کازم ساهیر ئەلبوومێکی نوێی بۆ 2023 ئامادەیە

رووداو دیجیتاڵ

کازم ساهیر، هونەرمەندی عێراقی، ئەلبوومێکی نوێی گۆرانیی ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە و بە دوای ناوێک بۆ ئەم بەرهەمە دەگەڕێت.
 
ساهیر رایگەیاند، کارەکانی ئەلبوومە نوێیەکەی کۆتایی هاتووە و لە 2023 بڵاودەکرێتەوە و بۆ ئەم بەرهەمە بە دوای ناوێکدا دەگەڕێت.
 
ئەو هونەرمەندە لە هەڤپەیڤینێکی میدیاییدا لەبارەی ساڵی نوێ گوتی: "ئەو ئاواتانەی بەردەوام خەونی پێوە دەبینین خۆشەویستی و ئاشتییە، هەروەها نیشتمانیش بە باشی بمێنێتەوە".
 
بڕیارە ساهیر بۆ پێشوازیکردن لە سەری ساڵی نوێ، لە 30 کانوونی یەکەمی 2022 کۆنسێرتێک لە لوبنان بۆ هۆگرانی سازبکات.
 
لەلایکی دیکەوە، کازم ساهیر کۆنسێرتێکی بۆ هەوادارانی لە 23ـی کانوونی یەکەمی 2023  لە دوبەی سازکرد و گوڵبژێرێک لە گۆرانییەکانی پێشکێشکرد.
 
ساهیر ئەمساڵ، چەندین کۆنسێرتی لە ئەمریکا، کەنەدا و وڵاتانی عەرەبی سازکردووە، بەتایبەتیش لە سعودیە و ئیمارات.
 
ساهیر، لەماوەی رابردوودا بەهۆی کۆچی دوایی عروبە ساهیر، هاوژینی یەکەمی و دایکی دوو کوڕەکەی، گەشتە هونەرییەکەی لە ئەمریکا و کەنەدا هەڵوەشاندەوە کە هەشت ئاهەنگی لەخۆگرتبوو و تەنیا دوو ئاهەنگی سازکرد.
 
لە یەکێک لە ئاهەنگەکانی ئەو هونەرمەندە لە ئەمریکا کە لە هیۆستن بەڕێوەچوو، هەردوو نەوەکەی سەنا و ئایە لەسەر شانۆ دەرکەوتن و لەگەڵ ئەودا گۆرانییان پێشکێشکرد.
 
کازم ساهیر خەڵکی سامەڕایە، لە 12ـی ئەیلوولی 1957 لە موسڵ لە دایکبووە، جگە لە رگەزنامەی عێراقی، رگەزنامەی کەنەدی و قەتەری هەیە، نازار قەبانی، شاعیری سووری، نازناوی 'باڵیۆزی گۆرانی عێراقی' و 'قەیسەری گۆرانی عەرەبی'ـی پێ بەخشیوە.
 
یەکەم گۆرانیی لە تەمەنی 12 ساڵیدا بەناوی 'این انتي' بڵاوکردەوە، دەرچووی پەیمانگەی مامۆستایانی بەغدایە و لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، لە گوندی گربیشی سەر بە قەزای ئاکرێ مامۆستا بووە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'شجرة الزیتون' لە 1984 بڵاوکردووەتەوە. 
 
لە 1990 عێراقی جێهێشت و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئوردن ژیاوە، دواتر رووی لە لوبنان کردووە و سێ ساڵ لەوێ ماوەتەوە، دواتریش لە قاهیرە، بۆ ماوەیەکیش لە فەرەنسا، ئیمارات و مەغریب ژیاوە.
 
'اني خیرتك فختاري' یەکەم هۆنراوەی نزار قەبانی بوو بیکاتە گۆرانی و بەهۆیەوە بەناوبانگ بووە، بەڵام ناوبانگی راستەقینەی لە رێگەی هەردوو گۆرانی 'زیدیني عشقا' و 'مدرسة الحب' بوو و بەهۆیەوە بووە ناودارترین گۆرانیبێژی عەرەب، پاشانیش لە رێگەی گۆرانی 'انا ولیلی'.