بەڵگەفیلمێک لەبارەی گرووپی بیتڵز بڵاوکرایەوە

28-11-2021
پەسار فایەق
نیشانەکردن بیتڵز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمێک لەبارەی گرووپی میوزیکی بیتڵز بڵاوکرایەوە و لەرێگەیەوە زانیارییە هەڵەکان لەبارەی دوایین قۆناخی کارکردنی ئەندامانی ئەو گرووپە، راست دەکرێنەوە.

ئەم بەرهەمە بەناوی "The Beatles: Get Back"یە و پیتەر جاکسن دەرهێنەری زنجیرە فیلمی سینەمایی "The Lord of the Rings" کاری دەرهێنانی بۆ دەکات.

ئەم بەرهەمە لە 25 ئەم مانگە لە پێگەی دیزنی پڵەس بڵاوکراوەتەوە، تێیدا تیشک دەخاتە سەر کاری هاوبەشی ئەندامانی ئەو گرووپە بۆ تۆمارکردنی نوێترین ئەلبوومیان و سازکردنی کۆنسێرتێک لە 1969.

دەرهێنەری فیلمەکە هەوڵی ئەوەی داوە لەرێگەی ئەم بەڵگەفیلمەوە چەند زانیارییەکی هەڵە لەبارەی ئەو گرووپەوە راستبکاتەوە، هەروەها چەند زانیارییەکی نوێ بۆ جاری یەکەم لەبارەی گرووپەکە ئاشکرا دەکرێن.

بیتڵز گرووپێکی رۆکی بەریتانییە، لە 1960 لە لیڤەرپووڵ دامەزراوە، بە ناسراوترین و سەرکەوتووترین گرووپی میوزیکی لە مێژوودا دەناسرێت، ئەندامانی بریتیبوون جۆن لینۆن، پۆڵ مککارتنی، جۆرج ھاریسن و رینگۆ ستار. 

ئەو گرووپە خاوەنی 13 ئەلبوومی گۆرانییە، یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'Please Please Me' لە 1963 بڵاوکراوەتەوە و دوایین ئەلبوومیان بەناوی 'Let It Be' لە 1970 بڵاوکراوەتەوە.

ناوی گرووپەکە لە کتێبی 'گینس'ـدا تۆمارکراوە، لە دوای ئەوەی 600 ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومەکانیان فرۆشران، هەرچەند گرووپەکە هەڵوەشابووەوە، بەڵام دواتر مایکل جاکسن، توانی ئەو ریکۆردە بشکێنێت، تاوەکو لە ژیاندا مابوو زیاتر لە 750 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشرابوون، لە دوای مردنی ئەو ژمارەیە گەیشتە یەک ملیار.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە