خەڵاتی وۆمێکس بە ئاینور دۆغان بەخشرا

28-08-2021
پەسار فایەق
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

پێشانگەی میوزیکیی جیهانی وۆمێکس 'WOMEX'، رایگەیاند، خەڵاتی هونەرمەندی ساڵ (2021) بە ئاینور دۆغان خانمە هونەرمەندی کوردی دەبەخشێت.

رێکخەرانی پڕۆژەی وۆمێکس رایانگەیاندووە "ماوەیەکی زۆرە، بەهۆی دڵسۆزی ئاینور دۆغان بۆ پاراستن و نوێکردنەوەی کولتووری کوردی و عەلەوییەکان، لەرێگەی هونەرەوە رووبەڕووی فشاری سیاسی وەستاوەتەوە، بەمەش بە گۆرانیگوتن لە دژی ئەوانە دەوەستێتەوە کە هەوڵدەدەن ئەوان بێدەنگ بکەن و دەبێت بە نموونە"، ئەمانەش هۆکاری گرنگبوون کە خەڵاتبکرێت.

وۆمێکس (World Music Expo ) پێشانگەی میوزیکیی جیهانی، پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتییە بۆ پشتیوانی و گەشەپێدانی موزیکی گەلان، سەنتەری لە بەرلینی ئەڵمانیاییە، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئابدا خەڵاتی وۆمێکس دەبەخشێتە ناشترین میوزسیان و گۆرانیبێژ.

ئاینور دۆغان تویتێکی لە هەژماری تایبەتی لە تویتەر لەبارەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە کردووە، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە "وۆمێکس گەورەترین پێشانگەی نێودەوڵەتیی میوزیکە، منی بە شایەنی خەڵاتی هونەرمەندی 2021 بینیوە، زۆر شانازی بەوە دەکەم، ویستم ئەو بەختەوەرییەی خۆم بە ئێوە رابگەیێنم".

ئاینور دۆغان لە 1975 لە دێرسیمی باکووری کوردستان لە دایکبووە، لە 1992 لە ئیستەنبوڵ میوزیکی خوێندووە، لە 2002 دووەم ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە و ناوبانگییەکی زۆری لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان بەدەستهێناوە، بەتایبەتیش لەرێگەی گۆرانی 'کچا کوردان' کە ئەو گۆرانییە بۆ ماوەیەک لەلایەن دادگای تورکیاوە قەدەخەکرا.

دوایین ئەلبوومی گۆرانی ئەو هونەرمەندە کوردە بەناوی 'هێدور' بوو کە لە 7 شوباتی 2020 بڵاوکرایەوە و لە هەشت تراکی گۆرانی پێکهاتبوو.

جگە لەم خەڵاتە ئاینور دۆگان براوەی چەند خەڵاتێکی دیکەیە، لە 2017 لەلایەن کۆلێژی بێرکلی خەڵاتکرا کە بە یەکێک لە گەورەترین کۆلێژەکانی میوزیکی هاوچەرخ لە جیهاندا دەناسرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە