool' درێژە بەو رۆڵە بدات.
 
سیناریۆی فیلمەکە بە جۆرێک ئامادە کراوە کە رووداوەکانی بەر لە مردنی کارەکتەری وۆلڤرینە و ئەو ئەکتەرە لەگەڵ کارەکتەری دێدپۆڵ بە یەک دەگەن. 
 
جاکمەن لەبارەی رۆڵی لەم بەرهەمەدا رایگەیاند، کارەکتەری وۆلڤرین ئەمجارە توڕەیی زیاتری پێوە دیار دەبێت و ململانێ لەگەڵ دێدپۆڵ دەبێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دێدپۆڵ و وۆلڤرین دوو کارەکتەری تەواو لە یەکدی جیاوازن و رقیان لە یەکدی دەبێتەوە. گوتیشی: "دێدپۆڵ زۆر بە خێرایی قسە دەکات، بە رادەیەک زۆر حەز دەکەم مشتێکی لێ بدەم، پێموایە لە فیلمەکەدا زیاتر لە جارێک مشتی لێدەدەم". 
 
تاوەکو ئێستا دیزنی، هیچ وادەیەکی بۆ بڵاوکردنەوەی فیلمەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئێستا لە قۆناخی بەرهەمهێناندایە و پێشبینی دەکرێت لە 2024 بڵاوبکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە