بەڵگەفیلمێکی نێتفلێکس لەبارەی شاژنە کلیۆپاترا میسر تووڕە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمێکی نێتفلیکس لەبارەی کلیۆپاترا و پێشاندانی وەکو کەسێکی رەنگ ئەسمەر و قژ لوول، میسر تووڕە دەکات و بە شێوەیەکی فەرمی وەڵامی کۆمپانیا ئەمریکییەکە دەداتەوە و دەڵێت، شاژنە "کلیۆپاترا رەنگێکی سپی و تایبەتمەندییەکی یۆنانیی هەبووە."
 
دوو هەفتە لەمەوبەر، نێتفلێکس ترەیلەری زنجیرە دۆکیۆمێنتارییەکی لەژێر ناونیشانی "شاژنە کلیۆپاترا" بڵاوکردەوە و لەبارەیەوە نووسی، "زنجیرە دۆکیۆمێنتارییەکی نوێ باس لە شاژنە دیار و ناودارەکانی ئەفریقا دەکات و ئەم وەرزەش باس لە کلیۆپاترا دەکات کە بەنێوبانگترین و دەسەڵاتدارترین ژنی جیهانە و جیهان بە هەڵە لێی تێگەیشتووە."
 
رۆژی پێنجشەممە 27ی نیسانی 2023 وەزارەتی گەشتوگوزار و کەلەپووری میسر وەڵامی بەڵگە فیلمەکەی نێتفلێکسی دایەوە و بە "شێواندنی مێژوو" و "هەڵەیەکی ئاشکرا" ناوی برد. هاوکات چەند بەڵگەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا پێشانی دەدات شاژنە کلیۆپاترا تایبەتمەندیی یۆنانیی هەبووە و روویەکی گەش، لووتێکی راکشاو و دوو لێوی ئاڵی هەبووە.
 
وەزارەتی گەشتوگوزار و کەلەپووری میسر دەڵێت، ژمارەیەک بەڵگەی مێژوویی تایبەت بە شاژنە کلیۆپاترا هەن، وەکو پەیکەر، وێنەی سەر دراوی کانزایی، کە "شێوە و تایبەتمەندی راستەقینەی شاژن دەسەلمێنن و پێشانی دەدەن کە کلیۆپاترا تایبەتمەندیی یۆنانیی هەبووە."
 
هاوکات، جەخت لەوە دەکاتەوە، پشکنینی DNA لەسەر مۆمیاکان و ئێسکی مرۆڤی میسریی کۆن "دەیسەلمێنن کە میسرییە کۆنەکان هەڵگری تایبەتمەندیی ئەفریقییەکان نەبوون."
 
دۆکیۆمێنتارییەکە، لە دەرهێنانی جادا پینکێت سمیسە و ئادێل جەیمس تێیدا رۆڵی کلیۆپاترا دەبینێت و بڕیارە رۆژی 10ی ئایار لە سینەماکانی جیهان پێشانبدرێت.
 
بەڵگەفیلمەکە، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و داوای کشاندنەوەی لە سینەماکان دەکرێت و نێتفلێکس بە "شێواندنی مێژوو" تۆمەتبار دەکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش، لە کەمپینێکی ئۆنلایندا سەروو 40 هەزار واژۆ کۆکراونەتەوە.
 
نێتفلێکس لەبارەیەوە دەڵێت، "وەکو دوایین خانمە فیرعەونی میسر، کلیۆپاترا شەڕ لەپێناو پاراستنی تەختەکەی، خێزانەکەی و رێبازەکەی دەکات."
 
لای خۆیەوە، بڕیاربەدەستانی میسر پێیانوایە بەڵگەفیلمەکە "سووکایەتی" بە میسر و بەها خێزانییەکانی دەکات و داوای قەدەخەکردنی دەکەن.
 
سابۆرا سەید، ئەندام پەرلەمانی میسری داوا دەکات پلاتفۆرمەکە بە یەکجاری لە میسر قەدەخە بکرێت.
 
بەگوێرەی بەڵگەنامە مێژووییەکان، کلیۆپاترا سەر بە شانشینی لاگیدی مەسەدۆنی بووە کە دوایین نەوەی بەتلیمۆس بووە کە خێزانێکی مەسەدۆنیی یۆنانی بوون، کە لەدوای داگیرکردنی میسر لەلایەن ئەسکەندەری مەزن، فەرمانڕەوایی میسریان کردووە.
 
کلیۆپاترا، کە بە جوانی و زیرەکییەکەیەوە ناسراوە، لەدوای مردنی باوکییەوە، بتلیمۆسی دوازدەهەم، لە ساڵی 51ی پێش زایین، وەکو شاژنی میسر دیاریکراوە و بۆ ماوەی 22 ساڵ فەرمانڕەوایی میسری کۆنی کردووە.
 
تائێستا چەند فیلمێکی سینەمایی لەبارەی ژیانی کلیۆپاتراوە بەرهەمهێندراون، یەکێک لەو فیلمانە بەناوی "کلیۆپاترا" بوو کە بەرهەمی سینەمای هۆڵیوودە و لە ساڵی 1963ـدا بەرهەمهاتووە و ئیلیزابێت تایلۆر رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.
 
لە ساڵی 2009دا کەناڵی BBC بەڵگەفیلمێکی لەبارەی ژیانی کلیۆپاترا بەرهەمهێنا و بانگەشەی ئەوەی کرد کە کلیۆپاترا "خوێنی ئەفریقی" لە لەشیدایە، بەڵام بەڵگەفیلمەکە ئەوکات هیچ مشتومڕێکی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی.