رووداو دیجیتاڵ
'Pirates Of The Caribbean' یەکێک لە بەهێزترین بەرهەمە سینەماییەکانی سینەمای هۆلیوود و جیهانە و بەهۆی بەشداری جۆنی دێپ لەم بەرهەمەدا ناوبانگییەکی جیهانی بەم بەرهەمە بەخشی و خۆیشی بەهۆیەوە بەناوبانگتر بوو، بڕیارە لە بەشی نوێیدا، جارێکی دیکە رۆڵی سەرەکی تێیدا بگێڕێتەوە.
ئەو ئەکتەرە سینەماییە لە چەند بەشێکی ئەم بەرهەمەدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، بەڵام بەهۆی کێشەی لەگەڵ ئێمبەر هێرد، هاوژینی پێشووی و تۆمەتبارکردنی بە تووندووتیژی خێزانی، لە زنجیرە فیلمەکە دوورخرایەوە.
لەدوای سەرکەوتنی دێپ، بەسەر هاوژینی پێشووی لە دادگە، ناوبانگی جارانی دووبارە بۆ گەڕایەوە و بەرهەمهێنەرانی زنجیرە فیلمی 'Pirates Of The Caribbean' داویان لێیکردووە، لە رۆڵگێڕان لە فیلمەکەدا بەردەوام بێت.
میدیاکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لەدوای شەش ساڵ دابڕان لە گێڕانی رۆڵی جاک سپارۆ لەم بەرهەمدا، دێپ دووبارە دەگەڕێتەوە نێو خێزانی ئەم بەرهەمە و لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو کاری وێنەگرتنی لە بەریتانیا دەستپێدەکات.
پێشبینی دەکرێت ناوی بەشی نوێی زنجیرەکە 'A Day At The Sea' بێت و لەلایەن کۆمپانیای دیزنییەوە بەرهەمدێت.
پێشتر ئەو ئەستێرە سینەماییە هۆلیوود، بەهۆی وتارێکی ئێمبەر هێرد، ئەکتەری ئەمریکی و هاوژینی پێشووی، لە بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی 'Fantastic Beasts' دوورخرایەوە.
لە دوای جیابوونەوەی جۆنی دێپ و ئێمبەر هێرد، رێکەوتنێک کرا بۆ ئەوەی دێپ بڕی حەوت ملیۆن دۆلاری ئەمریکی ببەخشێتە هێرد و بەبێ کێشە جیاببنەوە، بە مەرجێک هێرد ئەو بڕە پارەیە بۆ کاری خێرخوازی ببەخشێت.
لە 2018 ئەو ئەکتەرە لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنی 'RTL Late Night' رایگەیاند، حەوت ملیۆن دۆلارەکەی بەخشیوەتە رێکخراوی 'ACLU' و نەخۆشخانەی منداڵان لە لۆس ئەنجلس.
لە 2020 هێرد، لە بەرامبەر دادوەر لە دادگەیەکی بەریتانیا سوێندی خوارد کە ئەو بڕە پارەیەی بەخشیوە.
لە دانیشتی دادگە لەبارەی کێشەی نێوان ئەو دوو هونەرمەندە لە 16ـی ئایاری 2022 بەڕێوەچوو، ئێمبەر هێرد رایگەیاند، نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیە ببەخشێت، چونکە دێپ داوایەکی لە دژی ئەو ئاڕاستەی دادگە کردبوو و داوای 50 ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبوو کردبوو.
جۆنی دێپ، پێشتر داوای 50 ملیۆن دۆلار قەرەبووی کردبوو، لە دوای ئەوەی هێرد وتارێکی بڵاوکردبووەوە و خۆی بە قوربانی تووندوتیژی خێزانی ناساندبوو، بەڵام ئاماژەی بەناوی دێپ نەکردبوو، دێپیش لەو داواکارییەدا لە دادگە سەرکەوتوو نەبوو.
لە نێوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ، لە دادگەی فێرجینیای ئەمریکا، دێپ و هێرد ئامادە بوون، لە دوای ئەوەی هێرد داوای 100 ملیۆن دۆلار قەرەبووی لە دێپ کرد، دێپیش لەلای خۆیەوە داوای 50 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەهۆی ناوزڕاندنییەوە کرد.
هێرد، پێشتر تۆمەتی دەستدرێژی و توندوتیژی خستەبووە پاڵ دێپ، بەڵام دێپ بە بەردەوامی ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەو لە ژیانیدا توندوتیژی بەرامبەر بە هیچ ئافرەتێک نەکردووە، لە بەرامبەردا، ئەو هەمان تۆمەتی خستە پاڵ هێرد.
کریس رۆک، ئەکتەری کۆمێدی لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگە، لە لێدوانێکیدا هێرشی کرد سەر ئێمبەر هێرد و رایگەیاند، بڕوا بە هەموو ژنێک بکەن، تەنیا ئێمبەر هێرد نەبێت.
رۆک، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هێرد پێشتر دانی بەوە ناوە لە شوێنی خەوتنی لەگەڵ دێپ، پیسایی بە خۆیدا کردووە.
لە 28ـی نیسانی 2022 ستارلینگ جێنگینز، شوفێری پێشووی دێپ لە دادگە ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، لەدوای شەڕێک لە نێوان ئێمبەر هێرد و جۆنی دێپ، هێرد بەوی راگەیاند، سوپرایزێکی بۆ دێپ لە شوێنی خەوتنی جێهێشتووە، دواتر دەرکەوت ئەو سوپرایزە پیسایی خۆی بووە.
کامیل ڤاسکێز، پارێزەری جۆنی دێپ، پێگەی ئەو ئەکتەرەی لە دادگە لە دژی ئێمبەر هێرد بەهێزتر کرد و چەند جارێک هێردی خستە دۆخێکی سەخت و دێپی لەو دۆسیە سەرخت.
ئەو پارێزەرە لە دانیشتی دادگە بە ئاڕاستەکردنی چەند پرسیارێک لە ئێمبەر هێرد، ئەکتەری سینەمایی و هاوژینی پێشووی دێپ، توانی بیخاتە دۆخێکی لاوازەوە، لەبەرامبەردا پێگەی دێپ بەهێزتر بکات.
ئەو پارێزەرە کاتێک لە هێردی پرسی، هەستی بەوە کردووە دێپ لە دانیشتنی دادگە سەیری چاوەکانی کردبێت، لە بەرامبەردا هیرد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هەستی پێنەکردووە.
ڤاسکێز، لە وەڵامدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هۆکارەکەی ئەوەیە، دێپ بەڵێنی بە هێرد دابوو چاوەکانی نەبینێتەوە، هەروەها تۆمارێکی لە دانیشتنی دادگە خستەڕوو، تێیدا هێرد بۆ ماڵئاواییکردن لە دێپ دەپاڕێتەوە باوەشی پێدا بکات، بەڵام ئەو رازی نابێت و پێی دەڵێت، لە ئەمڕۆوە جارێکی دیکە چاوەکانی نابینێتەوە، پارێزەرەکەی دەڵێت، بەمە دێپ تاوەکو ئێستا خاوەن بەڵێنی خۆی بووە.
ئەو پارێزەرە بە لێهاتوویی خۆی، بە وردی لە زانیارییەکان دەکۆڵێتەوە و ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێرد ئەو حەوت ملیۆن دۆلارەی بڕیاربوو بیبەخشێت، تاوەکو ئێستا بەشێکی کەمی بەخشیوە، لە کاتێکدا پێشتر لە دانیشتنێکی دادگە لە بەریتانیا و لە میدیاکاندا ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، ئەو تەواوی پارەکەی بەخشیوە، ئەمەش شکستێکی دیکەی هێرد بوو و لە دادگە رووبەڕووی کرایەوە.
ئێمبەر هێرد، پێشتر رایگەیاندبوو، دێپ هێرشی کردووەتە سەری و رووخساری شێواندووە، بەڵام پارێزەرە چەند وێنەیەکی هێردی خستەڕوو کە لە دوای ئەو لێدوانەی بڵاوبوونەوەتەوە و هیچ ئاسەوارێکی لێدان و برین بە رووخساریەوە دیار نەبوو.
هەموو ئەمانە وایکردووە هێرد بکەوێتە پێگەیەکی لاواز و پێگەی دێپیش لە دادگە بەهێزتر بێت.
دوای دەرچوونی بڕیاری دادگە، دێپ رایگەیاند "دادوەرەکان ژیانیان بۆ گەڕاندمەوە." بەڵام ئێمبەر هێرد بڕیارەکەی بە "بێهیواکەر و نسکۆ" بۆ ژنان ناوبرد.
هێرد لەبارەی بڕیاری دادگە رایگەیاند "ئەو بێهیوابوونەی هەستی پێدەکەم نایێتە زمان، دڵم شکاوە چونکە ئەو بەڵگانەی بە قەد شاخێک بوون بەس نەبوون بۆ وەستانەوە دژی هێز، هەژموون و کاریگەریی بێبەرامبەری هاوژینی پێشووم."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو "تەنانەت زیاتر بێهیوام لە بەرامبەر ئەو واتایەی ئەم بڕیارە بۆ ژنانی دیکە هەیەتی. ئەمە نسکۆیە. پاشەکشە بەو بیرۆکە دەکات کە تووندوتیژیی دژی ژنان بە جیددی وەردەگیرێت."
بە گوێرەی راپرسیێک لەلایەن واشنتن پۆست و ئەی بی سی نیوز، دۆسییەی جۆنی دێپ و ئێمبەر هێرد زیاتر لە شەڕی ئۆکراینا هەست و سۆزی ئەمریکییەکانی جوڵاند.
ئەو دوو ئەکتەرە سینەماییە لە 2009 لە فیلمی سینەمایی 'The Rum Diary' یەکدیان ناسی و لەم بەرهەمەدا پێکەوە رۆڵیان گێڕا، لە 2015 ژیانی هاوژینیان پێکهێنا و لە 2017 جیابوونەوە.
جۆنی دێپ، لە 9ـی تەممووزی 1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ