هەژار زەهاوی لەگەڵ ژمارەیەک ژەنیاری جیهانی میوزیک لە سعودیە دەژەنێت

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند نەسیر شەممە، لەگەڵ ژمارەیەک ژەنیاری جیهانی، لەوانە هەژار زەهاوی، هونەرمەندی کورد، کۆنسێرتێکی لە شاری عولا لە سعودیە سازکرد.

هەژار زەهاوی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆنسێرتەکە لە 24 ئەم مانگە لە چوارچێوی چالاکییەکانی پڕۆژەی 'The Peacebuilders' بەڕێوەچوو و چەند بەرهەمێکی میوزیکی پێشکێشکران. گوتیشی، جگە لەو، عەلی شاکر، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان لە کۆنسێرتەکەدا بەشداربوو.
 
ئەمە یەکەمجار نییە زەهاوی لە شاری عولای سعودیە کۆنسێرت سازدەکات، لە مانگی ئازاری ئەمساڵ، کۆنسێرتێکی دیکەی لەگەڵ نەسیر شەممە و ژمارەیەک ژەنیاری دیکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی 'The Peacebuilders' سازکرد.
 
لەدوای ئەوە کرانەوە کولتووری و هونەرییەی سعودیە، شاری عولا هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی ببێتە ناوندێکی کولتووری و مێژوویی لەو وڵاتە و چەندین چالاکی هونەری لەخۆگرتووە.
 
سعودیە لەم چەند ساڵەی دواییدا کرانەوەیەکی زۆری پێوە دیارە و گرنگی بە چالاکی هونەری و گەشتیاریی دەدات، کاری بۆ ئەوە دەکات شاری عولا بکاتە شارێکی کولتووری و بودجەیەکی گەورەی بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکردووە.
 
عولا، دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سعودیە، مێژووی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەو شارە بۆ چوار هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و بە یەکێک لە گرنگترین شارە گەشتیارییەکانی ئەو وڵاتە دەناسرێت.