شانۆگەریی 'بەناو چاییخانە' لە سلێمانی نمایش دەکرێت

28-01-2025
پێشەوا بەختیار
دیمەنێکی شانۆگەریی 'بەناو چاییخانە'. وێنە: رووداو
دیمەنێکی شانۆگەریی 'بەناو چاییخانە'. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

"بەناو چاییخانە" شانۆگەرییەکە، کە کوڕ و کچانی کورد، عەرەب، ئەڵمانی، ئیتاڵی، کریستیان و موسڵمانی کۆکردووەتەوە و تێیدا رۆڵ دەگێڕن، یەک ساڵە گرووپی سابوونکەران ئامادەکاری بۆ نمایشی شانۆگەرییەکە دەکات و رۆژی هەینی یەکەم رۆژی نمایشەکەیان بوو.
 
سەفا حەمامی، دەرهێنەر دەڵێت، "سەبارەت بە جیاوازیی زمانی ئەکتەرەکان، قورس بوون بۆم، چونکە دەبوو هەموو تێکستەکان وەرگێڕمە سەر هەموو زمانەکان، بەڵام زۆر خۆشحاڵ بووین لە نەتەوە، زمان و ئایینی جیاواز پێکەوە کارمان کرد، ئەوە وایکرد بتوانیت بە شێوازێکی باشتر کار بکەین و بۆ داهاتوویش بەردەوام بین لەسەری."
 
12 ئەکتەر لە شانۆگەرییەکە رۆڵ دەگێڕن، نمایشی مەترسی و پاڵنەرەکانی کۆچ لە شانۆگەرییەکە دەکەن، چیرۆک و نەهامەتییەکانی کۆچ و دابڕان لە ئازیزان لەنێو چاییخانەکەی حەسەن لە تەختی شانۆ نمایش کرا. ئامانج لە شانۆگەرییەکە پاڵپشتیی گەنجان و پێکەوەیی ئایین و نەتەوەکانە لە کوردستان.
 
رێژوان فوئاد، ئەکتەر گوتی، "کارەکتەرەکەی من دوو دیوی هەیە، دیوێک باسی کەسێکی شەعبی دەکات و وابەستەی کۆمەڵگە بوون، دیوەکەی دیکە حەزی خۆیەتی، میوزیک و گۆرانییە."
 
ئەکتەرە بیانییەکان بەشێک بوون لەوانەی لە تەختی شانۆی هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی رۆڵیان گێڕا، ئەوەی سەرنجی راکێشاون جوانی و پێکەوەژیانە لە کوردستان، دەیانەوێت لە نمایشە شانۆییەکەیان بە جیهان بڵێن، هەموو مرۆڤێک دەبێت بە ئاسانی گەشت بکات و ناچار بە رێگەی مەرگ نەبێت.
 
سیلیڤیا، ئەکتەری ئیتاڵی دەڵێت، "بەلای منەوە زۆر جیاواز و خۆش بوو، چونکە کورد، عێراقی، سووری، ئەورووپی و نەتەوە و ئایینی دیکە پێکەوە کارمان کرد لە سلێمانی، ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە. بە بڕوای من، دەبێت هەموو کەس بتوانێت گەشت بکات و بێ کێشە سەردانی هەر جێگەیەک بکەن کە دەیانەوێت."
 
"بەناو چایخانە" شانۆگەرییەکە لە شێوازی کۆمیدیای رەشدا، باس لە چیرۆکی کۆمەڵێک کەس دەکات کە هەریەکەو بە هۆکارێک دەیانەوێت کۆچ بکەن. شانۆگەرییەکە لەلایەن گرووپی شانۆگەریی سابوونکەرانەوە نمایش دەکرێت و تاوەکو 20ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، گرووپەکە لە ساڵی 2015 لە سلێمانی لە کڵێسای مەریەم ئەزرا دامەزراوە، ئەندامەکانی لە هەموو ئایین و نەتەوەکانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە