ئەنجلینا جۆلی: ژنانی ئێران پێویستیان بە ئازادییە و بەبێ ئەوەی لەژێر هەڕەشەدا بن


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجلینا جۆلی، ژنە ئەکتەری ناوداری ئەمریکی و نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی بوێری و رۆڵی ژنانی ئێران دەکات دەڵێت، "دەتانبینین کە چۆن چەند دەیەیە بە پێوە وەستاون و بەرگریی دەکەن و هاوشێوەی ژینا ئەمینی بوێر و چاونەترسن".
 
ئەنجلینا جۆلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر باسی گرتن و ئەشکەنجەدانی ژنان لە ئێران لەسەر لەچک و باڵاپۆشی دەکات، دەڵێت: "ئێمەی ژنان پێویستمان بەوە نییە رەوشتی ژنانی ئێران لەلایەن پۆلیسەوە چاودێری بکرێن یاخود کۆنتڕۆڵبکرێن". جۆلی دەشڵێت، لە بری ئەوە ژنانی ئێران پێویستیان بەوەیە بە ئازادی بژین و هەناسە بدەن بێ ئەوەی لەژێر هیچ تووندوتیژی و هەڕەشەیەکدا بن.
 
ئەم قسانەی جۆلی لەکاتێکدایە، لە 16ی ئەیلوولەوە خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە دژی شێوازی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە بەڕێوەدەچن.
 
ژنان پشتگیری لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و ژنانی وڵاتەکە دەکەن، وەکو دەربڕینی ناڕەزایی، قژی خۆیان دەبڕن و لەچکی سەریان دەسوتێنن.
 
ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە 13ی ئەیلوولی ئەمساڵ بەپاساوی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستگیرکرا و بەگوێرەی شایەتحاڵان ئەشکەنجەدراوە، دوای سێ رۆژ و لە 16ی هەمان مانگ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
دەقی تویتەکەی ئەنجلینا جۆلی:
 
رێز بۆ ژنانی بوێر و بەرگریکار و چاونەترسی ئێران. رێز بۆ هەموو ئەوانەی چەند دەیەیە ماون و بەرهەڵستیان کردووە، ئەوانەی دێنە سەرشەقام، رێز بۆ مەهسا ئەمینی و هەموو گەنجێکی ئێرانیی هاوشێوەی ئەو.
 
ئێمە پێویستمان بەوە نییە رەوشتی ئەو ژنانە لەلایەن پۆلیسەوە چاودێری بکرێت، مێشکیان پەروەردە بکرێت، یاخود جەستەیان کۆنتڕۆڵبکرێت. ئەوان پێویستیان بە ئازادی هەیە تاوەکو بژین، هەناسە بدەن بێ ئەوەی لەژێر تووندوتیژی و هەڕەشەدا بن.
بۆ ژنانی ئێران، دەتانبینین.