تۆمەتی گێچەڵی سێکسی دەخرێتە پاڵ ئەکتەرێکی سەرەکی 'Squid Game'

رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی زنجیرەی 'Squid Game' بینیبێت، بێگومان ئەو پیاوە پیرەی بیرماوە کە رۆڵی سەرەکی لە زنجیرەکەدا دەگێڕێت و لە کۆتاییدا ئاشکرای دەکات کە ئەو داهێنەری یاریی نێو زنجیرەکەیە و بۆ کاتبەسەربردن بەرهەمی هێناوە. ئێستا ئەو ئەکتەرەی ئەو رۆڵەی گێڕاوە تۆمەتی سێکسی خراوەتە پاڵ.
 
رۆژنامەی 'گاردیان' بڵاویکردووەتەوە، ئۆ یۆنگ سۆ، ئەکتەری کۆرۆیای باشوور و یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی 'Squid Game'، تۆمەتی گیچەڵی سێکسی خراوتە پاڵ کە لە 2017 ئەنجامی داوە.
 
دادگا لەبارەی دۆسیەی ئەو ئەکتەرە تەمەن 78 ساڵە دانیشتنی ئەنجامداوە، بەڵام دەستگیر نەکراوە.
 
ئۆ یۆنگ سۆ، لە کانوونی دووەمی 2022 خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپی وەک باشترین ئەکتەری یاریدەدەر وەرگرت و یەکەم ئەکتەری کۆریا بوو ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
 
ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە کە لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوکراوەتەوە، توانی پێش هەردوو زنجیرەی 'Stranger Things' و 'Bridgerton' لەو تۆڕە بکەوێت لەسەر ئاستی ئەو خزمەتگوازرییە لە تەواوی جیهاندا.
 
چیرۆکی ئەو دراما کۆرییە لەبارەی چیرۆکی ئەو کەسانەیە کە بەهۆکاری تایبەت لە ژیانی رۆژانەیاندا شکست دێنن، دواتر لەلایەن کەسانێکەوە پێشنیازی بەشداریکردن لە یارییەکدا بۆیان دەکرێت کە  یاریی مانەوەیە لە ژیان، براوەی یارییەکە دەبێتە خاوەنی 38 ملیۆن دۆلار و یارییەکە لە دوورگەیەک بەڕێوەدەچێت و بەشداربووان ناچار دەکرێن تاوەکو کۆتایی بمێننەوە و تەنیا یەک براوە دەبێت و ئەوانەی دیکە هەموویان بەهۆی یارییەکەوە دەکوژرێن.