بەڵگەفیلمی "دارستانی شیعر"ی شێرکۆ بێکەس لە سلێمانی نمایشکرا

29-10-2022
گۆڤەند مستەفا
کاتی نمایشکردنی بەڵگەفیلمی "دارستانی شیعر" لەبارەی ژیانی شێرکۆ بێکەس
کاتی نمایشکردنی بەڵگەفیلمی "دارستانی شیعر" لەبارەی ژیانی شێرکۆ بێکەس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە 29-10-2022، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە رۆشنبیر و ئەدیب، بەڵگە فیلمی دارستانی شیعر کە لە بەرهەمهێنانی تۆڕی میدیایی رووداوە لە سلێمانی نمایشکرا. کە تایبەتە بە ژیانی هۆزانڤانی بەنێوبانگی کورد شێرکۆ بێکەس.
 
سیروان رەحیم، کە دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکەیە لە رێوڕەسمەکەدا سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداو و هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە پشتی ئەو کارەوەن و لە بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمەدا دەستیان هەبووە و هاوکاری بوونە.
 
بە گوتەی سیروان رەحیم، پەیامی زاڵ لەو بەرهەمەدا "لێبووردەییە، بەخشندەییە، تۆلێرانسە، پەیامێک کە ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر نەک هەر ئەو ناوچەیەی ئێمە، بەڵکو هەموو دونیا پێویستی پێیەتی، مرۆڤەکان یەکدی قبووڵ بکەن و بەخشندەبن".
 
لە سەرەتای بەڵگە فیلمەکەدا شێرکۆ بێکەس لە پەیڤێکدا باسی ئەو رۆژە دەکات کە لە دایکبووە و دەڵێت: "من لە 02-05-1940 لە گەرمەی شەڕی جیهانیدا لە دایکبووم لە گەڕەکی گۆیژە-گاوران. دراوسێکانمان زۆریان مەسیحی بوون، جەمیلە خان دایکی نووری مەتی ئەو مامانی من بووە، لە دوای ئەوەی کە لە دایکبووم ئەو بە کڵۆیەک خەڵووز لەسەر ناوچاوانی من رەسمی خاچێک دەکات، ژنەکانی دەورو پشتی پێی دەڵێن ئەمە چییە؟ پێیان دەڵێت ئەمە بۆ موبارەکی زیرەکییە. بەختەوەرم کە ژنێکی دیان مامانم بووە، چونکە ئەوە نیشانەی تەبایی و هەڵکردنی هەتا ئەگەر دینیش بێت، هەڵکردنی دوو دینە لە شوێنێکدا بۆ تەبایی و ئاشتی و خۆشەویستی".
 
هەڵۆ، کوڕی شێرکۆ بێکەس باسێکی کورتی بەڵگەفیلمەکەی کرد کە کۆکراوەی 70 کاژێر کاری دەرهێنەرە و گوتیشی: "نزیکەی 50 بۆ 60 کاژێری دیکەش لە ئەرشیفی ماڵی خۆماندا هەیە کە تائێستا کەس نەیدیوە، ئەوەش دەبێتە بەرهەمێکی دیکە لە داهاتوودا".
 
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس سوپاسی سیروان رەحیمی کرد بۆ ئەرک و ماندووبوون و پڕۆژە جیاوازەکانی لەسەر شێرکۆ "لە رووحێکی پاک و سپییەوەیە بۆ دونیا و ئەدەبی شێرکۆ و بۆ شێرکۆ و هەموومان". هەروەها سوپاسی ئاکۆ محەممەد، بەرێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداویشی کرد کە پاڵپشتیی ئەو بەڵگەفیلمەی کردووە.
 
دواتر ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو گوتەیەکی پێشکێشی ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە کرد و لە باسی شێرکۆدا گوتی: ئەو خاچەی کە لەسەر نێوچاوانی درابوو، لێبووردەییەکی پێ بەخشیبوو بۆ تاهەتایە. ئەوەی ئەمڕۆش لەو بەڵگە فیلمەدا دەیبینین خۆشەویستییەکەی زۆر زیاتر دەکات.
 
لە باسی بەڵگەفیلمەکە و کارەکتەرەکانی نێو بەڵگەفیلمەکەدا، ئاکۆ محەممەد گوتی: "لەو بەرهەمەدا تەنیا کاک شێرکۆ نابینین، ژنێکی زۆر گەورە دەبینین. ئەوانەی کاک شێرکۆیان ناسیبێت دەزانن بەشێکی گەورەیی و سەرکەوتوویی کاک شێرکۆ ئەو دایکەی بووە، کە لەو بەرهەمەدا کاک سیروان گفتوگۆیەکی شیرینی لەگەڵ شەفیقە خان، دایکی شێرکۆ بێکەس کردووە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەوان هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی بەڵگەفیلم بەشێکی سەرەکی بێت لە کارەکانیان و دەستخۆشییەکی بێپایانی لە هۆرێن غەریب کرد کە دیکۆمێنتاری هاوسی رووداوە کە بەڵگەفیلمی یەکجار جوانی بۆ نەوەکانی داهاتوو دروستکردوون.
 
لەبارەی گرنگیی دروستکردن و بەرهەمهێنانی ئەو بەڵگە فیلمانەش، ئاکۆ محەممەد دەڵێت: "لەوانەیە ئێستا ئێمە هەست بە گرنگیی ئەو بەرهەمانە نەکەین، بەڵام ئەو 340 بەڵگەفیلمەی کە هەن، هەموویان مێژووی ئێمە بە ڤیدیۆ دەپارێزن کە زۆر ئەستەمە هەندێکیان بتوانین لە 10 ساڵی دیکە بەرهەم بهێنینەوە. ئێمە زۆر زوو فریای زۆر کۆمەڵکوژی و زۆر بەسەرهاتی میللەتەکان نەکەوتووین، لەبەرئەوە بەرهەمەکانمان کەموکورتی زۆریان تێدایە. دەمانەوێت ئەوانەی ئێستا لە ژیاندا ماون فریای هەندێکیان بکەوین."
 
ئاکۆ محەممەد گوتیشی، ئەوان بەڵگە فیلمیان هەیە 40 خەڵاتی وەرگرتووە لە جیهاندا، بەڵام ئەو خەڵاتەی لە نەوەی تازەوە بۆمان دێت لە هەمووی گەورەترە، کە ئەویش پاراستنی ئەو مێژووەیە کە لەوانەیە لە داهاتوودا خوێندنەوە وەکو ئێستا دۆخەکەی خراپتریش بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی زمناکۆ مۆرادی، قارەمانی هەرلینگ و چالاکڤان کە لای ئێرلاندییەکان بە 'زاک' ناسراوە و پۆستەرێکی بەڵگەفیلمەکەی

لە ئێرلاند بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی کوردێکی دیاسپۆرانشین نمایش دەکرێت

(ماڵ: چیرۆکی ژیانی زاک مۆرادی) ناوی ئەو بەڵگەفیلمەیە کە ئێستا لە ئێرلاند نمایش دەکرێت. بەڵگەفیلمەکە چیرۆکی ژیانی کۆچبەرێکی کورد دەگێڕێتەوە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگاتە باشووری کوردستان و عێراق و بەدوایدا دەگاتە ئێرلاند