هونەرمەند چیا: لە بەلجیکا لەدایکبووم بەڵام تەنیا لە کوردستان هەستم کرد پێم ناڵێن تۆ ئێمە نیت

28-01-2023
هێمن عەبدوڵڵا
هونەرمەند چیا عومەر و هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا
هونەرمەند چیا عومەر و هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هەنتەر فالس، ناوی هونەریی گەنجێکی دەنگخۆشی کوردە لە بەلجیکا. ناوی خۆی چیایە، ورەی هێندەی بەرزیی چیایەکە بۆ سەرکەوتن لە هونەرەکەیدا. بەردەوام لە بەرنامە هونەرییە بەنێوبانگەکانی بەلجیکا هەنتەر فالسیش بەشدارە.
 
ئەو هونەرمەندە بەلجیکی و کوردستانییە، لە خێزانێکی خەڵکی شاری سلێمانی باشووری کوردستانە، بەڵام لە سێ وڵاتی ئەوروپا ژیاوە، هەرواش هەمیشە دڵی بۆ کوردستان لێدەدات و تەنیا لە کوردستان هەستی کردووە لە ماڵی خۆیەتی "یەکەم جار کە چوومەوە بۆ کوردستان هەستم پێکرد گەیشتوومەتە شوێنێک کە وەک ماڵی خۆمە، کەس نییە سەیرم بکات و بڵێت تۆ ئەمەنیت، یان تۆ ئێمە نیت".
 
چیا بەشداری لە بەرنامەی دیاسپۆرا کرد و رایگەیاند، دایکم هاوکاری کردم بۆ ئەوەی بگەمە ئەمڕۆ. چیا لە ساڵی 2017 بەشداری لە بەرنامەی ئەمنەما لە رادیۆی ناسیۆناڵی بەلجیکی کرد و لەوێ سێیەم بوو و پۆپ میوزیکی هەڵبژارد. 
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ستایلی پۆپ میوزیک، چیا ناسراو بە هەنتەر فالیس گوتی "شێوازەکە تایبەتە، بەخێرایی دەچێتە گوێچکەی هەموو کەسێک و سەرەنجڕاکێشە، بۆیە ئەو ستایلەم هەڵبژارد". 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی هێمن عەبدوڵڵا لەگەڵ هونەرمەند چیا
 
چیا: خۆشی موسیقا دەستیپێکرد، نزیکەی لە شەش ساڵییەوە، بەڵام لەوانەیە زووتریش بێ لەوە، کە منداڵبووم پیانۆیەک هەبوو لەو ماڵەی کە تێیدا دەژیاین، ئیتر بەردەوام دەچوومە لای و دەستم لێدەدا، وابزانم چوار یان پێنج ساڵ بووم، باوکم گیتارێکی بۆ کڕیم و حەزم لێیبوو، بەڵام خۆی کەی دەستیپێکرد خۆشی مۆسیقا، لە شەش ساڵییەوە کە هاتینەوە بۆ بەلجیکا دایکم دیسکمانێکی بۆ کڕیم، کە سی دی تێدەکەی، خۆت دەتوانی گۆرانی دانێی لەسەر سیدییەکە، بۆی كڕیم و بەردەوام هێدفۆنەکەم دەخستە سەر سەرم، کاتێک دەچوومە قوتابخانەش  لەگەڵ خۆم دەبرد، یەک دنیا گۆرانی لەسەر بوو، بەڵام ئەمیش منی تێر نەکرد، چوومە سەر ئینتەرنێت و چووم یەک دنیا تێکستی گۆرانییەکانم داونڵۆد کرد و پرێنتم کردن، دەمخستە نێو کتێبێک، ئیتر ئەو کتێبەشم لەگەڵ خۆم دەبرد بۆ قوتابخانە، ئیتر لەکاتی پشوودا، برادەرەکانم دەهاتن بۆلام و دەیانگوت گوێ لە چی دەگری؟، ئیتر منیش هێدفۆنەکەم دەخستە سەر گوێچکەی ئەوان و تێکستەکەشم بۆ دەکردنەوەو دەیانخوێندەوە. لەوکاتەوە دەستیپێکرد، خۆشەویستی تێکست نووسین و ئەم جۆرە شتانە.
 
خاڵێکم هەیە ناوی خالید مەجیدە، ئەو گۆرانی دەنووسێ، شیعر و شتی وا دەنووسێ لە کوردستان، خاڵێکی دیکەشم هەیە ناوی شێروانە، ئەویش دەنگی زۆر زۆر خۆشە و حەزی لە گۆرانی گوتنە. بەردەوام  گۆرانی هەبووە و مۆسیقا هەبووە لەنێو ماڵەکەمان،
بە منداڵیش لای باوکم بووم، دایکم زوو زوو گۆرانی مەزهەری خاڵقی بۆ دەگوتم، گۆرانییەکی دیکە هەبوو بە ناوی ئای کە بیرت دەکەم، بەردەوام بۆی دەگوتم، چونکە بیری دەکردم، ئیتر بەردەوام مۆسیقا هەبووە.
 
یەکەم جار کە لە میدیای بەلجیکی دەرکەوتم لە بەرنامەی ڤۆیس بوو، حەزم کرد شتێک بکەم لە مۆسیقا، نەمدەزانی چیبکەم، زانیم ئەو شتە هەیە لە ڤۆیسەکە و داوای دەکەن، داوای گۆرانیبێژ و شتی وادەکەن، ئیتر دەبووایە ڤیدیۆیەک دروست بکەین،
منیش وتم قەیناکە ڤیدیۆیەکە لەوانەیە دوو خوولەکی پێبچێت، دوو خولەک ڤیدیۆم دروست کرد، بینیم یەک دنیا خەڵک شێری کردبوو، دەیاننارد بۆ یەکتری و دەیانتوانی دەنگ بدەن. یەک دنیا خەڵک دەنگی دابوو بۆ من، ئەو شانسەم وەرگرت دەمتوانی بچم ئۆدێشن بکەم لەوێ، چووم بۆ ئەوێ پێیان خۆشبوو. گوتیان وەرە با گۆرانی بڵێین. یەکەم جار بوو زانیم کاری تەلەڤزیۆنی و ئەم شتانە چۆنە، چونکە کە خەڵک سەیری تەلەڤزیۆن دەکات هەست پێناکات کە چەند کار دەکرێت بۆ دروستکردنی ئەو شتەی کە تۆ دەیبینێت، بەڵام من ئەوکاتە زوو فێربووم کە شتەکە چۆنە، پێم ناخۆش بوو کە من زۆر دوور نەڕۆیشتم لە پێشبڕکێیەکە، بەڵام ئەوەم پێخۆش بوو کە زۆر شتی لێ فێربووم.
 
رووداو: ئەمە جاری یەکەم بوو، جاری دووەم ساڵی 2017 دیسان لە بەرنامەیەکی دیکە بەشداربووی.
 
چیا: دیسانەوە شتێکمان کرد، حەز ناکەم زۆر دانیشم، بەڵێ دیسان لە 2017 بەشداربووم لە پرۆگرامێک (ئەمەنام رایزینگ ستار) ئەویش بۆ رادیۆی ناسیۆنالیزمی بەلجیکییە ناوی ئەمەنامە، پرۆگرامێکیان دروستکردبوو بۆ هەندێک کەس، بۆ ئەوانەی دەنگیان خۆشە و گۆرانی خۆشیان هەیە، ئەوەی تۆزێك دەستیپێکردووەو خەڵک کۆدەکاتەوە و حەزیان لێیە. منیش چووم لەوێش بەشداریم کرد و سێیەم بووم.
 
رووداو: بۆچی پۆپ میوزیکت هەڵبژارد؟
 
چیا: زۆر حەزم لە پۆپ میوزیکە، چونکە شتێکە کە گوێت لێیە وادەزانی زۆر ئاسانە، بەڵام کە دروستی دەکەی زۆر زۆر قورسە. زۆر حەزم لەم شتانەیە لە ژیان، کە سەیری دەکەی وادەزانی شتێکی ئاسانە و شتێکی ئاساییە، بەڵام کە زۆرتر سەیری دەکەی و بیری لێدەکەیەوە، هەستی پێدەکەی کە یەک دنیا شت هەیە لەنێو ئەو شتە بچووکەدا، کە تۆ وادەزانی شتێکی بچووکە، خۆی شتێکی زۆر گەورەیە، یەک دنیا کاری گەورەی تێدایە لەو گۆرانییە بچووکەدا، زۆر حەزم لەوەیە، چونکە خۆشم حەزم لێیە دروستی بکەم ئاوا بەمشێوەیە، کە شتێک دەنووسم هەستی پێدەکەم بە 20 چرکە دەچێتە نێو مێشکی تۆ و دەرناچێت بۆ ساڵێک، ئەوە بۆ من وەک ئاڵتوونە.
 
رووداو: وەک ئاڵتوونە، ئاڵتوون گرنگە، بەڵام حەزت لە رەنگی رەشە، بۆچی حەزت لە رەنگی رەشە؟
 
چیا: بڵێم چی، خۆم کەسێکم زۆر دەکەم، ئەگەر ئاشناییم لەگەڵت هەبێت زۆر قسە دەکەم ، بەڵام خۆی کەسێکم خۆشم تۆزێک وەکو بەلجیکیم و تۆزێ زۆرتر داخراوم، حەزم لە رەنگەکەیە، چونکە دەتوانی خۆت واپیشانبدەی کە حەزی لێدەکەی، بەڵام دەتوانی خۆت بکوژێنیتەوە کەی حەزبکەیت، تێدەگەی لە چاوی خەڵکدا، شتێکیشە ستایلی زۆر هەیە ئەو رەنگە. رەش زۆر چیرۆکی تێدایە، وەک من بیبینم دەتوانی زۆری لێ دەربێنیت.
 
رووداو: قەت چوویەوە بۆ کوردستان؟
 
چیا: بەڵێ، هەندێجار رۆیشتوومەتەوە بۆ کوردستان بە منداڵی، وابزانم سێ چوار جار رۆیشتوومەتەوە، کە رۆیشتوومەتەوە زۆر حەزم لێبوو.
 
رووداو: حەزت لە سلێمانی بوو؟
 
چیا: نەک تەنیا سلێمانی. زۆر حەزم لێبوو خێزانەکەم ببینم، بیرم ماوە یەکەم جار کە چوومەوە بۆ کوردستان هەستم پێکرد گەیشتوومەتە شوێنێک کە وەک ماڵی خۆمە، کەس نییە سەیرم بکات و بڵێت تۆ ئەمەنیت، یان تۆ ئێمە نیت. تێدەگەی.
 
رووداو: لەوێش لەدایک نەبووی؟
 
چیا: نەخێر لەوێ لەدایک نەبووم، لێرە ( لە بەلجیکا ) لەدایکبووم، کەواتە بۆ من شتێکی زۆر تازە بوو، وەک ئەوە وایە من ئێستا هاتووم بۆ لای ئێوە لە رووداو، کە دێمە ژوورەوە دەڵێم: ئەم کاتەتان باش، ئیتر گەرمییەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە